وەرن با هەموومان بە یەکەوە گۆشەگیرییەکە هەڵگرین!

پارێزەرانی ناوەندی دادی سەدەی نوێ جەختیان کردەوە، یەکەم ناونیشانی چارەسەری، خودی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالانە و وتیان:"با هیچ کەسێک خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت، گشت کۆمەڵگا لە ژێر گۆشەگیریدایە. گۆشەگیری هەڵبگیرێت، کۆمەڵگاش هەناسەیەک دەدات."

پارێزەرانی ناوەندی دادی سەدەی نوێ بە مەبەستی تیشک خستنە سەر توندکردنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان کە لە ٧ی ئابی ساڵی رابردووەوە رێگری دەکرێت چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت و هاوکات بۆ ئەوەی باس لە پلانگێری نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات بکەن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ساز کرد.

لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە، نوێنەرانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و وەقفی مافی مرۆڤ لە تورکیا و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی ئۆجالان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد.

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لە هۆتێلێکی ناوچەی بەیۆغلوی ئەستەنبول بەڕێوە چوو.

هاوکات هەر یەک لە زولەیخا گولوم ئەندام پەلەمانی هەدەپە، پرۆفیسۆر دکتور شەبنەم کورور فینجانجی سەرۆکی TIHV، ئۆزتورک تورک دۆغان هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، گولسەرەن یۆل لەری سەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، ئایشە ئاجینیکلی هاوسەرۆکی OHD، گولهان کایا و سەزین ئوچار پارێزەرانی EHP لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئامادە بوون.

سەرەتا رێزان ساریجا پارێزەری رێبەر گەلی کورد عەبدولا ئوجالان کە لە دوایین چاوپێکەوتنەکانیدا ئامادە ببوو، زانیاری لە بارەی بارودۆخی ئۆجالان بڵاو کردەوە و وتی:"بریگرتەکەمان ئۆجاڵان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستا، واتە ٢٢ ساڵە لە زینداندایە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە ژێر سیستمی تایبەتی ئیمرالیدا، گۆشەگیر کراوە. ئەم سیستی گۆشەگیرییەی ئیمرالی تایبەتیە. ئۆجالان لەگەڵ ئەم بارودۆخە، هەمیشە بۆ ئەوەی کێشەی کورد لەسەر بنچێنەی چارەسەری دیمۆکراتیک بەرەو پێش بچێت، تێکۆشانی ئاشتی داوە و بۆ ئەوەی چارەسەرییەکی دیمۆکراتیک و ئاشتیانە بەدی بێت، هەموو رێبازێکی پێشنیار کردووە. بەڵام ئەم هەوڵانەی ئۆجالان هەمیشە رووبەرووی سیاسەتەکانی چارەسەرنەکردن بوونەوە. لەم بارودۆخەی ئێستادا دەسەڵاتی تورکیا نایەوێت کێشەی کورد بە رێبازەکانی دیمۆکراتیک چارەسەر بکرێت، ئیدی دیمۆکراسی لە بیر کراوە. جەماوەری خستووەتە ناو کابوسێکی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابوریەوە. بەم جەنگە نوێیەی جیهان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیران و کابوسی نوێیان هێناوەتە ئاراوە. بەم جەنگە، دواڕۆژی گەلان دەدزن. هەڵوێستەکانی بەرامبەر ئۆجالان، بەستراوەنەتەوە بە هەڵوێستەکانی بەرامبەر تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

'ئۆجالان هێزی چارەسەری پیشاندا'

ساریجا رایگەیاند، گەلی کورد، ئۆجالان وەکو ئیرادەی سیاسی خۆی قبوڵ کردووە و وتی:" ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٣وە تا ئێستا هەمیشە هەوڵی داوە بۆ ئاشتیەکی هەمیشەیی و چارەسەرییەکی دیمۆکراتیک. ئەو پارادیگمایەی ئاشتی و ژیانی دیمۆکراتیک کە پێشکەشی کردووە، لە لایەن گەلانەوە قبول دەکریت. بە مەبەستی کۆتاییهاتن بە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان و بۆ ئەوەی مافە یاساییەکانی پارێزراو بن، بەڕێز لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە لە ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کر. دوای ئەوەی چالاکی مانگرتنەکە لە سەرتاسەری گرتووخانەکان بڵاو بووەوە، پارێزەران توانییان لەگەڵ ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن."

