٥٠ گەنجی بەهرەمەندی کەرکوک خەڵات کران

بە دروشمی سوپاس بۆ تواناکانتان گروپی شار بۆ بنیاتنانی مەعریفە بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوی خاوەن ئایندە بۆ گەنجان خەڵاتی بەسەر ٥٠ گەنجی بەهرەمەندی شاری کەرکوک دابەشکرد .

ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٥:٣٠ خولەک لە شاری کەرکوک ٥٠ گەنجی بەهرەمەند لە بواری جیاجیا لەلایەن گروپی شار بۆ بنیاتنانی مەعریفە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی خاوەن ئایندە بۆ گەنجان خەڵاتکران .

هەڤاڵ دارا سەرۆکی گروپی شار بۆ بنیاتنانی مەعریفە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "وەکو گروپی شار بۆ بنیاتنانی مەعریفە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی خاوەن ئایندە بۆ گەنجان هەستاوین بە چالاکییەک بە دروشمی سوپاس بۆ تواناکانتان بۆخەڵاتکردنی گەنجانی کەرکوک لەم دۆخەدا رێز لە تواناکانی گەنجان بگرین".

ڕاشگەیاند:" لە قۆناغی یەکەم ٥٠ گەنج دەگرێتەوە وەک هاوکارییەکی مەعنەوی بۆ ساڕێژکردنی برینەکانیان. لە قۆناغی داهاتوو بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی گەنجان بە شێوازی جیاواز".

تارا عەزیز چالاکوانێکی مەدەنییە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئەمڕۆ هەڵبژێردراوم خەڵات بکرێم، بەراستی بۆ من و ئەوانەیتریش چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە ئێمە هەرگیز لە پێناوی خەڵاتکردن و دەست خۆشی خزمەتی کەرکوکمان نەکردووە. ئەمجۆرە چالاکییانە بە پێویست ئەزانم بۆ گەنجانی کەرکوک".

وتیشی: "ئەمجۆرە چالاکییانە وادەکات من و ئەوانەی ئێرە زیاتر بە دڵسۆزییەوە کارەکانمان ئەنجام بدەین و بەرپرسیارێتیی زیاتر بکەوێتە سەر شانمان و تواناکانمان لە کاری بە سوود سەرف بکەین".

ئاکۆ بیبانی میدیاکارێکی وەرزشییە و پێى راگەیاندین: "ئەمڕۆ بە رۆژێکی مێژوویی دادەنێم. کۆمەڵیک گەنج لە بوارەکانی خۆیاندا توانیویانە جێدەستی خۆیان دیار بکەن و بەرهەمی بە پێزیان هەبووە و خزمەتی زۆری شارەکەیان کردووە".

ڕاشیگەیاند: "ئەمجۆرە خەڵاتکردنە پاڵپشتییەکی مەعنەویی گەورەیە بۆیان و هیوادارم جاری داهاتوو کەسەکان لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵبژێردرێن تاکو کەس گلەیی نەکات لە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی کەسەکان".

ر.م