چەند وتەیەک لەبارەی ئەو فەرمانانەى لە دژ ئێزدییەکان ئەنجامدراون

کوشتنى ئێزیدییەکان تاوەکو سەردەمى ئەمڕۆشمان بەردەوامە. چەتەکانى داعش لە ٣ى ئابی ٢٠١٨ / ١٢ى گەلاوێژ، هێرشیان کردە سەر شەنگال و هەوڵیاندا ٧٤هەمین فەرمانى کۆمەڵکوژکردن لە دژى کۆمەڵگەى ئێزدی ئەنجام بدەن.

مێژووى ئێزدییەکان مێژووى کۆمەڵکوژکردنیان و کوشتار و دوورخستنەوەیانە. ئەوەى ئێزدیى وەک ئایینێک رێکخست شێخ ئادى بوو. شێخ ئادی بن موسافر ساڵی ١٠٧٥ لە گوندی بەتل فار (ئێستا پێى دەڵێن هربەت کانافار) لە لوبنان لە دایکبووە. لە تەمەنى گەنجیدا لەلاى ئیمامی قازی، کە یەکێکە لە کەسایەتییە ئاینییە گرنگەکانی عیرفان و سۆفیگەری، خوێندوێتی.

عەبدولقادری گەیلانیى کورد (حەزەرەتی غەوس) و دامەزرێنەری تەریقەتى قادریی ناسنی و دواتر لەگەڵ برازاکەیدا، واتە لەگەڵ شێخ حەسەن دا لە دەشتى لالەش نیشتەجێ بوو. لەو کاتەدا دەشتى لالەش لە دەورووبەرى موسل، لە کۆنترۆل و ژێردەستى هێزى کوردی جۆلەمێرگییەکاندا بوو. بەپێى هەندێک سەرچاوە پێشینیان و باو باپیرانى شێخ ئادی لە کۆمەڵکوژیى هێزە ئیسلامییەکان لە ناوچەى جۆلەمێرگ هەڵهاتوون و چوون بۆ لوبنان و لەوێ نیشتەجێ بوون. دواتر شێخ هادى گەڕاوەتەوە بۆ شوێن و زێدی خۆی و پێشینانی و سەنتەزی میترایزم و زەردەشتى ئافراندووە و ئێزدییەکان لە دەوری کۆبوونەتەوە... (رۆڵەکانى خۆر؛ ئێزدی. محەمەد ئۆزجان).  

شێخ ئادى بە بەرخۆدانەکەى بۆ بڵاوکردنەوەى ئێزیدیاتى ناوبانگى دەرکرد

شێخ هادی لە لالەش زەردەشتیى لە ئاستێکى گرنگ و بەشێوەیەکى جەوهەری بە ناو ئێزیدیاتى نوێکردەوە و شێوازی بیردۆزیى بەرخۆدانى نوێى کردە سیستم. شێخ هادی و هەڤاڵەکانى بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ لە ناوچە شاخاوییەکانى نێوان جۆلەمێرگ و سنجار (شەنگار) مانەوە و هەوڵیاندا لە ناو کۆمەڵگەى کورد دا ئێزیدیاتى بڵاوبکەنەوە. شێخ هادی بە تێکۆشانەکەى لە دژى داگیرکەران، بە قارەمانێتییەکەی و بەرخۆدانەکەى ناو و ناوبانگى دەرکرد.

ئەوەش بووە هۆى ئەوە لە ناوچەکەدا ژمارەیەکى زۆر کەسی ناڕازی پشت بە شێخ ئادى ببەستن و وەک رزگاریدەر سەیرى بکەن. بەهۆى ئەوەى بە رووخۆشی و گەشبینیەوە لە مرۆڤەکان نزیک دەبەویەوە، زۆر کەس لە دەوری کۆبووبوونەوە. شێخ هادى لەلایەن ئەو کەسانەوە بە سیفاتى وەک "موجاهیدی هاوچەرخ" ناودەبرا. شێخ هادی ساڵی ١١٦٢ لە لالەش کۆچى دوایى کرد... (رۆڵەکانى خۆر؛ ئێزدی. محەمەد ئۆزجان).

