ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دیپلۆماتیی وارگه‌ی په‌نابه‌رانی شه‌هید ڕۆسته‌م جوودی بێوار ئه‌مین تاهیر و هاوڵاتییه‌كی دانیشتووی وارگه‌كه به ناوی نادر حاجی كه ڕۆژی ١٣ی حوزه‌یران\٢٣ی جۆزه‌ردان له كاتێكدا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر ده‌چوون، ده‌ستگیر كران.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هه‌ردوو هاوڵاتییه‌كه له لایه‌ن ده‌زگه‌ی پاراستنی له لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌زگه‌ی پاراستنی پارتیی دیموكراتیی كوردستان (په‌ده‌كه) له هه‌ولێر ده‌ستگیر كراون و له زیندانی ئاسایشی گشتی به‌ند كراون و به‌تووندی ئه‌شكه‌نجه دراون.
ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته شاندێكی وارگه‌كه له‌گه‌ڵ قائیمقامی مه‌خموور كۆبووه‌ته‌وه و قائیمقام پێی ڕاگه‌یاندوون، له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی ناوخۆ قسه ده‌كات ده‌رباره‌ی هۆكاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و دوو كه‌سه. بڕیاره دواتر قائیمقام له‌و باره‌یه‌وه ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وارگه‌كه ئاگادار بكاته‌وه.
بێوار ئه‌مین تاهیر ماوه‌یه‌كی درێژه كاری دیپلۆماتی ده‌كات و به‌تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ناسنامه و كاروباری بیرۆكراسی له لایه‌ن خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی وارگه‌كه ڕاسپێردراوه. بۆ ئه‌و كاروبارانه چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق كۆبووه‌ته‌وه.
له ده‌ستگیركردنی ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌یانه‌وێت به‌م كاره ڕێگری له دروستكردنی ناسنامه‌ی دانیشتوانی وارگه‌كه به‌مه‌به‌ستی كاروباری نه‌خۆشخانه بكه‌ن و به‌م شێوه‌یه جۆرێك له ئابڵوقه ده‌خه‌نه سه‌ر وارگه‌كه. ئه‌مه فشاره‌كانی په‌ده‌كه له‌سه‌ر وارگه‌كه ده‌رده‌خات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گومان هه‌یه كه ده‌ستی میتی تورك به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پاراستن له‌م كاره‌دا هه‌بێت.
هه‌رچه‌نده زۆر ئاسانه له ماوه‌ی چه‌ند ساتێك‌دا ڕابگه‌یه‌نرێت كه بۆچی ئه‌و دوو هاوڵاتییه ده‌ستگیر كراون و له‌كوێن، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك ڕانه‌گه‌یه‌نراوه.
پێشتر ده‌یان جار بێوار ئه‌مین تاهیر به مه‌به‌ستی دروستكردنی ناسنامه‌ی دانیشتوانی وارگه‌كه له‌گه‌ڵ ئاسایشی گشتی و داموده‌زگه‌كانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كان (UN) كۆبووه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه. باس له‌وه ده‌كرێت ده‌وڵه‌تی تورك فشاری خستووه‌ته سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه بۆ په‌نابه‌رانی وارگه‌كه دروست نه‌كرێت.
s.m