ساریجا هەروەها تیشکی خستەر سەر نامەکەی ئۆجالان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان و وتی:"ئۆجالان لە نامەکەیدا وتی، 'پێویستی بە ئاشتیی قوڵی کۆمەڵایەتی هەیە. بۆ چارەسەری کێشەکان، پێویستە دوور لە هەموو ناکۆکی و بەربەرێکانەیەک، هەنگاو بنرێن. بە شێوەیەکی جددی پێویستی بە دانوستانی دیمۆکراتیک هەیە. کێشەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک بە شەڕ و توندوتیژی جەستەیی چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە هێزێکی نەرم هەیە. واتە کێشەکان بە هێزی کلتوری، ئەقل و سیاسەت دەتوانێت چارەسەر بکرێت'. ئۆجالان رایگەیاندبوو کە، هەڵوێستی ئەو لە ئیمرالی وەکو جارنامەی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ بەردەوامە و فراوانتر و قوڵتری کردووەتەوە. سوورە لەسەری و روونتری کردووە. هەروەها رایگەیاندبووی کە چارەسەری ئاشتیانە، پێویستی بە شکۆ و سیاسەتی دیمۆکراتیکە."

'پەیمامەکەی ئۆجالانیان بێوڵام هێشتەوە'

ساریجا هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی ئۆجالان، لە چاوپێکەوتنەکەیدا، ئەوەی سەلماند کە، بە یەکەوەبوونی میزۆپۆتامیا و ئەنادوڵ، بە یەکەوەبوونی گەلی کورد و تورکی بە مێژوویی کردووە و وتی:"کێشەکانی ئەمڕۆ بە هۆی خرابکردنی ئەم بەیەکەوە بوونەوە، روو دەدەن. دەیوت، 'لە دژی ئەم راستییە، مێژوویەکی ناڕاست نووسراوەتەوە. ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدات، بەستراوەتەوە بە گرتنی من لە ماوەی ٢١ ساڵی گرتووخانەدا'. لە دوایین چاوپێکەوتنماندا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بەڕێز ئۆجالان وتبووی، 'من دەتوانم لە ماوەی هەفتەیەکدا شەڕ و پێکدادنەکان بوەستێنم. من ئەو بڕوایەم بە خۆم هەیە. دەبێت ئەقلی دەوڵەتیش ئەوەی پێویستە، بیکات'. ئۆجاڵان بەم لێدوانەی رای گشتی ئاگادار کردبووەوە."

ساریجا هاوکات رایگەیاند، بانگەوازییەکەی ئۆجالانیان بێوڵام هێشتەوە و لەم چوارچێوەیەدا، لە دژی گۆشەگیرییەکەی ئیمراڵی، داوای لە هەموو ریکخراو و دەزگا دیمۆکراسیی و مەدەنییەکان و رای گشتی کرد کە تێکۆشانیان لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا بەرفراوان بکەن و لەسەر ئەم پرسە هەستیار بن.

'گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە'

دواتر شەبنەم کۆرور فینجانجی سەرۆکی TIHV قسەی کرد و تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای ئیمراڵی و وتی، ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمرالی هەیە، نوێ نییە و چەندین ساڵە بەردەوامە.

فینجانجی تیشکی خستە سەر گۆشەگیرییەکە و وتی:"مرۆڤ چەندین ساڵن لە گرتووخانەکان گۆشەگیر دەکرێن. وەکو چۆن عبدولا ئۆجالان لە ئێستادا گۆشەگیر کراوە. TIHV وەکو رێکخراوێکی مافی مرۆڤ هەمیشە وتوویەتی، گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و لەم روویەوە هۆشداری دابوو. ئێمە دیسان دەڵێین گۆشەگیری تاوانی مرۆڤایەتییە. بە پێی بارودۆخ و مافەکانی نێلسۆن ماندێلا گۆشەگیری قەدەغە کراوە. بەڵام لە رۆژی ئەمڕۆدا لە تورکیا گۆشەگیری بەردەوامە."

'پێویستە گۆشەگیری وەکو ئەشکەنجە تەماشا بکرێت'

فینجانجی هەروەها رایگەیاند، گۆشەگیری کاریگەرییەکی خراب لەسەر بارودۆخی تەندروستی گیراوان دروست دەکات و وتی:"ئێمە وەکو پزیشک دەلێین گۆشەگیری کێشەی تەندوروستی گەلە. پێویستە گۆشەگیری لە چوارچێوەی سیستمی ئەشکەنجەدان تەماشا بکرێت. پیویستە ئەو گۆشەگیرییە هەرچی زووترە لاببرێت. دەبێت مرۆڤ لە ناو بارودۆخی ئاساییدا بژیت."