ئایینى ئیسلام لەلایەن عەباسییەکانەوە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کۆنەپەرستى برا

هەر چەند مرۆڤ ئێزدیاتى لە راستى و کەسایەتیى شێخ ئادی دا پێناسەش بکات، بەڵام ئەوە روونە ئێزدیاتی کولتور و رۆشنبیری و ئایینێکى زۆر دێرینە. بێگومان دواى ئەوەی ئیسلام چووە پرۆسەى دەوڵەت و دەسەڵاتەوە پەیوەندیى لەگەڵ رۆشنبیریى تەریقەت و ئەو ئایینزایانەدا پەیداکرد، کە دروستبوون. ئایینى ئیسلام لەلایەن عەباسییەکان لە سەدەى ١٠ و ١١ بە دواوەوە بەرەو کۆنەپەرستى برا. ئیسلام کە بووە دەسەڵات و بوو بە دەوڵەت نەیتوانى خۆى نوێ بکاتەوە و خۆى لە گفتوگۆ دوورخستەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان لە "کێشەی کورد و چارەسەریى نەتەوەیى دیموکراتیک"دا دەڵێت "لە ناو کورد دا لە دەشتەکاندا ئەوە دەبینین، کە تەریقەتی تەسەوفی لە دژى توانەوە و لەناوچوون خۆڕاگرییان کردووە. تەسەوف لە ئیسلامدا لە دەرەوەى دەوڵەت و دەسەڵاتە. تەسەوف ئەو ئیسلامە، کە بە بەرفراوانی لە ئەخلاقی و ویژدانی کۆمەڵگە تێگەیشتووە و دەیخاتەڕوو. نوێنەرایەتیى ئیسلامى کۆمەڵگە دەکات، کە خۆی لەگەڵ دەوڵەت نەکردووە بە یەک و دەسەڵاتى پێخۆش نییە و دەیەوێت ئایین بە ویژدان و تێگەیشتنى کەسی بێت.

ئەو راستییە مێژووییەی کۆمەڵگە، مرۆڤی مسوڵمان دەخاتە ناو دوو کاتاگۆری و بژاردەوە. بژاردەى دەسەڵاتپارێزى – دەوڵەت پارێز، یان بژاردەی کۆمەڵایەتى و کۆمەڵگە. ئیسلامى کۆمەڵگە رێگایەکى واى نییە جگە لەوەى لەگەڵ تەسەوف بژی. رێکخستنبوونى بەو شێوەى تەریقەتى گەلپارێزی، ئەو راستییەش دەخاتەڕوو. ئیسلامى کۆمەڵگە پەیوەندیى بە دیموکراسییەوە هەیە. لە دژى ئەو ئیسلامەیە کە لەگەڵ دەسەڵاتدایە. تەسەوف رێکخستنى کۆمەڵایەتیى ئیسلامە و شێوەیەکە لە پەناگە بۆ پشتیوانیکردن لە گەل".

کۆمەڵگەى دژ بە ئیسلامى دەوڵەتى هەوڵ دەدات رێگایەکى تر بدۆزێتەوە و درێژە بە ژیانى خۆی بدات

کاتێک مرۆڤ سەرنج دەدات، ئەوە دەبینێت هەم گەل و هەم کۆمەڵگە جیاوازەکان هەوڵیان داوە لە دژی ئیسلامى دەوڵەت رێگایەکى جیاواز بدۆزنەوە و درێژە بە ژیانى خۆیان بدەن. لەبەر ئەوەش پێشکەوتن و سەرهەڵدانى تەریقەتەکان گرنگن. بە عەرەبی تەریق یانى رێگا. وتەى تەریقەت ماناى فرە رەنگی و ماناى چەندین رێگا دەدات.

دەستەواژەى مەزهەبیش بە مانای چوون و رۆیشتنە، واتە لە رۆیشتن بە رێگادا سەرچاوەى گرتوە، بۆیە ماناکانى تەریقەت و مەزهەب لە یەکترەوە نزیکن. تەریقەت لە تەسەوفدا بە ماناى رێگایە، مەزهەبیش لە شەریعەتدا بە ماناى رێگایە. تەریقەت پشتبەستووە بە تێگەیشتن و دۆزینەوە و ئیلهام و مەزهەبیش پشتبەستووە بە گواستنەوە و وەرگرتن (کتێبى پیرۆز و پێغەمبەر)".

