پەیمان ڤیان: ژنانی ئێران ڕادیکاڵن لەسەر داواکانیان

پەیمان ڤیان ئەندامی کوردیناسێۆنی کەژار رایگەیاند، ژنانی ئێرانی ڕادێکاڵانە جەخت لە داواکانی خۆایان دەکەنەوە و پێشەنگایەتیی تێكۆشانی دیموکراتیک دەکەن.

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) دەربارەی سەرهەڵدانەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و پێشەنگایەتیی ژنانی ئێرانی لە چالاکییەکاندا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  قسەى کرد.

 

پەیمان ڤیان دەربارەی بێ ڕۆڵکردنی ژنانی ئێران و کاریگەریی قەیرانی دارای لەسەر ژنانی ئێران وتی: "ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی کە ئێران ڕووبەڕووی بووەتەوە کاریگەرییەکی گەورەی بواری سیاسی و ئابوورییەوە لەسەر ئێران و گەلان و ژنان داناوە. ئەوەی لە ناو کۆمەڵگاشدا زۆرتر ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی ئابووری دەبێتەوە ژنان، چونکە بە ساڵانە ڕژێمی ئێران ژنان لە بواری ئابووری، سیاسی کۆمەڵایەتی بێ ڕۆڵ کردووە و ڕێگا نادات ژن ببێتە خاوەن ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی و مافەکانی خۆی بپارێزێت".

ژنان ڕادیکاڵن لە داواکانی خۆیان

ئەو ئەندامەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ئاماژەی بە سیاسەتەکانی ئێران لەسەر ژنان کرد وتیشی : "ئێران بە سیاسەتی تەنگکردنەوەی مافەکانی ژنان ڕیگای لەو ژنانە گرت، کە لە دژی سیستم دەوستنەوە. ژنانی مەجبوری ئەو ڕێگایانە کرد کە خۆی بۆی داناوون، وای لە ژنان کردووە، کە مەجبور بە زێهنییەتی پیاوساڵاری ببن، ژنانی هاندا بۆ ئەوەی بەرەو ڕێگای نا ئەخلاقی بڕۆن، ئەوەش بووەتە هۆکار پێشکەوتنی لە شفرۆشی".

"ژنانی ئێرانی فشار قەبووڵ ناکەن"

دەربارەی تایبەتمەندیی ژنانی ئێرانی پەیمان ڤیان باسی لەوە کرد: ژنانی ئێرانی خاوەن تایبەتمەندییەکن فشار لەسەر خۆیان قەبووڵ ناکەن، لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەوەی فشارێکی زۆر لەسەر ژنان هەبووە، بەڵام ژنان سەری خۆیان دانەنەواندووە. ئێران هەوڵی دا ژانان بەرەو ڕێگای جیاواز بەرێت، بەڵام نەیانتوانی ئێرادەی ژنان تێکبشکێنێت، بۆیە لە ماوەی رابردوودا ژنانی ئێران پێشەنگایەتیی ناڕەزایتییەکانیان کرد و داوای مافەکانی خۆیان کرد. لەبەر ئەوەشە بەشێکی ژنانی سیاسی ئێستا لە زیندانن، لەگەڵ هەموو مەترسییەکان ژنان جەخت لە داخوازییەکانی خۆیان دەکەنەوە.

لەسەر داوای مافە سەرەتاییەکان دەیان ژن زیندانیکراون

پەیمان ڤیان سەرنجی ڕاکێشایە سەر ژنانی زیندانی لە ئێران و وتی: "لە ئێستادا بە دەیان ژن لە زیندانەکاندان و هۆکاری زێندانیکردنی ئەوانیش تەنها ئەوەیە، کە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان کردووە و هەوڵی خۆ ئازادکردنیان داوە. ژنان لە چالاکییەکاندا هێز دەدەن بە کۆمەڵگا و ناهەقی قەبووڵ ناکەن. ژنان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر خاوەن ڕۆڵن لە پێشەنگایەتیی چالاکییەکاندا، بەو چالاکییانەش پەیامی توند دەدەن بە ڕژێم و دەڵین، 'بەو قانونانەی دروستتان کردوون لەسەرتاوە تا کۆتایی دژ بە ژنە، و ئەو قانونانە ناتوانی ببێتە چارەسەر'،".

ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەریی لەسەر ژنانی ئێران داناوە

دەربارەی کاریگەریی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا لەسەر ژنانی ئێران ئەو ئەندامەی کەژار وتی: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژنان بوونەتە خاوەن ڕۆل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەش وا دەکات ‌هێز بدات بە ژنانی ئێرانی، کە زیاتر باوەر بە خۆیان بکەن بۆ پێشەنگایەتیکردنی چالاکییە ناڕەزایتییەکان. ژنان ئەگەر سەرهەڵدان بکەن ئەوە هێز دەدنە تەواوی کۆمەڵگا، بۆیە ئێران لە ئێرادە و هێزی ژنان دەترسێت، ئێران هەوڵ دەدات لە کەسایەتی ژناندا کۆمەڵگا بێدەنگ و سەرکوت بکات و ژنان بە گەورەترین ئۆپۆزیسیونی بەردەم خۆی دەبینێت".

داوا ئاساییەکانی ژنان وەک داوای سیاسی دەبێنرێن

لە درێژەی قسەکانی سەرنجی ڕاکێشایە سەر چالاکییەکانی دوو ساڵی رابردووی ژنانی ئێران لە پێناو لابردنی قانونی ئیجباریی حیجاب و جەختی لەو کردەوە، کە مافی ئاسایی ژنانە، کە چ جلوبەرگێک لەبەر بکەن، بەڵام لە دوای هاتنە سەر کاری ڕژێم یەکەم کاری ئەو رژێمە ئەوە بوو، کە مافی سروشتیی ژنانیان قەدغە کرد، حیجابیان بە گوێرەى قانون بە سەر ژناندا سەپاند، لە رووی سیاسی و هونەری و وەرزشەوە ڕیگرییان لە ژنان کرد، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوانە مافێکی ئاساییە و داوای سیاسیی نین، بەڵام ڕەوشی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە داوا ئاسایەکانی ژنان وەک داوایەکی سیاسی ببینرێت، کاتیێک داوای داواکارییەکانی خۆیان دەکەن وەک ئەوەی دەبینرێت کە دژی قانونی ئێران کار دەکەن، لە ئێستادا نێرگز محەمەدی لە زیندانی ئێران ئەشکنجە دەکرێت، لەبەر ئەوەی داوای کردووە، کە حیجابی ئیجباری نەمێنێت. ئێمەش وەک کەژار ئەوە بە مافێکی ئاسایی ژنانی دەزانین و دژایەتیکردنی ئەو یاسایانە بە بەشێک لە تێکۆشان دەزانین، پێشمانوایە ئەو ڕژێمە بە زێهنییەت دژی ژنە و لە قانونی ئێستای ئێران لە سەرەتادا باسی پیرۆزیی ژن دەکرێت، بەڵام ناوەڕۆکی قانونەکە بە تەواوی دژ بە هەموو ژنانە.

دەبێت دژی قانونی بنەڕەتیى ئێران (دەستوور) بین

پەیمان ڤیان لە بەردەوامیى قسەکانیدا بە گرنگییەوە باسی لە تێکۆشانی دژ بە قانونی بنەڕەتی کرد و وتی: دەبێت تێكۆشانی ئێمە دژ بە قانونی بنەڕەتیى ئێران (دەستوور) بێت، بە گوێرەی قانونی ئێران ڕێگا لە ژنان دەگیردرێت، کە مافەکانی وەک وەرزش، هونەر و فەرهەنگ بەکار بهێنن. هەر بە گوێرە قانونی ئێران ڕیگا دراوە بە هاوسەرگیریى کچان لە  تەمەنی منداڵیدا، بۆیە دەبێت کاری ئەساسی ئێمە تێکۆشان بێت دژی قانونی ئەساسیی ئێران و دژی زێهنییەتی پیاوسالاری و پیرسالاری بێت، کە لە ئێستادا لە ئێراندا بوونی هەیە.

هەروەها وتیشی: لە ئێستادا بە هەزاران ژنی ئێران لە زیندانن و ئەشکجنە دەکرێن. ئێران هەوڵ دەدات مافە سەرەتاییەکانی ژنان پێشێل  بکات بۆ ئەوەی ڕیکخستنەکانی ژنان بە داخوازیی بچووکی وەک مافی سەرەتایی قەتیس بکات، ئامنجیان ئەوەیە کێشەی ژنان تەنها بکاتە کێشەی حیجاب، بەڵام کێشەی ژنان سەرچاوەی خۆی لە هەبوونی زێهنییەتی کلاسیکی ویلایەتی فەقێ دەگرێت و ئەوەش ڕاستەخۆ دژ بە ژنانە.

