پلانى ئاکەپە بۆ هەڵبژاردن؛ پارچە بکە و بەڕێوەى ببە

ئاکەپە هەرچیى کرد نەیتوانى لە هەڵبژاردندا لە وان ئەنجامێک بەپێى خواست و دڵی خۆى بەدەست بهێنێت. ئێستا دەیەوێت نەخشەى وان بگۆڕێت و بەوپێیە خۆی بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئامادە بکات.

تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەر ئەوەى ئەو ئەنجامەى، کە دەیخواست لە هەڵبژاردندا بەدەستى نەهێنابوو بۆ هەندێک لە شارەکان وتى "زۆر بۆیان خەمبارم". یەکێک لەو شارانە شارى وانە لە باکووری کوردستان. ئاکەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە وان دەستى بە ئامادەکارى کردووە. ئاکەپە لە هەڵبژاردنى پێشوودا (هەڵبژاردنى پەرلەماندا) پلانى گۆڕینى شوێنى سندوقەکانى دەنگدانى هێنایە پێشەوە. ئێستاش دەیەوێت ژمارەى ناوچە ناوەندییەکان زیاد بکات و دەیەوێت لەو رێگەیە هەدەپە لە کوردستاندا تێکبشکێنێت. بەپێى ئەو پلانە ئاکەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئامادەى کردووە، ژمارەى ناوچە  ناوەندییەکان لە وان کراون بە ٤ ناوچە.

بەپێى پلانەکە، گەڕەکەکانی یەنى محەلە، کارشیاکا، حەجی بەکر، فرات و سوبحان کە ناوەندى دەنگى هەدەپەن دەخرێنە سەر ناوچەى ئەرەکێ. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە گوشار لەسەر ناوەندى گەورەى ناوچەى ناوەندیى رێیا ئارموش و ئارتمەمێنت دروست بکەن. ئاکەپە دەیەوێت رێیا ئارموش و ئارتەمێنێت بەدەست بهێنێت و بە ناوی ئەرەکێ گەڕەکێک بۆ هەدەپە بهێڵێتەوە. بەوەش دەیەوێت وان پارچە بکات و بەوشێوەیە بەڕێوەى ببات.

"چی دەکەن با بیکەن، هەر سەر ناکەون"

جیهات بۆزبای سەرۆکى ئەنجوومەنى شارەوانیى گەورە شارى وان لە دەبەپە، لەبارەى پلانەکەى ئاکەپەوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان رایگەیاند، ئاکەپە پارچەکردنى کۆمەڵایەتى بەپێى دۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووری و جیاکاری بەرێوەدەبات.

بۆزبای راشیگەیاند، کارێکى لەو جۆرە بۆ دەنگدان رێگا بۆ ئەنجامى مەترسیدار خۆش دەکات و وتی، بچووکردنەوەى هەندێک ناوچە لە رووی ژمارەى دانیشتوان و جوگرافییەوە، زیان بە گەلی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت.

بۆزبای باسى ئەوەشیکرد، پارچەکردنى ناوچەکان بەو شێوەیە هەر بۆ ئاکەپە نابێتە هۆی ئەوە، کە ئاکەپە دەنگ بهێنێت و وتى "ئێمە دەزانین بۆ ئەوەى وان بەدەست بهێنن، پلانى ئەى، بی  و سی لەسەر مێزەکانیان ئامادە کردووە. ئەردۆغان بەشێوەیەکى تایبەت چاوى بڕیوەتە شارەوانیى وان. ئەوەى زۆر جار بە ئاشکرا و لە بەردەم راى گشتیدا خستووەتەڕوو، بەڵام چى دەکات با بیکات، هەر سەر ناکەون، چونکە ئەنجامەکان ناگۆڕێن. سەربارى هەموو گوشار و توندوتیژییەکان، گەلی وان لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕدا هەڵوێستى خۆى بە روونى خستەڕوو، بەڵام ئاکەپە لە ئێستاوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەستیکردووە بە فرتوفێڵ".

ئاکەپە زوو دەستى بە فرتوفێڵ کرد

عەزیمە یاجان جێگری هاوسەرۆکى هەدەپە لە وان رایگەیاند، ئاکەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٢٠١٩دا درێژە بە فرتوفێڵەکانى دەدات و لەوبارەیەوە وتى "لەهەڵبژاردنى پێشوودا شاری وان-یان بەپێى یاساى شاری گەورە، کرد بە ٣ بەشەوە. ئێستاش بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی ٢٠١٩ هەوڵ دەدەن وان بکەن بە ٤ بەشەوە، بەڵام ئێمە لە وان و ناوچەکانى دەرەوەى وان باڵادەستین، بۆیە کار لەسەر هەندێک پلان و حیلە و فرتوفێڵ دەکەن و بەڕێوەبەرانى ناوچەى ئاکەپە لە وان دەیانەوێت خۆیان لەبەرچاوی ئەردۆغاندا خۆشەویست بکەن".

 جێگری هاوسەرۆکى هەدەپە لە وان وتیشی "بەرپرسانى ناوچەى ئاکەپە لە وان، دواى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بە ئەردۆغانیان وتبوو 'هەدەپە هەڕەشە لە گەل دەکات و بە هەڕەشە دەنگ بەدەست دەهێنێت' بەوە شکستەکەیان لە بەرچاوى ئەردۆغاندا شاردەوە، بەڵام دواى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران ئاشکرابوو، ئەوە راستییەکە نەبوو، بۆیە لە ئێستاوە دەیانەوێت جوگرافیا و دانیشتوان و ناوەندەکانى دەنگدان لە یەکتر داببڕن".

بۆ ئامانجی سیاسی زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن

یاجان رایگەیاند، دروستکردنى ناوچەیەکى نوێ و شارەوانییەک کارێکى ئاسان نییە و وتى "دانانى نەخشە بەپێى ئامانجە سیاسییەکانیان، زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت. هەوڵ دەدەن راستییەکان بشارنەوە، بەڵام ئەوە هەوڵێکى پووچە، چونکە ئیدی ئاکەپە لە ناو گەلی کورد دا قبول ناکرێت".

ئەوەشى وت "بە بەردەوامى بانگەشەى ئەوەى دەکەن لە وان خەریکى خزمەتکردنن، بەڵام گەل هەژارە. گەل ناتوانێت ئازادانە و بە زمانى دایک قسە بکات. با تەنها سەیرى ئەنجامى ٦ هەڵبژاردنى رابردوو لە وان بکەن. ئەوە دەردەکەوێت کە سەرباری هەموو گوشار و زۆرداری و توندوتیژییەکانی دەوڵەت، کێ براوە بووە، بەڵام دیارە ئەوان نایانەوێت ئەوە ببینن، بۆیە دەستیان بە دروستکردن و هێنانە پیشەوەى پلانى نوێ کردووە".

ر.م