وەستا ڕەسوڵ: کۆمەڵکوژی کورتەکە کارەساتێکی دژ بە مرۆڤایەتی و کوردە

وەستا ڕەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند: قوربانی کۆمەڵکوژی کورتەک بەهۆی کوردبوونایەوە شەهید کراون و کۆمەڵکوژیەکەش کارەساتێکە دژ بە مرۆڤایەتی و کورد.


وەستا ڕەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کە هاوکات بەرپرسی مەڵبەندی ڕانیەی یەکێتی-شە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی دوێنی کورتەک ئاخاوت و سەرەڕای سەرکۆنەکردنی کۆمەڵوژیەکە و ئەنجامدەرانی وتی: "کۆمەڵکوژییەکە باشترین بەڵگە و هۆکارە بۆ ئەوەی کورد یەکدەنگ بێت".

وەستا ڕەسول، وتیشی: ئەمە کارەساتێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دژ بە کوردی ئەنجام دراوە، شەهید بوونی ئەم پۆلە هاوڵاتییە تەنیا بەهۆی کوردبوونیانەوە بووە، هیچ هۆکارێکی دیکە نەبووە، چونکە ئەم شەهیدانە هێچ تاوانێکیان نەبووە، ئێمە کاتێک کە خەباتمان کرد ئامانجمان ئەوە بوو کە کوردستانێکی ئازاد و بەبێ چەک، بەبێ تەقە و بەبێ شەڕ هەڵبژێرین، بەڵام داگیرکەران لە چەند لایەکەوە دەیانەوێت ئەم پارچەیە و ئەم ئازادییەمان لێبشێوێنن، جا چ بە فڕۆکە بێت یان بە تۆپ بێت یان بە هەر شێوەیەک لە تیرۆر  بێت، ئەمانە هەمووی بۆ دووپاتکردنەوەی دوژمنایەتیانە بەرامبەر گەلەکەمان".

وەستا ڕەسوڵ وتیشی:"ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوانە دەکەین و پێشمان وایە، کورد لە هەر کوێ بێت دوژمن هەر ئەوەی بەرامبەر دەکات، بۆیە ئەمە باشترین بەڵگە و باشترین هۆکارە بۆ ئەوەی کورد ڕیزەکانی خۆی یەکخاتەوە و چێتر لایەنە سیاسییەکان لەسەر پلە و پۆست کێشە دروست نەکەن، دەبێت پێکەوە یەکڕیزبین تا بتوانین وەڵامی دوژمنەکانمان بدەینەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە دوژمنەکانمان یەکڕیزن لە بەرامبەر ئێمە، ئەوە ئێمەین کە نایەکڕێزین بەرامبەر دوژمنەکانمان، بۆیە ئەم کارەساتانە ڕوودەدات".

لە کۆتاییدا وەستا ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی ڕانیەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان وەک یەکێتی بێدەنگ نابن و وتیشی "بێدەنگ بوونی هەر لایەنێک بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی کورتەک بە خراپ دەزانم".

 

هـ.هـ