"هێزی خۆپاراستن پێوستییە"

دەربارەی هەڵگرتنی هۆکاری چەک ‌و هێزی خۆپارستنی ژنان ئەو ئەندامەی کەژار ئاماژەی بەوەدا: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران ئەوەی پێوستی بە خۆپاراستن هەیە ژنە، چونکە لە بواری جەستەیی و فکری کۆمەڵکوژ دەکرێت. ئەگەر لەو سەردەمەی کە تیایدا دەژین هێزی خۆ پاراستن و خۆڕێکخستن کردنت نەبێت ناتونی لەبەرامبەر ئەو زێهنییەتە، کە ئێستا زاڵە لە ئێران تێکۆشان بکەیت.

ئەوەی ئێستا بۆ ژنای ئێرانی پێویستە دوو خاڵە:

یەکەم: خۆ بەڕیکخستنکردن و دروستکردنی یەکێتیی ژنان؟

دووەم: دروستکردنی ‌هێزی پاراستنی ژنان.

 پاراستن تەنها بەواتای چەکداریی نییە، بەڵکو ئەگەر ژنان بتوانن لە بواری خۆ بەرێکخستنکردندا لە بواری زانستی خۆیان پێش بخەن ئەوەش دەبێت بە بەشێک لە پاراستن، بەڵام لە رۆژی ئەمڕۆدا ژنان بە زۆری لە بواری جەستەیی ڕوو بەرووی کوشتن و ئەشكنجە دەبنەوە، بۆیە هەڵگرتنی چەک بۆ پارستنی ژنان ئەرکە. ئێران هەوڵ دەدات ئەو کوشتن و ئەشكەنجەیەی، کە ئەنجامی دەدات وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پیشان بدات و بە گرنگی نازانێت و لێپرسینەوەش ناکات، بۆیە پێوست دەکات هێزی چەکداری ژنان دروست بکەین. وەک چۆن داعش ‌هێرشی ژنانی کرد و ژنان خۆیان پاراست و ڕووبەروویان بوونەوە لە ئێستاشدا لە ناو ئێران لە بەرامبەر زێهنییەتی ڕژێم کە دژی ژنە پێویستمان بە هێزی پاراستنی ژنان هەیە.

ژن پێشەنگایەتیی تێکۆشان دەکات بۆ ئێرانیکی دێموکراتیک

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، تێکۆشانی ئێمـە تەنها بۆ ژنانی کورد نییە، بەڵکو بۆ تەواوی ژنانی گەلانی ئێرانە. وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) دەمانەوێت هەموو ژنان لە باوەش بگرین. پاراستنی ژنانی فارس و بەلوچ بە ئەرکی خۆمان دەزانین. تێکۆشانی ئێمە دژ بە زێهنییەتی دەسەڵاتداری ئێرانە، لە مێژوودا تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەمێشە ژنان بە تێکۆشانی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، بۆیە ئەوەی لەبەر ئەو زوڵمە ڕادەوستی بەرخودانە، هەموو ژنانی ئێرانیش هەموو مەترسییەکیان لەبەرچاو گرتووە و بەرامبەر ستەمی ڕژێم ڕاوستاون، ژنان لە ئێراندا ژن ئەشكنجە کراون کۆمەڵکوژ کراون، بەڵام ‌هێچ کاتێک ژنان سەریان بۆ ڕژێم دانەنەواندووە، هیچ کات ژنان وازیان لە باوڕەکانی خۆیان نەهێناوە. لە ئێستادا ژنان بە لەبەر چاوگرتنی هەموو مەترسییەکان و زیندان هاواربۆ ئازادی دەکەن. ئەوەش وادەکات ئێمە هەموومان ئەرکدار بکات جا چ لە ناو کۆمەلگا بێت یاخود لە ناو پەرلەمان یاخود لە سەر چیاکان، دەبێت هەموومان خۆمان بکەینە یەک و تێکۆشانی ئازادیی ژنان سەر بخەین بۆ ئەوەی جارێکیتر مێژوو بیسەلمێنێت، کە ژن پێشەنگایەتیی تێکۆشان دەکەن بۆ ئێرانێکی دیمواکراتێک و ئازاد.

ر.م