هەپەگە ناسنامەى ٢ شەهیدى ناوچەى دەریاى رەشی بڵاوکردەوە

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، لە ناوچەى کوتون لە گیوموشخانە لە سنوورى دەریاى رەش لە شەڕی ٢٠ى ئابی ٢٠١٨دا ٢ گەریلا شەهید بوون.

راگەیاندراوى ناوەندى راگەیاندن و چاپەمنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى شەهیدانى ناوچەى دەریاى رەشەوە:

"ناوچەى دەریاى رەش کە گەریلاکانى ئازادیى کوردستان تیایدا جێگیر بوون، بووە بە یەکێک لەو ناوچانە کە دڵی دوژمنى تۆقاندووە. ئەزموونى شەڕی چەندین ساڵەى گەریلاکانى پەکەکە لە ناوچەى دەریاى رەش هێزی داگیرکەری شۆک کردووە و چالاکیى گەریلا لەو ناوچەیەدا ترسێکى زۆری خستووەتە دڵی دوژمنەوە. دوژمن بە ترسەوە لەم ساڵەى دوایدا لەو ناوچەیەدا و لەو شوێنانەدا کە گەریلا تیایدا جموجوڵ و چالاکى ئەنجام دەدەن، بە بەشداریى ٥ بۆ ٦ هەزار سەرباز و هێزی تایبەت بە بەردەوامى ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدات. هەندێکجاریش ئۆپراسیۆنەکانى بە بەشداریى زیاتر لە ١٠ هەزار سەرباز لەو ناوچەیەدا ئەنجام دەدات. دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە و مەهەپە هەر چەندە هەوڵ دەدەن ژمارەى کوژراوەکانیان بشارنەوە، بەڵام هەموو رۆژێک لەلایەن هێزەکانى گەریلاوەوە گورزیان لێدەدرێت و سەربازییان لێدەکوژرێت.

لەم قۆناغەى شەڕی قورسدا گەریلاش شەهیدى هەیە و رۆژی ٢٠ى ئابی ٢٠١٨ لە کورتونی گیومیوشخانەى ناوچەى دەریاى رەش لە نێوان یەکینەیەکەى گەریلامان و هێزە داگیرکەرەکاندا شەڕ روویدا. شەڕەکە چەندین کاتژمێر بەردەوامیى هەبوو و لەو شەڕەدا ٢ ئەندامى بەڕێوەبەریى هێزەکانمان لە ئەیالەتى دەریاى ڕەش بە ناوەکانى تارک ئارتڤین و شۆڕش داڵاهۆ کە تا دوایین گولـلەیان شەڕیان لە دژى دوژمن کرد شەهیدبوون.

