دوای ئهوهی ٨٩١ واژۆ پێشكهشی پەرلەمانی كوردستان كرا دهربارهی داگیرکاری و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای دانیشتنی تایبەتیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆیان لەسەر داواکارینامهكهدا کردووە، پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یهنهكه)، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان.
مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆی لەسەر داواکارینامەکە هەیە ڕایگهیاند، «ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقە کە سەروەریی خاکی عێراق بپارێزن. ئەوە بەرپرسایهتییهكی نیشتمانی، قانوونی و مرۆییە، پێویستە پەرلەمانی هەرێمیش لەم بارەیەوە بە ئەرکی خۆی هەڵسێت.»
بەگوێرەی بڕگەی ١ لە ماددەی ٦٦ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ١٠ پەرلەمانتار دەتوانن داوایەک پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی بکەن بۆ ئەوەی بابەتێکی گشتی بخرێتەڕوو، بۆ گفتوگۆکردن لە نێوان پەرلەمان و حکوومەتدا، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی.
بەگوێرەی بڕگەی ٣ی هەمان ماددە، دەستەی سەرۆکایەتی دەبێت لە ماوەیەکدا کە لە ١٤ ڕۆژ تێپەڕ نەکات، وادەی ئەو دانیشتنە دیاری بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی ٣٠ی حوزهیران\٩ی پووشپهڕ ئەندامانی کەمپینی دەستپێشخەری دژی داگیرکاری کە لە ڕۆژی ٢٠ی حوزهیران ڕاگهیهنرا، یاداشتێکیان بە نزیکەی هەزار واژۆ-وه، ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد و داوایان کرد، پەرلەمان دانیشتنی تایبەت لەسەر کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان ئەنجام بدات.
s.m