چەندین سەربازى تورکیا لە لێلیکان و چارچێلا کوژران

گەریلاکانى هەپەگە لە لێلیکان و چارچێلا گورزیان لە یەکەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر وەشاند. لەو چالاکییانەدا چەندین سەربازى سوپاى تورکیاى داگیرکەر کوژران.

بەپێى ئەو زانیاریانەى بە دەستمان گەیشتوون، گەریلاکانى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) نیوەڕۆى دوێنێ دووشەممە لە دژی یەکینەکانى سوپاى داگیرکەری تورکیا لەسەر چیاى لێلیکان لە ناوچەى برادۆستی سیدەکان لە باشوورى کوردستان چالاکییان ئەنجامداوە.

هێزەکانی گەریلا لە هەمان کاتدا لە چیاى چارچێلا لە ناوچى گەڤەری جۆلەمێرگ بە چەکێکى تایبەت ئەو یەکەیانەى سوپاى تورکیایان کردە ئامانج، کە ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن دەکرد.

راگەیاندرا، لەو ٢ چالاکییەدا چەندین سەربازى سوپاى تورکیای داگیرکەر کوژراون.

هەروەها رۆژی دووشەممە لە ناوچەکانى نێوان شاخی گەنیش و کۆنسێرڤا لە ناوچەى شەمزینانى جۆلەمێرگ، ئۆتۆمبێلێکى کارى سوپاى تورکیا کە سەرقالی دروستکردنى رێگاى سەربازی بوو، لەلایەن گەریلاوە کرایە ئامانج و تەقێنرایەوە.

چاوەڕێ دەکرێت ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە لەبارەى ئەو چالاکییانەوە راگەیاندراوێک بڵاوبکاتەوە.

ر.م