چەلیک: گۆشەگیرکردن تاوانە و دەبێت باجی ئەو تاوانە بدرێت
توما چەلیک پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، دەبێت بە خێرایى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لاببرێت. راشیگەیاند "ئەوە تاوانە و رۆژێک دێت باجی ئەو تاوانەیان دەدەن".
توما چەلیک پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، دەبێت بە خێرایى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لاببرێت. راشیگەیاند "ئەوە تاوانە و رۆژێک دێت باجی ئەو تاوانەیان دەدەن".
توما چەلیک پەرلەمانتارى پارێزگاى مێردینى هەدەپە لەبارەى گۆشەگیریى قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، حیزبەکەیان پرۆژەى ئۆجالانە، کە بۆ ژیانى هاوبەشی هەموو گەلان، ناسنامە جیاوازەکان، پێکهاتەکان و ئایین و ئایینزا جۆراجۆرەکان ئافرێنراوە. پرۆژەى کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە)، یان پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) یەکێک لە کارە سەرەکییەکانى ئەو ئامانجەیە".
"گەل لە گۆشەگیرکردن تۆڕەیە"
چەلیک باسی ئەوەیکرد، ئۆجالان هەموو رەنگە جیاوازەکانى تورکیاى لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە و دەیەوێت ئاشتی و دیموکراسی بچەسپێت، بۆیە گۆشەگیرکردنى رێبەرێکى لەو شێوەیە قبوڵ ناکرێت.
ئەوەشى وت "بۆیە ئێمەش وەک هەدەپە ئەو گۆشەگیرییە هەرگیز قبول ناکەین. دەبێت لەو پێناوەدا چیمان لە دەست بێت ئەنجامى بدەین. بۆ لابردنى گۆشەگیری ئێمە لە کۆمسیۆن و ئاستە جۆراجۆرەکاندا لە هەوڵ و کارداین".
پەرلەمانتار چەلیک باسی ئەوەشیکرد، لە ٥ى نیسانی ٢٠١٥ەوە رێگانادرێت هیچ کەس و لایەنێک ئۆجالان ببینێت و لە ١١ى ئەیلولی ٢٠١٦ەوە، کە دوایین چاوپێکەوتنى بنەماڵەکەى بوو، ئیتر هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەى ئۆجالانەوە لە بەردەستدا نییە.
چەلیک وتیشی "ئێمە باسی رێبەرێکى گەل دەکەین کە بەهۆی هەوڵەکانییەوە بۆ ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی گۆشەگیرکراوە. گەلی کورد ئەوە قبوڵ ناکات. ئێمە ئەو نیگەرانی و توڕەیى گەلەکەمان لە ئەوروپا و لێرە دەبینین. لە تورکیا سانسۆرکردن و شاردنەوەیەکى زۆر جدی هەیە و ئێمە کاتێک کارى خۆمان بەڕێوەدەبەین ئەو بێزاری و توڕەیەى گەل دەبینین. لەبەر ئەوەش بۆ ئەوەى ئەم دۆخە بەردەوام نەبێت، دەبێت تێکۆشان گەش بکەین".
"هەموو ئەوانەى بوونەتە هاوبەشى ئەم تاوانە، دەبێت دەست لە تاوانەکەیان هەڵگرن"
چەلیک راشیگەیاند "لە رووی مرۆیی، مافەکان و ویژدانەوە گۆشەگیرى بوونى نییە. ئەو کەسانەى کە بڕیارى گۆشەگیرکردنیان داوە دەبێت بەخێرایى لەو بڕیارە هەڵەیەیان پاشگەز ببنەوە. لە هەڵە زیاتر، ئەوە تاوانە".
ئەوەشى وت "ئەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتداران خۆ هەتا هەتایە لەسەر دەسەڵات نامێننەوە. هەر کەس هاوبەشی ئەم تاوانەیە دەبێت دەست لە تاوانەکەى هەڵگرێت و لێى پاشگەزبێتەوە. چونکە رۆژێک دێت کە ناچار دەبن باجی ئەو تاوانەیان بدەن. گەورەترین دیکتاتۆری، سیستمى زۆرداری و دواکەوتوانە لە هەر شوێنێکى جیهاندا بوو بێت، باجی تاوانەکەی داوە و گەل حسابی لێپرسیوەتەوە. ئەم دەسەڵاتەش رۆژێک دێت کە دەبێت باجی هەموو کردەوەکانى بدات".
ر.م