"هەڤاڵ عەگید هێڵی سەرکەوتن و بەرخۆدانە"

فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی ئازاد 'یەژەئا ستار' حەمرین دەرسیم، دەربارەی هەنگاوی ١٥ی ئاب وتی "هەڤاڵ عەگید تەنها لایەنی سەربازیی نەبوو، بەڵکو هێڵی سەرکەوتن و بەرخۆدان و دڵسۆزیی بە ڕێبەرایەتیی بوو".

فەرماندەی یەژەئا-ستار حەمرین دەرسیم لەسەر ٣٤هەمین ساڵیادی شۆڕشی چەکداریی پەکەکە کە لە ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤ / ٢٤ی گەلاوێژ، بە پێشەنگایەتی مەعسوم کۆرکماز 'عەگید' و بە سووپابوونی هێزی گەریلا لە کوردستان دوا.

حەمرین دەرسیم لە قسەکانیدا دەربارەی هەنگاوی ١٥ی ئاب و چلەمین ساڵی خەباتی پەکەکە، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە ڕۆژی ١٥ی ئاب و جەژنی سەرلەنوێ ژیانەوەی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە تایبەتیی و گەریلاکان بە گشتیی پیرۆز کرد.

حەمرین دەرسیم ڕایگەیاند، هەنگاوی ١٥ی ئاب بۆ کوردان، هەنگاوی سەرلەنوێ ژیانەوە بوو. وتیشی "ئەو یەکەم فیشەکەی کە هەڤاڵ عەگید تەقاندی، لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە. پێش قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، دەسەڵاتدارێتییەکی فاشیست کە ئێستاش دەسەڵاتدارە، بەسەر کوردانەوە هەبوو. شکۆ و هەبوونی کوردان شکێندرابوو. لە لایەنەکانی کلتووریی و مێژووییەوە، دوژمن دەیوت 'ئێمە ئێوەمان بە تەواویی لەناوبردووە، ئێوەمان شکست پێهێناوە'. بەڵام بە کاریگەریی هەڤاڵ عەگید و هەنگاوی ١٥ی ئاب پەکەکە لە ئێستادا ٤٠ ساڵی لە تەمەنی خۆی تێپەڕاندووە. بە سووپابوونی هێزەکانی گەریلا لەژێر ناوی هێزەکانی پاراستنی گەل 'هەپەگە' و یەکینەکانی ژنانی ئازاد 'یەژەئا-ستار'، میراتی هەنگاوی ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤، کە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ عەگید هاتە ئاراوە".

"گیانی عەگیدەکان جارێکیتر کوردیان هۆشیار کردەوە"

حەمرین دەرسیم ڕاشیگەیاند، هەنگاوی ١٥ی ئاب تەنها خاوەنی ڕەهەند و واتای سەربازیی نییە، بەڵکو هێڵی سەرکەوتن و بەرخۆدان و دڵسۆزیی بە ڕێبەرایەتیی بوو. وتیشی "کوردان لەو کاتەدا لە لێواری مەرگدا بوون. هەنگاوەکەی هەڤاڵ عەگید، گەلی کوردی سەرلەنوێ ژیاندەوە. شکۆی گەل شکێنرابوو. ئێستا گەل دەتوانێت بڵێت 'من هەم، من کوردم و بۆ ئازادی خۆم تێدەکۆشم'. ئەمەش میراتی هەنگاوی ١٥ی ئابە، ڕۆحی هەڤاڵ عەگیدە، ڕۆحێکە، کە هەڤاڵ عەگید ژیاندوویەتییەوە. ئەوەش ڕاستی پەکەکەیی بوونە. ڕاستی پەکەکە، ڕاستی عەگیدە. راستەقینەیى راستییە، راستەقینەیى بەرخودێرى زیندانى ئامەدە بە پێشەنگایەتیى مەزڵوم دۆغان. ئێمەى گەریلا، ئارتەشی گەلی کوردستان درێژە بە میرات و کەلەپوور و رێبازى ئەو هەڤاڵانە دەیدەین".

