پەژاک: هەڤاڵ هەڵمەت کەسایەتییەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی بوو

مەجلیسى پارتى ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەى شەهیدبوونی دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى پەژاک دا هاتووە "هەڤاڵ هەڵمەت کە کادیرێکی پێشەنگی گەلەکەمان چ لە باشوور و سەرجەم بەشەکانی کوردستان بوو و هەموو تەمەنی بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلەکەی تەرخان کرد".

پەژاک راشیگەیاندووە "لەقۆناخێکدا کە داگیرکەری تۆرکیا لەباشووری کوردستان هەنگاوی ناوەتە ئاستێکی مەترسیدارەوەو هێرشی داگیرکاری بەرفراوانتر دەبێت و خوێن لەجاددەو دەشت و چیاکانی کوردستان دەچۆڕێت، بەشێک لەدەسەڵاتدارانی باشوور و هێزە سیاسیەکان لەپێناو پاراستنی  بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و حزبی لەبەرامبەر ئەم کارەساتە بێ دەنگن و بەشێکیش چاوساخی و هاوکاری نەیاران دەکەن. دڵنیاشین کە نە مێژوو و نە گەلی کوردستان ئەو هەڵوێستە نالەجێ و نەشیاوە لەبیر ناکەن".

دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک

هەڤاڵ هەڵمەت؛ کەسایەتیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی

شەهیدبوونی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە دیار غەریب ناسراو به هەڤاڵ (هەڵمەت) بۆ سەرجەم گەلی کورد و بە تایبەت گەلی باشووری کوردستان ئێش و خەسارەتێکی گەورەیە. ئەو شەهادەتە کە دەستی خائینان و نۆکەرانی کوردی تێدایە زامێکی تری مەزن لە هەست و ناخی تاکی کورد و بە تایبەت گەلی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد. بۆیە هەر جۆرە هێرش و پەلاماری داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و چاوساخی و هاوکاری نۆکەر و خائینانی کورد شەرمەزار دەکەین.

هەڤاڵ هەڵمەت کە کادیرێکی پێشەنگی گەلەکەمان چ لە باشوور و سەرجەم بەشەکانی کوردستان بوو و هەموو تەمەنی بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلەکەی تەرخان کرد. لەهەموو قۆناخێکی ژیان وتێکۆشانیدا تامەزرۆ و ئاواتەخوازی یەکگرتن و یەکڕیزی ناوماڵی کوردی بوو. بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەش ئاڵای تێکۆشان و خەباتی شۆڕشگێڕانی وەک شەهید عەلی عەسکەری، ئارام، مامەڕیشە، سیروان و ڤیانی بەهەستی شۆڕشگێڕانەوە بە شەکاوەیی راگرت و بە هزر و بیری رێبەر ئاپۆ هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بە وتار و کرداری خۆی بووە نموونەی کەسایەتیەکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی.

لەقۆناخێکدا کە داگیرکەری تۆرکیا لەباشووری کوردستان هەنگاوی ناوەتە ئاستێکی مەترسیدارەوەو هێرشی داگیرکاری بەرفراوانتر دەبێت و خوێن لەجاددەو دەشت و چیاکانی کوردستان دەچۆڕێت، بەشێک لەدەسەڵاتدارانی باشوور و هێزە سیاسیەکان لەپێناو پاراستنی  بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و حزبی لەبەرامبەر ئەم کارەساتە بێ دەنگن و بەشێکیش چاوساخی و هاوکاری نەیاران دەکەن. دڵنیاشین کە نە مێژوو و نە گەلی کوردستان ئەو هەڵوێستە نالەجێ و نەشیاوە لەبیر ناکەن.

بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید، گەلی کورد و بە تایبەت گەلەکەمان لەباشووری کوردستان و سەرجەم هاوڕێبازان و هەڤاڵانیان دەکەین و بانگ لە گەلەکەمان لەهەرچواربەشی کوردستان و تایبەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە بۆ خاوەندارێتی لە رێبازی تێکۆشانی شەهید هەڵمەت بەرەی تێکۆشان لە دژی فاشیزم و خیانەت بەهێزتر بکەن و بە بەشداری کارایان لەبەرەکانی تێکۆشان کۆنسێپتی داگیرکاری و هێڵی خیانەت پووچەڵ بکەنەوە. بێگۆمان پێش هەر کەسێک ئەرکی ژنان و گەنجانە کە ئاڵای خۆڕاگری و تێکۆشان  دژ بە نەیاران و هێڵی خیانەت بە شەکاوەیی رابگرن.

جارێکی تر لە کەسایەتی هەڤاڵ هەڵمەت دا بەڵێن و پەیمان مان لە گەڵ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاری دووپات دەکەینەوە کە تا بەدیهێنان و سەرخستنی ئامانجەکانیان بە ورەو هێزێکی زیاترەوە درێژە بە تێکۆشان بدەین.

ر.م