' پێویستی بە قۆناغی ئاشتی هەیە'

دوای فینجانجی، ئوزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ قسەی کرد و وتی:"دەمەوێت بڵێم، رێگریکردن لە چاوپێکەوتنەکانی پارێزەران و خانەوادەکان لەگەڵ ئۆجالان و گیراوانی دیکەی سیاسی، کارێکی نایاساییە. ئۆجالان و گیراوانی دیکەی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە لەگەڵ پارێزەر و خانەوادەکانیان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. ئەگەر وەزارەتی داد رێگا بدات، دەتوانن لەگەڵ شاندەکانیش چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. مافی خۆیانە کە بتوانن گۆڤار و رۆژنامە و نامە وەربگرن. پێویستە ئەم کردەوە دڵخوازانەیان کۆتایی پێ بێت."

تورکدۆغان لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی ئۆجالان لە بونیادنانی ئاشتیدا و بەم شێوەیە دوا:"ئێمە ئەمساڵ لە ١٥ی کانونی دووەمدا لەگەڵ وەزارەتی داد چاوپیکەوتنمان ئەنجامدا. نەک تەنها بۆ پرسی گرتووخانەکان، بەڵکو بە تایبەت بۆ پرسی گۆشەگیرییەکەی ئیمرالیش داواکاریمان پێشکەش کرد. ئێمە وەکو پاریزەرانی مافی مرۆڤ دەلێین، پێویستی بە قۆناغێکی چارەسەری هەیە. بە هۆی ئەو بارودۆخە خرابەی لە ئارادا هەیە، پێویستی بە قۆناغی ئاشتی هەیە. تەنها رێگایەکیش کە قۆناغەکە بەرەو چارەسەری دەبات، رێگای لای عەبدولا ئۆجالانە. پێویستە ئەو پارتانەی لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، ئەم بابەتە گۆتۆبێژ بکەن. لە مانگی گوڵان و حوزەیرانی ساڵی رابردوو، زنجیرە چاوپێکەوتنیکمان لەگەل چەندین کەس ئەنجامدا. ئێمە دەڵێن پێویستە ئۆجالان و گیراوانی دیکەی سیاسی، بتوانن مافەکانیان بەکار بهێنن."

'کێشەی کورد لەگەڵ ئۆجالان بووە بە یەک'

دوای تورکدۆخانیش، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوان ئێستا بۆ گۆتبێژکردنی گرنگترین کێشەی تورکیا کۆ بوونەتەوە و وتی:"کێشەی کورد، کێشەیەکە کە لە گەڵ ئۆجالان بووە بە یەک. کیشەی کورد گەورەترین کێشەی تورکیایە. تا ئەم کێشەیە هەبێت، ئێمە ناتوانین باس لە هیچ توندوتیژی و کێشەیەکی دیکە بکەین. بۆیە سەرچاوەی کێشەکان، کێشەی کوردە. بە داخەوە بە هۆی ئەوەی بەرپرسان رێگا نادەن، ئەم کێشەیە تەنانەت نابێت بە بابەتی ناو دەزگا راگەیاندنەکانی نێودەوڵەتیش. بەر لە دوو رۆژ ساڵیادی پلانگێری ١٥ی شوباتی نێودەوڵەتی بوو. ئەو رۆژە بۆ کورد، رۆژێکی رەشە. هەڵوێستی زلهێزەکان ئیدانە دەکەین و دەڵێین، ئەم پلانگێرییە لە دژی خودی تورکیا یە. بۆیە زلهێزەکان وتیان، 'ئێمە ئەمەتان تەسلیم دەکەین و ئێوەش حەرەسیاتی لێ بگرن' و بەم شێوەیە رادەستی تورکیایان کرد. تورکیاش بەمە بوێر بوو و دوورگەی ئیمرالی بۆ ئەو تەرخان کرد. بەم هۆیەوە تورکیا منەتی چەندین هێزی نێودەولەتی هەڵدەگرێت. بۆیە ناشتوانێت بچێتە دەرەوەی ئەو سنوورانەی کە ئەو هێزانە بۆی دیاری کردوون."

'هەر چی زووترە پێویستە گۆشەگیری لاببرێت'