حەمرین دەرسیم ئەوەشى وت "هەڤاڵ عەگید هێڵى سەربازی، هێڵی فەرماندەیى سەرکەوتو، هێڵى بەرخۆدانی و دڵسۆزیى بە رێبەرایەتى بوو. وەک دەزانرێت، کاتێک قەڵەمبازی ١٥ى ئاب دەستپێدەکات رێبەرایەتى دەڵێت 'ساڵێک دوا کەوت'. بۆ دوا کەوت؟ چونکە بە باشی لە رێبەرایەتى تێنگەیشتبوون، بەڵام هەڤاڵ عەگید بە باشى تێگەیشتبوو و ئەوەشی بە کرداری خستەڕوو. هەندێک لە پاکتاوچییەکان رێگری و لەمپەریان لە بەرامبەر قەڵەمبازییەکەدا دروستدەکرد، بەڵام هەڤاڵ عەگید لەسەر شێوازەکەى خۆى پێداگریى کرد، بە رۆحی هەڤاڵێتى و دڵسۆزیى بۆ ئامانجەکانى رێبەرایەتى رێگاى لە هەوڵى پاکتاوچییەکان گرت".

 "ژنى کورد بە بوونى رێبەر ئاپۆ سەریان بەرزکردەوە"

دەرسیم دەربارەى بە سوپابوونى ژنانەوە وتى، ژنان بە بوونی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەبوونی گەریلای ژن و گەریلا ژنە شەهیدەکان سەریان بەرزکردەوە و باسى لە قۆناغى ٨٠ ساڵە کرد و وتیشی "لەو کاتەدا کورد بە تەواوى سەرکوتکرابوو. لە هەموو لایەکەوە بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکراسەر نرخ و  بەهاکانى کورد. ژنى کورد لەو کاتەدا نەیدەتوانی بەپێچەوانەى ئەو دۆخە خۆڕاگرى بکات. رێبەر ئاپۆ وایکرد ژنى کورد سەر بەرزبکاتەوە و لەو شەڕەدا بەشدار بێت. ژنى کورد ئیتر خۆى بە رێکخستن دەکات و کارى رێکخستنى خۆى بەڕێوەدەبات و چەکیش بەکار دەهێنێت. ئەوە راستیى هەڤاڵانى ژنى شەهیدەکانە. هەموو کەس دەزانێت لەسەرەتاى دامەزراندنى پەکەکەدا هاوڕێیانى ژن بە چ شێوەیەک بەرخۆدان و خۆڕاگرییان کردووە. لەو دۆخە دژوارەدا تێکۆشان بۆ گەریلا ژنەکان ئاسان نەبوو، بەڵام ئەو رۆح و بڕوایە چۆن دروستبوو؟ ئەو رۆح و بڕوایە بەهۆى نزیکایەتى و پێشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵ عەگید و هەڤاڵانى ترى شەهیدەوە خوڵقا.

دامەزراندنى سوپاى ژنانە بە ناوى یەژەئا-ستار و هێزى یەکینەى پاراستنى ژن (یەپەژە) بە قارەمانێتیی کەسانى وەک ئاڤێستا، ئارین، و سلاڤا و بە پێشەنگایەتى و میراتى ژنانى پەکەکە دروستبوو. بە میراتى هەڤاڵ چیچەک، عەزیمە قەرەمان، بەسێ ئانوش و عەزیمە دەمیرتاش خوڵقێنرا. ئێمەی ژنى کورد بەو شێوەیە لە ناو کۆمەڵگەدا بووین بە هێز. ئەو ژنانەى کە سیستمى ٥ هەزار ساڵەى پیاوسالارییان بە قەڵەمبازی ١٥ى ئاب تێکشکاند، بە بوونی هەڤاڵە شەهیدەکان بوونە هێز. لەبەر ئەوە رۆحی ١٥ى ئاب بۆ ئێمە زۆر گرنگە".  

"هەڤاڵ عەگید لە نەبوونەوە بوونى دەخوڵقاند"

دەرسیم وتى "کاتێک مرۆڤ بابەتەکان لەبارەى بیرەوەری و تێکۆشانى هەڤاڵ عەگید دەخوێنێتەوە ئەوەى بۆ دەردەکەوێت لەو سەردەمەدا گەریلا چ زەحمەتى و دژوارییەکیان کشاندووە، بەڵام سەربارى ئەوەش رۆحی ئاپۆیى و پەکەکەیى هەرگیز بێزار و تەنگەزار نەبووە".