نزیکاییەتى دەوڵەتپارێزی و دەوڵەتپەرستى مەزهەبی لە راستیى کۆمەڵگە دوورخستەوە

عەبدوڵا ئۆجالان لە "کێشەى کورد و چارەسەریى نەتەوەیى دیموکراتیک" دا دەڵێت "لەبەر ئەوەى نێوانى کورد و دەسەڵات خراپبوو، لە ناو کۆمەڵگەى کورددا بزووتنەوەى تەسەوف فرە زیاد و قوڵبوون. دامەزرێنەری بەشێکى زۆر لە تەریقەتەکانى تەسەوف بە رەچەڵەک کوردن. ئەوەش پەیوەندیى بە راستیى کۆمەڵگەوە هەیە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت تەریقەت رێکخستنى خۆپاراستنى گەلە. ئەو رۆڵەى سەندیکاکانى چینی کرێکاران لە دژى دەسەڵاتى کاپیتالیست دەیگێڕێت، تەریقەتی تەسەوف لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە چاخەکانى ناوەڕاستدا هەمان رۆڵى گێڕاوە. هەم لە رووی باوەڕ و رامانەوە و هەم وەک رێکخستنێکى ئابووری و پاراستن بەو رۆڵە هەستاون".

تەنها لێکدانەوەى ئێزدیاتى وەک باوەڕ، بەشی تێگەیشتن لە ئێزدیاتى ناکات

بەپێى ئەو راستییە مرۆڤ ئەوە دەبینێت، کە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە تایبەتى لە کوردستان چەندین تەریقەت دروستبوون. جگە لە تەریقەتەکانى قادری، نەقشبەندی، روفاهیتی (ریفاعی) و نوربەخشی لە ناو کورد دا ئێزدیاتى، یارسانی و عەلەوێتیش دروستبوون. کۆمەڵگە بۆ ئەوەى لە دژى زوڵم و گوشارەکان بتوانێت خۆى لەسەر پێ رابگرێت و بە ئاشکرا بتوانێت خۆڕاگری بکات – ئەوە زۆر جار بە ماناى پاکتاوکردن و لەناوبردنى بە کۆمەڵ بووە – یان بەشێوەیەک لە شێوەکان رێگایەک بدۆزێتەوە کە بتوانێت خۆی پێى بناسێتەوە و خۆی پێ دەرببرێت و هەم لە بەرامبەر سیستمى زۆردارانە و ملهوڕانەدا، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ناوکۆکی و دژبەریى  تەواویشدا نەبێت لەگەڵ ئەو سیستمەدا، رێگایەک بۆ درێژەدان بە ژیانى خۆى بدۆزێتەوە.

کاتێک مرۆڤ ئێزدیاتى لەسەر ئەو بنەمایە لێکبداتەوە، دەکرێت بوترێت کۆمەڵگەى خۆیان بەو شێوەیە لەسەر بنەماى دیموکراتیک دەربڕیوە و بەرگریى لە خۆى کردووە و رۆشنبیری و ئابووریى خۆى پاراستووە.

ئەگەر ئێمە ئێزدیاتى بەوشێوەیە لێکبدەینەوە و هەڵسەنگاندنى بۆ بکەین و لەو شتانەى کە روویانداوە وردبینەوە ئەوا دەردەکەوێت، کە ئێمە دەتوانین لە رێگەى ئەو رێچکەیەوە دەستکەوت بەدەست بهێنین. هەڵبەت رەگى ئێزدیاتى لە قوڵاى مێژوودایە و دەکرێت ئەو رەگە بە ئەندازەی کوردان ریشەدار بێت و بگەڕێتەوە بۆ قوڵایى مێژوویى دێرین.

٢ دەقی پیرۆز کە لەلایەن شێخ ئادی-یەوە نووسراون

٢ دەقی پیرۆز کە شێخ ئادی نووسینى و پێشیخستوون بوونیان هەیە. یەکێکیان جلوە-یە و ساڵی ١١٦١ نووسراوە و کتێبى روونکردنەوەیە لە باری خوداوەندەوە. تیایدا باسی "ئایین، تەریقەت، رێگا، رێباز و ئاهەنگ و مەراسیمەکان دەکات". کتێبەکەى تریش مسحەفا رەش (موسحەفی رەش – کتێبی رەش - Mishefa Reş) و ساڵی ١٣٤٢وە نووسراوە. کتێبەکە باسی "دروستبوونى گەردون و ئێزدییەکان" دەکات. ئەو ٢ کتێبە هەر دووکیان بە زمانى کوردی و زاراوەى کرمانجی نووسراون.