گوڤەن رایگەیاند، نەک تەنها لە ئیمرالی، بەڵکو لە سەرتاسەری گرتووخانەکانی تورکیا بارودۆخێکی ناڵەبار هەیە و وتی:"لە ئێستادا گیراوان لە دژی ئەم نادادیانە، لە خۆڕاگریدان. ئیمەش هەوڵ دەدەین بە ناوبژیوانی ریکخراوەکان، ببین بە دەنگی ئەوان. ئێمە لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو بارودۆخێکی وەکو جەنگی جیهانی سێیەمدا دەژین. هیچ کەسێک ئەم سیستمەی لە ئارادایە، پێی قبول نییە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو شوێنێک، گۆرانکاری بووەتە ناچاری. ئەو گەلانەی گۆڕانکاریان دەوێت لەسەر پێن. ئایا دەتوانن کام سیستمە بکەن بە جێگرەوەی ئەم گۆڕانکاریانەی داوا دەکرێت؟ بەڕێز ئۆجالان لەم رووەوە کەسایەتییەکی گرنگە. لە رۆژئاوا شۆڕشێک بە ناوی شۆڕشی ژنان هەیە. ژنان و بە گشتی گەلانی ئەو ناوچەیە، ژیانیکی هاوبەشیان خولقاندووە و بە یەکەوە بە شێوەیەکی یەکسان دەژین. بەڵام هۆشمەندییەک لە ئارادایە کە ئەمە دەکاتە ئامانج و دەیەوێت لە ناوی بەرێت. ئیمەش دەڵێن، هۆکاری گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان ئەمەیە، بۆیە پێویستە هەرچی زووترە گۆشەگیرییەکە لاببرێت."

'بۆ بەدیهاتنی ئاشتی، دەبێت ئۆجالان ئازاد ببێت'

گوڤەن لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر توندکردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و وتی:"بەهۆی توندکردنی گۆشەگیریەکە، لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستمان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد. لەم قۆناغەدا ٩ لە هەڤاڵانمان گیانیان لەدەستدا. ئەوان وتیان، 'ئەو رێبەرە هەبوونی ئێمەی سەر لە نوێ بونیاد ناوەتەوە' . بەم هۆیەوە گیانی شیرینیان لە سەر ئەو رێچکەیە بەخت کرد. لە رووی سیاسیشەوە بەرپرسیاریمان لە ئەستۆدایە. لابردنی گۆشەگیری زۆر گرنگە. چەندین کەسایەتی گرنگ لە کاتی چالاکییەکەماندا سەردانیان کردین و پێیان وتین، 'واز لە چالاکی مانگرتن لە خواردن بهێنن'. بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری، رێبازی دیکەشمان هەیە بۆ ئەوەی بگرینە بەر و لەم چوارچێوەیەدا تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین. پیویستە بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت. بۆ بەدیهاتنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی، پێویستە ئۆجالان ئازاد ببێت. با هیچ کەسێک لە بەرامبەر گۆشەگریەکە، خۆی هەڵنەخەلەتێنێت. ئەمڕۆ کۆمەلگاکەمان هەموو لە ژێر گۆشەگیریدایە. بۆیە ئەگەر گۆشەگیرییەکە نەمێنێت، گشت کۆمەڵگا هەناسەیەکی ئارام هەڵدەمژێت."

دواتر رۆژنامەنووسان پرسیارەکانیان ئاڕاستەی قسەکەران کرد. تورکدۆغان وڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەوەی، ئایا وەزارەتی داد چۆن پێشوازی لە داواکاری هەڵگرتنی گۆشەگیرییەکە کرد؟. تورکدۆغان وتی:"بەرپرسان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری، هیچ وڵامێکیان نەداینەوە. چونکە ئەوانیش دەزانین نا عەدالەتییەک لە ئارادا هەیە. بەڵام هیچ هەنگاوێکیش بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیرییەکە نانێن."

'پێشتریش قەدەغە هەبوو، بەڵام چاوپیکەوتن ئەنجامدرا"

پارێزەر رێزان ساریجاش وڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسانی دایەوە لە بارە سزای دیسیپلینی سەر ئۆجالان لە گرتووخانەی ئیمرالی و وتی:"هەر سێ مانگ جاریک سزای دیسیپلین بەسەر ئۆجالاندا دەسەپێندرێت. لەگەڵ تەواوبوونی هەر سزایەک، سزایەکی دیکەی بەسەردا دەسەپێنن. وا بۆ ساڵ و نیوێک دەچێت، ئەم بارودۆخە بەردەوامە. پێویستە لە دوو رووەوە تەماشای ئەم بارودۆخە بکرێت. کاتێک باسی دەکەین، چی ئەنجامێکی سیستمی گۆشەگیری ئیمرالی دێتە ئاراوە. یاسا بە گشتی بووەتە ئامێرێک لە دەستی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیدا. نا دادی و نا عەدالەتی بە هەموو شێوەیەک خۆی دەنوێنێت. یاسا وەکو ئامێرێکی زەخت بەکار دەهێندرێت. پێشتریش قەدەغە هەبوو، بەڵام چاوپێکەوتن ئەنجام دەدرا. ئەو چاوپێکەوتنانەی پێشووتر ئەنجام دەدران، لە قۆناغەکانی قەدەغەکردندا ئەنجام دەدران. ئیمە راستی بابەتەکە باش دەبینین."

ز.ش