حەمرین دەرسیم وتیشی "لە ژیانى پەکەکەدا هاوڕێیەتى، ژیانى هەرەوەزی و خاوەنداریکردن لە یەکتر هەیە و نەکەوتوەتە ژێر کاریگەریى سیستمى کاپیتالیست، چونکە ئامانجێک و بڕوایەک هەیە. شێوازى هەڤاڵ عەگید چۆن بوو؟ دیسپلین، ٢٤ کاتژمێر بیرکردنەوە لەسەر دوژمن بۆ ناسین و شکستدانی و خۆڵقاندنى بوون لە نەبوونەوە.

ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر پێین و تێکۆشان لە دژى دوژمن بەرخۆدانى گەورە و بەرفراوان بووە، ئەوە بەهۆى میراتى عەگیدەوەیە. ئەگەر مرۆڤ بڕوامەند بێت و خاوەندارى لەو تێکۆشانە بکات، ئەوا دەستبەرداری نابێت و لێى بێزار نابێت. ٣٤ ساڵ لەوە پێش تێکۆشانى ئێمە، رێکخستنمان، تێکۆشانى کۆمەڵایەتیمان چۆن بوو؟ دواى ٣٤ ساڵ گەلی کوردستان ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان و کوردستان بووە بە یەک و هێزێکى گەورە. ئێمەش و هێزە کوردستانییەکان لە هەر شوێنێک بین بەو بڕوایەوە تێکدەکۆشین. ئێمە لە کوێ بین لەوێ خۆڕاگری دەکەین".

"ژنان لە هەموو ناوچەکان خۆڕاگرى دەکەن"

حەمرین دەرسیم سەرنجى خستە سەر رۆڵى ژنان لە بزووتنەوەى ئازادیى کوردستاندا و وتى "ژنانى کورد بە پێشەنگایەتیى پاژک، کەژەکە، یەژەئا-ستار و بە چالاکی و تێکۆشان لە شەڕدا، لە گۆڕەپانى خەباتى کۆمەڵایەتى و لە گۆڕەپانى خەباتى سیاسیدا، بە ئیرادە و ورە و بوونى خۆیانەوە دەتوانن پێشەنگایەتى بکەن".

وتیشی "بێگومان ئێمە بە ئاسانى نەگەیشتووینەتە ئەم ئاستە. لەگەڵ دامەزراندنی سوپاى ژنان، لەمپەر و دژواریى زۆر لە گۆڕێدا بوون. ئاسان نەبوو قبوڵ بکرێت، کە ژن ببێتە خاوەن هێز، هەبوون، ئیرادە و بڕوا و ورەى خۆی و بەوشێوەیە جموجوڵ و تێکۆشان بکات. ئەو ئیرادە و بڕوا و خۆبە دامەزراندن کردنە لەسەر هێڵى رێبەر ئاپۆ خوڵقا.

ژن لە هەر کوێ بێت بە ئایدۆلۆژیاى رزگاریى ژن، نوێنەرایەتیى ئەو رۆحە دەکات. ئێمە بڕوامان بەو رۆحە و بەو رێبازە هەیە، چونکە ئێمە بناغەیەکمان هەیە. هەڤاڵ عەزیمە لەگەڵ هەڤاڵ ئامەد، هەڤاڵ سارا، کە شەهیدبوون بناغە و بوارەکەیان بۆ ئێمە دروستکردووە و ئێمەش لەسەر ئەو رێگا و رێبازە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. کاتێک ئێمە باس لە هەڤاڵ ساکینە جانسز دەکەین،  هێز و ورەى لێوەردەگرین.

هەڤاڵ دەلال ئامەد لە گەنجێتییەوە بەشداریى ریزەکانی گەریلا بوو. وەک گەریلایەکى ژن پێشەنگایەتیى هەڵمەتى حوزەیرانى کرد. ئێمە دەمانەوێت ئەو رێچکەیە درێژە پێبدەین و ئەو ئەرکانە یەک بە یەک جێبەجێ بکەین. ئێمە درێژە پێدەری تێکۆشانین بە پێشەنگایەتى هەڤاڵ عەگید، هەڤاڵ سارا، دەلال، ئازێ و گولناز. ئێمە تێکۆشانەکەى ئەوان گەش دەکەین. جارێکیتر ١٥ى ئاب بە رۆحی هەڤاڵ عەگید، دەلال ئامەد و ئاگری، بە رۆحی شەهیدانى خواکورک لە رێبەر ئاپۆ و هاوڕێیانى ژن پیرۆز بێت".

ر.م