ناسنامەى هەڤاڵە شەهیدەکانمان

نازناو: تارک ئارتڤین

ناو و پاشناو: بارش ئۆنەر

شوێنى لە دایکبوون: ئارتڤین

ناوى دایک و باوک: نورتەن – عیسمەت

کات و شوێنى شەهیدبوون: ٢٠ى ئابی ٢٠١٨ – گیوموشخانەى دەریاى رەش

نازناو: شۆڕش داڵاهۆ

ناو و پاشناو: ستار محەمەدی

شوێنى لە دایکبوون: کامیاران / سنە

ناوى دایک و باوک: فاتمە رەحمانی – محەمەد

کات و شوێنى شەهیدبوون: ٢٠ى ئابی ٢٠١٨ – گیوموشخانەى دەریاى رەش

ژیان و تێکۆشانی هەڤاڵ تارک ئارتڤین

هەڤاڵمان تارک ئارتڤین سالی ١٩٧٨ لە ناوچەى شاڤشاتێ لە پارێزگاى ئارتڤین لە دایکبووە. ساڵانى سەرەتاى تەمەنى گەنجێتیى ئاوێتەى لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکان و رەنجدەرەکان بوو و لە گەڕان و لێکۆڵینەوەى شۆڕشگێڕیدا بوو. لە کاتى خوێندنی لە قۆناغی زانکۆدا بە گەنجانى کورد ئاشنا دەبێت. هەڤاڵمان تارک کە لە هەوڵ و گەڕانى شۆڕشگێڕیدا بوو لە ناو لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکاندا و ژیانى شۆڕشگێڕیى پەکەکەى بینی و وتە بە ناوبانگەکەى هاوڕێمان کەمال پیر 'رزگاریى گەلی تورک بە زرگاریى گەلی کورد دێتەدی' بۆ خۆى کردە رێنوێنیى سەرەکی و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاریدا کە بەشداری ریزەکانى تێکۆشان ببێت. لە تێکۆشانى شۆڕشدا گۆڕەپانى گەریلایى بە چالاکترین گۆڕەپان زانیوە و لە ساڵی ١٩٩٩دا رووی لە چیاکانى کوردستان دەکات و بەشداری ناو ریزەکانى گەریلا دەبێت.

هەڤاڵمان تارک بە پەرسپەکتیڤ و رێنوێنیى تێکۆشانى هاوبەشی گەلان لەسەر بنەماى ئینتەرناسیۆنالیستى بەشداری ریزەکانى گەریلا بوو بوو، لەو کاتەوە بەشداری ریزەکانى گەریلا بوو بە فیداکارییەکى گەورەەوە بەشداریى کاروبارەکانی دەکرد. لە هەموو روویەکەوە هەوڵیدەدا خۆى پێشبخات. لە ماوەیەکى کەمدا بووە گەریلایەکى زیرەک. هەموو ئەو ئەرکانەى کە پێیدەدران بە رێکوپێکى و سەرکەوتوانە ئەنجامى دەدان. هەموو کات لە گۆڕەپانى پراتیکى گەریلادا مایەوە و هەوڵی بۆ ئەوە داوە ئەو تێکۆشانە گەشاوەتر بکات و بیگەیەنێتە ئاستێکى باڵاتر.

هەڤاڵمان تارک لە تیکۆشانى شۆڕشگێڕیى دا بە باشی لە رۆڵی ژیانێکى پێشەنگانە تێگەیشتبوو. لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەى بەرپرسیارێتییەکانى جێبەجێ بکات هەموو کات لە هەوڵێکى زۆردا بووە. لە هەموو گۆڕەپانەکانى دا بە هەڵوێستەکانى و خاکی بوونەکەى جێى خۆى لە ناو دڵی هەڤاڵەکانیدا دەکردەوە، بە خۆشەویستیى هاوڕێیانە و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە لە هەموو ئاستەکانى خەباتدا بە بێ سرەوتن بە بەردەوامی خۆى پێشدەخست.

هەڤاڵمان تارک بۆ چەندین ساڵ لە ناوچەکانی کوردستاندا و لە چیاى زاگرۆس گەریلایەتى کرد. لە ساڵی ٢٠١٤دا چوو بۆ دێرسیم و دواتر لە دێرسیمەوە چوو بۆ ناوچەى دەریاى رەش. هەڤاڵمان تارک لەو ناوچەیەدا کە خۆى تیایدا لە دایکبوو بوو بە جۆش و خرۆشێکى زۆرەوە تێدەکۆشا و بە کردەوە رەنجێکى زۆری بۆ کارى گەریلایەتى لە دەریاى رەش دەدا، کە گەریلاکانى دەریاى رەش بوونە ترس لە دڵی دوژمندا و دوژمن هەموو کات لە ترسێکى گەورەدا ژیاوە. هەڤاڵمان تارک بە چڕی فیدایى بوونى ئاپۆیى خۆى بەهێز کردبوو، تاوەکو دوا ساتى شەهیدبوونى یەک هەنگاویشی لە رێپێوانى شۆڕشگێڕیدا بۆ دواوە هەڵنەگرت و بووە یەکێک لەو هەڤاڵە ئینتەرناسیۆنالیستە قارەمانانە کە ناوی خۆی لە تێکۆشانى ئازادیى کورددا تۆمارکرد.