هەر وەک رەگ و ریشەى ئێزدی، لەو ٢ کتێبەدا هەر وەک کتێبە پیرۆزەکانی زەردەشت، بە هەمان مانا و دەستەواژەکانى ئاڤێستا باسی یازدا، یازدان، یەزدان (خودا، مەلەک، ئەوەى مرۆڤ ستایشى دەکات) هاتووە. کورد لەم رۆژگارەماندا ئەو دەستەواژەیە زۆر بەکار دەهێنێت. ئێزدى  ماناى ئەزدا (ئەز – دا ، من – دام - بەخشیم)، یان ئەز دام (من بەخشیم)، ئەز ئافراندم (من ئافراندم و خوڵقاندم) بەکاردەهێنن.

دەستەواژەى خودێ داد (خودا داد و خودا بەخشیى) لەم رۆژگارەماندا لە ناو ئێزدییەکاندا وەک ناوی پیاوان بۆ پیر (گەورە پیاوانى ئایینى) بەکار دەهێنرێت. لە زاراوەى دملکیدا مازدا (ماز – دا ،  ئەوەى منی دا، ئەوەى منى بەخشی) بە ماناى خودا بەکار دەهێنرێت. ئەزدا = ئەوەى ئێمەى بەخشی و دروستیکردین = گەورەترین ناوی خودای ئێزدییەکان. خودا لەلاى ئێزدییەکان هەزار و یەک ناوی هەیە. ئێزدیاتى ئاینێکى دێرینى میزۆپۆتامیایە.

دەتوانین بڵێین، ئایینێکە میترایزم، مەزدایزم و زەردەشتیى لە خۆیدا حەواندووەتەوە و سەنتەزی کردوون و کاریگەریشی لە ئایینى یەکتاپەرستیى ئیبراهیمیش وەرگرتووە...

ئێزدیاتى دوالیزم (دوانەیى) لە زەردەشتیى لەگەڵ یەکتاپەرستی و یەک خودایى سەنتەز کردووە و دەرەنجامێکى لێدروستکردوون. ئێزدیاتى ئایینێکى یەکتاپەرستى و یەک خوداییە. خودا ٧ مەلەکی ئافراندووە. تاوسی مەلەک، مەلەکی ئەو مەلەکانەیە و ئەرکی بەڕێوەبردنى جیهانیان لە ئەستۆیە...

لە ئێزدیاتى سیستمى کاست (جۆرە سیستمێکى چینایەتى) بوونی هەیە. لە سەری سەرەوەی ئەو هەرەمەدا میربوون هەیە. بە ریز بەمشێوەیەیە؛ میری باوکی شێخ، شێخ، پیر، فەقیر، مورید. (رۆڵەکانى خۆر، محەمەد ئۆزجان).

ئێزدیاتى هیچ پەیوەندییەکى بە یەزیدەوە نییە

هەندێک کەس هەوڵ دەدەن ئێزدیاتى و یەزید پێکەوە ببەستنەوە، بەڵام ئەوە جگە لە هەوڵێکى پووچی بێکەڵک هیچى تر نییە. ئێزدیاتى هیچ پەیوەندییەکى بە یەزیدەوە نییە. ئێزدییەکان لەلایەن پێکهێنەرەکانى ئیسلامەوە زۆرترین کۆمەڵکوژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

شێخ ئادی دامەزرێنەرى ئێزدیاتییە. ئەوەشى ئێزدیاتیى گەشەپێداوە و پێشیخستووە و بڵاویکردووەتەوە شێخ حەسەن (شێخ سن)ە. شێخ حەسەن ئێزدیاتى لە دەرەوەى ئیسلام پێناسە دەکرد. لەبەر ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتدرانى ئەو کاتەوە بە مەترسی سەیر دەکرا و لە ئەنجامدا ساڵی ١٢٢١ لە موسڵ کوژرا. شەرەفەدین کوڕی شێخ حەسەن، کە دەیان وتە بەناوییەوە هەیە لە ناو ئێزدییەکاندا کاریگەرییەکى زۆرى هەیە. شەرەفەدین لە کاتى هێرشى مەغۆلەکان بۆ سەر ئێزدییەکان بەشداریى شەڕ بووە و ژیانى لە دەستداوە.

ر.م