چاودێرانی سیاسیی کەرکوک: تورکیا پەکەکەی کردووەتە بیانو بۆ داگیرکردنی باشوور

چاودێرانی سیاسیی شاری کەرکوک پیانوایە تورکیا نەهاتووە بۆ لە ناوبردنی حزبێکی دیاریکراو، بەڵکو هاتووە بۆ داگیرکردنی باشوور و رۆژئاوای کوردستان.

چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەنە کوردان کە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی دژایەتیی یەك حزب و لایەنیکدا نەبینن، بەڵکو دژایەتیی گشت نەتەوەی کوردە.

ستار جەباری نووسەر و چاودێری سیاسی دەربارەی بێ هەڵوێستیی حکومەتی عیراق بەرامبەر بە هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: "سەرەتا ئیدانەی بێ هەڵوێستیی حکومەتی عێراق دەکەم و پاشان ئیدانەی دەوڵەتی تورک دەکەم،  چونکە عێراق خاوەن دەوڵەتە و دەتوانێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان رێگری لە تورکیا بکات تا فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی عێراقدا نەفڕێت، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق ڕێگە خۆشکەرە لە بەردەم هێرشەکانی تورکیا."

دەربارەی هۆکاری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ستار جەباری راشیگەیاند: "مێژووی داگیرکاریی تورکیا مێژوویەکی زۆر کۆنە و چاویان لە داگیرکردنی گشت ناوچەکەیە بەتایبەتی ئێستا خەو بە داگیرکردنی ویلایەتی حەلەب و موسڵ-ەوە دەبینن، بەڵام ناتوانن ئەم خەونە بێنە دی، چونکە ئەم خەونە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی دەوڵەتی تورک، ئەم غرورەی تورکیا هەمان غروری نازیەکانە، کە بووە هۆی ئەوەی سەدان ساڵ ئەڵمانیا دوابکەوێت."

هەروەها ناوبراو ئەوەشی وت: "ئەگەر تورکیا مافی کورد نەدات ئەوە خۆی زەرەرمەند دەبێت، چونکە بە مافدان بە کوردان ناوچەکە ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و ئەو پارەیەی تورکیا لە چەک سەرفی دەکات دژی کورد دەتوانێت ئەو پارەیە بەکار بهێنێت بۆ پێشخستنی وڵاتەکەی."

وتیشی: "تورکیا نەهاتووە بۆ لە ناوبردنی حزبێکی دیاریکراو، بەڵکو هاتووە بۆ داگیرکردنی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، ئێمە و رۆڵەکانی کوردستان ناهێڵین بستێک خاکەکەمان داگیر بکات و ئەو خەونەی تورکیا لە گۆڕ دەنێین."

هەروەها هێمن حەسیب چاودێرێکی سیاسیی شاری کەرکوکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "لە دوای بەهاری عەرەبی تورکیا لە سوریا و میسر و لیبیا شکستیهێنا لە رووی هەژموونی خوازی تورکیا و رەوتی ئیخوانی خوازەکان. رۆژ لە دوای رۆژ ئەردۆغان و حزبەکەی زیاتر شکست دەهێنێت و قەیرانەکانی وڵاتەکەی رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات چ لە ڕووی ئابووری و چ لە رووی سیاسییەوە، بۆیە تورکیا بەردەوام کێشە دەخوڵقێنێت وەکو هێرشی سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان تا چاوپۆشی لە سەر شکستەکانی بکات کە ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان".

باسی ئەوەشیکرد "هۆکارێکی دیکەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا ئەوەیە، کە نایەوێت ئەزموونێکی وەکو باشووری کوردستان لە رۆژئاوا دروست بێت، چونکە دروستبوونی کیانێک لە رۆژئاوای کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر باکوری کوردستان دەبێت".

دەربارەی دواڕۆژی تورکیا لە سەر ئەم سەرکێشیانە ناوبراو ئەوەشی وت: "ئەم سەرکێشییەی تورکیا لە کۆتایدا بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە و دەبێتە دۆزەخێک بۆ تورکیا. لە سوریا لەگەلڵچارەسەر بوونی دۆخی سوریا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڕیاردەدات لەسەر ناوچەکە و ئەم سەرکێشیانەی تورکیا و پێشێلکارییەکانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکاری و بەزاندنی سنوور و ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە و دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییەوە و دەبێت باجەکەی بدات".

هەروەها دەربارەی مێژووی داگیرکاریی تورکیا لە ناوچەکە بورهان حاجی سڵێمان نووسەر و چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی  وت: " ئەگەر وەکو کوردێک بڕوانینە مێژووی ٥٠٠ ساڵەی تورکیا لە کاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان تا گوڕانی ناوەکەی بۆ کۆماری تورکیا هەمیشە لەشکر کێشیی کردووە بۆ ناوچەکە بەتایبەتی بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان هەتاکو رۆژهەڵاتیش لە سەردەمی سەفەوییەکان گۆڕەپانی بوونی هێزەکانی تورکیا بووە تا لە شەڕی چاڵدێران یەکلایی بووەتەوە."

دەربارەی قسەکانی تورکیا لەسەر لێدانی پەکەکە لە باشوور بورهان حاجی سلێمان وتی: "لە ئێستادا حکومەتی تورکیا پەکەکەی کردووەتە بیانو بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکە، بەڵام پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٨ەوە بوونی هەیە. پێش بوونی پەکەکەش سەدان لەشکرکێشیی بۆ ئەم ناوچانە کردووە، بۆیە پەکەکەی کردووەتە بیانو بۆ خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر، کە داگیرکردنی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە تا خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندووبکاتەوە."

دەربارەی هەژموونی ئیستای دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە ناوبراو وتیشی: "لە ئیستادا دەوڵەتی تورک ئەو هەژموونەی دروستکردووە چ بە بوونی سەربازیی لە باشووری کوردستان، کە نزیکەی ٢٠ بارەگای سەربازیی هەیە و چ لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بێت، چونکە تورکیا توانیویەتی پەل بهاوێژێتە هەموو شوێنێکی باشووری و رۆژئاوای کوردستان."

هەروەها ناوبراو دەربارەی هۆشیاری کورد لەم پرسەدا ئەوەی وت: "پێویستە کورد پرسەکە بچووک نەکاتەوە تا بڵێین ئەمە دژایەتیی تاکە حزبێکە وەکو پەکەکە، بەڵکو ئەمە دژایەتیی نەتەوەیەک دەکات بەناوی کوردەوە و دژایەتیی نشتیمانێک دەکات بە ناوی کوردستانەوە، ئەم هێرشانە تەنها بۆ لێدانی لایەنێکی دیاری کراو نییە."

دەربارەی هۆکاری بە ئامانج گرتنی پەکەکە لەلایەن دەوڵەتی تورک بورهان حاجی سلێمان ئەوەشی وت: "تورکیا دەیەوێت پەکەکە لەناوبەرێت، چونکە رێگری لە پلانە گەورەکەی تورکیا کردووە، بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەم بەربەستە لە پێش خۆی نەهێڵێت بۆ ئەوەی کە چۆن لە سەدەکانی ڕابردوودا حوکمی ئەم ناوچانەی کردووە بە هەمان شێوە جارێکی دیکە هەژموونی زیاد بکات تا خەڵکی ناوچەکە ملکەچی دەوڵەتی عوسمانیی تازە بکاتەوە".

ر.م