پێكهاتە ئاینییه‌كان سه‌ردانی چالاكانی قەڵغانی زیندوویان كرد

نوێنه‌رانی پێكهاته‌ ئایینییه‌كانی باشووری كوردستان به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردن سەردانی چالاكانی قەڵغانی زیندوویان كرد له‌ بناری قه‌ندیل

كاتژمێر ١٦ی ئه‌مڕۆ هەر یەك لە نوێنەری مامۆستایانی ئاینیی ئیسلام، پیری زەردەشتییه‌كان، كاكەییەكان، ئێزدی و تەریقەتی نەقەشبەندی سەردانی چادری چالاكیی قەڵغانی زیندوویان كرد لە قەندیل.

مه‌لا نادر عەلی بەناوی شانده‌كه‌ قسەی كرد و گوتی، «لە باكووری كوردستان و توركیا دەوڵەتی تورك ستەم لە كورد و هەموو ئازادیخوازان دەكات. به‌مه‌شه‌وه‌ ناوەستن، ڕوویان لە باشووری كوردستان كردووە و دەیانەوێت دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە باشووری كوردستان لەناوببەن. لێرەوە داوا لە ده‌وڵه‌ته‌یەكگرتووكان و مەرجەعە ئاینییه‌كان و حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین لە به‌رانبه‌ر دەستدرێژی، كاولكاری، سووتاندن، شەهید و برینداركردنی هاوڵاتیانی باشووری كوردستان بەدەستی سوپای تورك هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ. بۆ ئەوەی چیدی دەوڵەتی تورك بە ئارەزووی خۆی خاكی باشووری كوردستان بۆردومان نەكات و هاوڵاتیان نەكاتە قوربانی.»

ناوبراو گوتیشی، «ئەمڕۆ ئێمە بۆ پاڵپشتی لە گەنجان و گەلی كورد هاتووین پارێزگاری لە خاك و ئاو و كەرامەتی خۆمان بكەین. داوا لە هەموو موسڵمانان و گەلانی ئازادیخواز دەكەین هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگری لە داگیركارییەكانی توركیا بكه‌ن.»

نوێنەرانی پێكهاتە ئایینییه‌كان دەستخۆشییان لە چالاكانی قەڵغانی زیندوو كرد كە ڕوویان له‌ قەندیل كردووه‌ و بوونه‌ته‌ قەڵغانی زیندوو دژی داگیركاریی دەوڵەتی تورك. به‌شدارانی چالاكییه‌كه‌ش جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، با دوژمن باش بزانێت قەندیل و برادۆست بەردەوام قەڵغانی كوردان بووە و ئێمەی گەنجانیش ئەو قەڵغانە بەهێزتر دەكەین.

s.m