ژیان و تێکۆشانى هەڤاڵ شۆڕش داڵاهۆ

هەڤاڵمان شۆڕش داڵاهۆ ساڵی ١٩٨٧ لە شارى کامیاران لە رۆژهەڵاتى کوردستان لە ناو بنەماڵەیەکى وڵاتپارێز و زەحمەتکێشدا لە دایکبووە. هەڤاڵمان شۆڕش داڵاهۆ لە ناو کولتوری کوردستاندا کە بەهاکانى خۆى پاراستووە، گەورە بوو. لەو ژینگەیەدا هۆشمەندیى نەتەوەیى تیادا گەشەى کردبوو و پێگەیشت.

هەڤاڵمان شۆڕش کە لە تەمەنی زۆر منداڵیدا ئاشناى جیهانى رەنجدان و زەحمەتکێشان بوو، لە تەمەنى گەنجێتیدا حەزی بەرەو سیاسەت دەجوڵێت. گوشار و سیاسەتى نکۆڵیکردنى رژێمى ئێران لە دژى گەلی کورد قبوڵ نەکرد و بڕیاریدا بۆ ئازادیى کورد شەڕ بکات.

هەڤاڵمان شۆڕش داڵاهۆ دواى ئەوەى لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ئاشنای بناغەی یەکێتیى نەتەتەوەیى کورد لە ناو پەکەکەدا بوو بەشداریى ناو ریزەکانى گەریلا بوو. لە ناو گەریلادا هەوڵی دەدا بە رۆحی هاوبەشی هەر چوارپارچەى کوردستانەوە ببێتە گەریلایەکى وەڵامدەرەوە و کامڵ و پێگەیشتوو.

هەڤاڵمان شۆڕش داڵاهۆ نزیکەى ٣ ساڵ لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا مایەوە و خۆى پەروەردە کرد و خۆی کرد گەریلایەکى کامڵ و پێگەیشتوو، بۆیە ساڵی ٢٠١٢ چوو بۆ دێرسیم و لە دێرسیمەوە دەچێت بۆ ناوچەى دەریاى رەش.

هەڤاڵمان شۆڕش دالاهۆ بووە خاوەنى رێپێوانى ئازادیى کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە تاوەکو دەریاى رەش. لە دەریاى رەش و لە زۆربەى ئەو چالاکییانەى لە دژی دوژمنی داگیرکەر ئەنجامدراون و گورزی قورس لە دوژمن دراوە، بەشدار بووە.

هەڤاڵمان شۆڕش داڵاهۆ تاوەکو دوایین ساتەکانى شەهیدبوونى بێ پسانەوە و بە بێ یەک هەنگاو گەڕانەوە و بە بەردەوامی تێکۆشا و نەسرەوت و لە رێگەى شۆڕشی تێکۆشاندا هەموو کات یادى تێکۆشانەکەى دەکەینەوە و تێکۆشانەکەى بە بەرزی رادەگرین.

بەهۆی شەهیدبوونی هەڤاڵمان تارک و شۆڕش، کە لە دروستکردنى هێزى گەریلا لە دەریاى رەشدا رەنجێکى زۆریاندا و بۆ ئەوەى شۆڕشى گەریلایى لە دەریاى رەش بەشێوەیەکى بەهێز بەردەوام بێت، سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵە هێژاکانیان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین و بەڵێنیش دووبار دەکەینەوە، کە ئێمە تۆڵەى شەهیدەکانمان دەکەینەوە و بە دڵنیاییەوە ئێمە درێژە بە رێگاکەیان وتێکۆشانەکەیان دەدەین تاوەکو هاتنەدیى خەون و ئامانجەکانیان".

ر.م