٥هەمین ساڵیادى کۆچی دوایى شێرکۆ بێکەس بەڕێوەچوو

لە شارى سلێمانى و لەسەر گڵکۆکەى لە پارکى ئازادی، ٥هەمین ساڵیادى کۆچى دوایى شێرکۆ بێکەس شاعیری گەورەى کورد بەڕێوەچوو.

یادەکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە رێکخرابوو و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە نووسەران و رۆشنبیران و کەسایەتییەکان و بەرپرسانى حیزبی و حکومی یادەکە لە کاتژمێر ٧ى ئێوارە دەستیپێکرد. لە یادەکەدا جگە لە پێشکەشکردنى چەندین وتە لەبارەى کەسایەتى و ژیان و هەڵوێستەکانى شێرکۆ بێکەسەوە، کتێبى سەد و یەک رۆژ تەنیایى دابەشکرا.

کتێبی سەد و یەک رۆژ تەنیایى لەلایەن هەڵو شێرکۆ کوڕی شێرکۆ بێکەسەوە نووسراوە و باس لە سەد و یەک رۆژ کۆتایى ژیانى شێرکۆ بێکەس و هەوڵى بنەماڵە و دۆست و هاوڕێکانى دەکات بۆ زرگارکردنى شێرکۆ بێکەس لە نەخۆشییەکەی.

شێرکۆ بێکەس کوڕى شاعیرى ناودار فایق بێکەس لە ڕۆژى ٢ى ئایارى ١٩٤٠ لە شارى سلێمانى لە دایکبووە و لە دواى ٧٣ ساڵ تەمەن لە ڕۆژى ٤ى ئابى ٢٠١٥ لەشارى ستۆکهۆلمى پایتەختى سوید بەهۆى نەخۆشییەوە ماڵئاوایى لە ژیان کرد.

شێرکۆ بێکەس خاوەنى دەیان بەرهەمى چاپکراوە، کە لە ساڵى ٢٠٠٩ کۆ بەرهەمەکانى لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپکرا. زۆرێک لە شێعرەکانى وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانى عەرەبى، فارسى، تورکى، ئینگلیزى، فەڕەنسى، ئیتالى و ڕوسى و چەند زمانى تر. خەڵاتى ئەدەبیى تۆخۆڵسکیى لە ساڵى ١٩٨٧ لە وڵاتى سوید وەرگرتووە. لە ساڵى ١٩٩٢ و لە دواى ڕاپەڕین خەڵکى کوردستان لەدژى دەسەڵاتى ڕژێمى بەعس بووە بە یەکەم وەزیرى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان. لەساڵى ١٩٩٨ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمى دامەزراندووە.

شێرکۆ بێکەس شاعیرێکى گەورەى کوردە و یەکێک لە دامەزرێنەرانى شێعرى نوێى کوردی، کە بۆ نیشتیمان، پێشمەرگە، بەشەکانى تری کوردستان، ئازادى، خۆشەویستى، سروشت، ژنان، بۆنەکان، جوانى و خاک و ئاو دەیان شێعر و قەسیدە شێعرى بێ هاوتاى خوڵقاندووە.

ئەمانەش بەشێکن لە بەرهەمە چاپکراوەکانى شاعیرى گەورەى کورد شێرکۆ بێکەس: تریفەى هەڵبەست، سوتماک، دەربەندى پەپوولە، خاچ و مار و ڕۆژمێرى شاعیرێک، بۆننامە، نسێ، گۆڕستانى چراکان، کورسى، ٧٢ پەنجەرى گەڕۆک، ئێستا کچێک نیشتیمانمە، خێراکە مردن خەریکە بگات، ئەسپێک لە پەڕەى گوڵاڵە، ملوانکە، زێ و زنە، یادەوەریى پاسکیلێکى کەرکوکى...هتد

هەروەها کتێبى "پیرەمێرد و زەریا"ى ئێرنست هەمەنگواى لە زمانى عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى. کتێبى بیروەرییەکانیشى لە دوو بەرگدا بە ناوى "نووسین بە ئاوى خۆڵەمێش" چاپکردووە.

شێرکۆ بێکەس پێش ئەوەى کۆچى دوایى بکات وەسیەتى کردبوو لە پارکى ئازادى لە شارى سلێمانى و لە تەنیشت مۆنۆمێتنى شەهیدانى ٩ى حوزەیرانى ١٩٦٣ بەخاک بسپێردرێت. لە وەسیەتەکەیدا داواشى کردبوو ماڵەکەى بکرێت بە مۆزەخانە و لەسەر گڵکۆکەشى کافتریایەک و کتێبخانەیەک بکرێتەوە بۆ ئەوەى شەیدایانى ژیان سەردانى بکەن و لە داهاتەکەشى ساڵانە نووسەرێک خەڵات بکرێت.

ر.م