پارتە سیاسییەکانی کەرکوک ئیدانەی داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەن

حزبە کوردییەکانی شاری کەرکوک ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەن بۆ سەر باشووری کوردستان.

بەرپرسی یەکێک لە حزبەکانی کەرکوک دەڵێت: " تورکیا لە رێگەی هەندێک لایەنی سیاسیی کوردی باشووری کوردستانەوە پێگەی لە پەرلەمانی عێراق پەیدا کردووە."

داگیرکەران لە دژی شۆڕشی کورد هاوکاریى یەکتر دەکەن

مامۆستا رەسوڵ رەئوف بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "هاتنە ژوورەوەی دەوڵەتانی هەرێمی بۆ هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە بە پلە یەک و پاشان پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستانە. لە رووی یاساییەوە ئەوەی ئیستا تورکیا سوودی لێبینیوە هەندێک رێککەوتنیەتی لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسین دا، کە دژی میلـلەتی کورد ئەو رێککەوتنانە کراون، چونکە لە پێناو لە ناوبردنی شۆڕشەکانی گەلی کورد وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ڕێگەیان بە یەکتری داوە سنوور ببەزێنن بۆ لێدان لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد."

راشیگەیاند: "لە ئیستادا دژایەتی کردنی بزووتنەوەکانی رزگاریخوازی گەلی کورد زۆر ئاشکراترە، بۆ کپکردن و بێدەنگ کردنی کورد، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ئامادەییان تێدایە کە هاوکاریی یەکتر بکەن."

هەموو پارچەکانى کوردستان یارمەتیى باشووریان داوە و دەبێت بەشێوەى یاسایى خزمەتى هەر چوارپارچە بکرێت

دەربارەی چونیەتی مامەڵەی باشوور لەگەڵ پارچەکانی دیکە مامۆستا رەسوڵ رەئوف وتی: "لە ڕابردوودا لە کاتی هەموو شۆڕش و ڕاپەرینەکان لەلایەن کوردانی پارچەکانی دیکە هاوکاریی باشوور کراوە، بۆیە پێویستە ئەو دەروازەیەی لە باشوور هەیە بە شێوەیەکی یاسایی خزمەت بە هەر چوار پارچەی کوردستان بکات. نابێت ڕیگە بدەین دەوڵەتە هەرێمییەکان بەسەر سنوور و جوگرافیای هەرێم دا زاڵ ببن و بێنە سەر سەرمان و نەتوانین خاوەن سەروەری و پلانی خۆمان بین."

ئارام کەرکوکی بەرپرسی بەرەی دیموکراتی گەل لە کەرکوک دەربارەی هەڵوێستی حزبەکەی بەرامبەر ئەم هێرشە داگیرکەرییانەى دەوڵەتى تورک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو بەرەی دیموکراتی گەل ئیدانەی ئەو لەشکرکێشییەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر باشووری کوردستان. ئەوە روونە دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوور بە تەواوەتی داگیر بکات. ئەو ئەزموونەی باشووری کوردستان، کە بە خوێنی شەهیدەکانی بەدەستی هێناوە، تورکیا دەیەوێت بە تەواوەتی بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە."

ئامانجی تورکیا داگیرکردنى گشت باشووری کوردستانە

راشیگەیاند: "بەداخەوە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان هاوکاربوونە لە لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، بۆیە ئێمە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕەخنە دەکەین، چونکە هاتنی ئەم هێزە تەنها بۆ لەناوبردنی لایەنێک نییە، بەڵکو بۆ داگیرکردنی گشت باشووری کوردستانە و بۆ ئەوەش هاتووە."

ئارام کەرکوکی ئەوەشی راگەیاند: "دوا لە حکومەتی عیراق دەکەین پارێزگاری لە خاکی خۆی بکات و هەڵوێستی هەبێت لەسەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا، کە لە باشوور ئەنجامی دەدات."

دەربارەی هەڵوێستی موقتەدا سەدر لە دژی داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک، ئارام کەرکوکی وتی: "ئێمە وەکو بەرەی دیموکراتی گەل هەڵوێستی بەرێز بوقتەدا سەدر بەرز دەنرخێنین و هیوادریشین هەموو کەسایەتییە سیاسییەکانی عیراق هەمان هەڵوێستی بەڕێز موقتەدا سەدر بنوێنن بەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا."

تورکیا دەیەوێت رێگری لە دروستبوونى ئیرادەیەکى راستەقینەی کورد بکات

محەمەد نەسرەدین سکرتێری کەرکوکی بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی هۆکاری ئەم هێرشانەی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان وتی: "ئەم هێرشانەی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بۆ ئەوەیە ڕیگری بکات لە دروستبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە تا کورد بتوانێت لەم بەشەی کوردستانەوە هەنگاوێکی گەوەرە بنێت."

محەمەد نەسرەدین وتیشی: " ئەو بۆردومانانەی تورکیا و هێرشکردنە سەر قەندیل و هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو جەرگەی باشووری کوردستان دیارە بە ڕەزامەندیی لایەنێکی سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بێدەنگبوونی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ئاماژەیەکە بۆ ڕەزامەندییان لە سەر ئەم داگیرکارییە".

تورکیا دەیەوێت لە رێگەى هێرشەکانییەوە کاریگەری لەسەر دواڕۆژی عێراق دروست بکات

ئەوەشی وت " ئەمڕۆ تورکیا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە سەر باشووری کوردستان و ئەزمونەکەی، لە رێى ئەم هێرشانە تورکیا دەیەوێت پێگەی خۆی بەهێزتر بکات لەم ناوچەیەدا تا کاریگەریی زیاتری هەبێت لەسەر دواڕۆژی عیراق".

باسی ئەوەشیکرد: "هەموو ئەو هەوڵانەی تورکیا ئەوەیە، کە رۆڵێکی هەرێمی لە ناوچەکە ببینێ لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کورد، ئەوەی جێگای داخە بەشیک لەلایەنە سیاسییە کوردییەکان بەشیکن لەم پیلانگێڕیە و رێگە خۆشکەرن لە بەردەم تورکیا بۆ ئەوەی ئەو پیلانە گەڵاوەی جیبەجێ بکات، بۆیە پێم وایە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا پیلانگێڕییەکی نوێیە تا ڕێگر بێ لە دروستبوونی ئیرادە و بیری ئازاد لە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی لە باشووری کوردستانەوە هەنگاوی گەورە نەنێین."

پێویستە لە سەر سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لە بەردەم ئەم هەوڵە داگیرکاریەی تورکیا بوەستن

محەمەد نەسرەدین سکرتێری کەرکوکی بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی هەڵوێستی حزبەکەی وتی: " ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان دژی هەر هەوڵێکین بۆ داگیری کاریی تورکیا و جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەجندای تایبەتەکەی خۆی لەم ناوچەیەدا، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەنی سیاسیی کاریگەر ڕیگە خۆشکەرن لە بەردەم ئەم داگیرکارییەدا."

لە کۆتایشدا محەمەد نەسرەدین سکرتێری کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی هەژموونی تورکیا لە عێراق وتیشی: " ئەمڕۆ تورکیا لە رێگەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردی باشووری کوردستانەوە پێگەی لە پەرلەمانی عێراق پەیدا کردووە، ئەوەی وایکردووە تورکیا هەنگاوی مەترسیدار بنێت لە عیراق، بەهۆی هاوکاریی هەندێک لایەنی سیاسیی باشووری کوردستانەوەیە."

ر.م