پارتی بۆ پاراستنی دەوڵەتى تورکی داگیرکە ‌هێزی زیاتر ڕەوانەی ئامێدی دەکات

لە دوای ئەوەی هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان ڕایانگەیاند، ‌هێزە داگیرکەرکانی دەوڵەتی تورک  لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانج، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا هێزیان ڕەوانەی ناوچەی ئامێدی کرد.

زریان برادۆستی - ئامێدی

هێزی پاراستنی جەوهەری لە دوای ئەوەی لە ٢٧ مانگی پێشوو لە مەراسیمێکی سەربازیدا دامەزرادنی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد:" لە باشووری کوردستان سوپای تورکی داگیرکەر و ئەو کەسانەی هاوکارییان دەکەن، دەبنە ئامانجی چالاکییەکانیان".

لەگەڵ ئەوەی هێزی پاراستنی جەهەری لە پەیامەکەیان ئاماژە بەوەدەکەن مەترسی نین بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو کار بۆ ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن،  بەڵام سەرنجڕاکێشە  لە یەکەم ڕۆژی دامەزاردانی ئەو هێزەوە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستی بە هەڵمەتی پروپاگاندە کردووە لە دژی ئەوە هێزە، بە هـوو شێوەیەک لە دژی ئەو هێزەن.

تا دێت ژمارەی شەهید بوون و بریندار بوونی ئەو هاووڵاتییانە بەرز دەبێتەوە، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبنە قوربانی. ئەمەش کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەى ئاستی توڕەبوونی جەماوەری باشووری کوردستان هەیە و ئەوەش نیگەرانیى لەلاى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و هاوکارەکانیان بە تایبەتى پارتى دیمموکراتى کوردستان دروستکردووە.

پەدەکە بۆ پیشگرتن لە ڕاپەرینێکی هاوشێوەی شیلادزی لە دژی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا هێزێکى زۆری لە ناوچەی ئامێدی و دهۆک  بۆ پاراستنی بنکە بارەگاکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر  بڵاوەپێکردووە.

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ڕاگەیاندنی حیزبەکەیانەوە دڵنیای دەدەنە سوپای تورکیا و ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی هیزەکانیان لە دهۆک و ئامێدی زیاتر کردووە بۆ پاراستنی ئەو هێزە داگیرکەرەی تورک لە ناوچەکەدا.

پەدەکە پێشتریش هێزێکى تری بۆ پاراستنى هێزە داگیرکەرەکەى دەوڵەتى تورک رەوانەى ناوچەکانى سیدەکان، خواکورک و برادۆست کردبوو.

پەدەکە جگە لەوەى هێزەکانى خستووەتە خزمەتى داگیرکەرییەکەى دەوڵەتى تورک لە ناوچەکانى کانی ماسی و زاخۆ چەندین زنجیرە چیاى بۆ دەوڵەتى تورکی داگیرکەر چۆڵکردووە و رادەستى ئەو داگیرکەرەى کردوون.

هاوکات لەگەڵ ئەو هاوکارییە چڕەدا، پەدەکە بە بەردەوامى هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئەو سنوورانە دەکات و دەیەوێت بە زۆر هاووڵاتییان گوندەکان و ناوچەکەیان چۆڵ بکەن و سوپای تورکیش لە چەندین ناوچە و گوندی ئەو سنوورانەدا هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ کوێستانەکان و گوندەکان وکارکردن لەسەر زەوی و رەز و باخەکانیان قەدەغە کردووە.

ر.م