کاسبکارانی جزیر: کار وا بڕوات ناچار دەبین دوکانەکانمان دابخەین

دابەزینی بەرچاوی نرخی لیرە لەبەرامبەر دۆلاردا، قەیرانی بۆ بازاڕ دروست کردووە و کاسبکارانی جزیر دەڵێن "ئەگەر کار وا بڕوات، دەڕابەی دوکانەکانمان دەهێنینە خوارەوە".

بەهۆی قەیرانی دیپلۆماسی ئەمەریکاوە، لە هەموو شوێنێک نرخی لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاردا دادەبەزێت و هیچ بەهایەکی نەماوە. پاش‌ئەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، گەمارۆی ئابووری دەخەنە سەر تورکیا، نرخی یەک دۆلار بۆ ٥.٤ لیرەی تورکی بەرزبوویەوە. ئەوەش پشتی کاسبکارانی شکاندووە.

کاسبکارێکی جزیر بەناوی ئادەم چیلاسوون کە تەمەنی ٢١ ساڵە و کاری کڕین و فرۆشتنی مۆبایل دەکات دەڵێت "هەتا نرخی دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە، خەڵکی لە کڕینی تەلەفۆن و مۆبایل دووردەکەونەوە. یان مۆبایلە کۆنەکانیان چاک دەکەنەوە، یان مۆبایلی دەستی دوو بەکاردەهێنن. بەوەش بازاڕی مۆبایلی دەستی دوو گەرمە". چیلاسوون وتیشی "ئەگەر نرخی دۆلار دانەبەزێت، بارودۆخ باش نابێت. ئێمە چوار کرێکارمان هەبوو، ناچار بووین دوانیان دەربکەین و ئێستا دوو کرێکارمان هەیە".

کەی لیمۆ بووە بە ٧ لیرە؟

کەمال ییلدزی تەمەن ٢٥ ساڵ پیش سێ ساڵ لەگەڵ سێ هەڤاڵی خۆیدا، قاوەخانەیەکیان دانا. ییلدز وتی "ئەوکات کە قاوەخانەکەمان کردەوە، کارمان باش بوو. ڕاستە شتومەک هەر گران بوو، بەڵام ئێستا ئێمە خۆزگە بەو ڕۆژانە دەخوازین".

ییلدز وتیشی "بۆ نموونە پێش سێ ساڵ لیمۆ بە ٢ لیرە بوو، ئێستا لیمۆ بووە بە ٧ لیرە. هاوینە، بەڵام ئێمە ناتوانین لیمۆ و مزرەمەنییەکان بکڕین و هیچی لێ سەرف نەکەین. ئەوەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کڕیارەکانمان".

عارف تەممەل، ماوەی ١٠ ساڵە نانەوایی دەکات و دەڵێت "نانێک کە من پیشتر بە ٢٥ قروشم دەفرۆشت، ئێستا ئەو نرخە دە قات زیادیکردووە. چیتر ناتوانین ئارد بکڕین و لەناو قەرزدا گیرمان خواردووە".

نرخی دۆلارێک بۆ ٦ لیرە بەرزدەبێتەوە

زەکی گەردەشی تەمەن ٣٤ ساڵ، مۆبایل دەفرۆشێت و دەڵێت "پێشتر کار هەبوو، ئێستا کار نەماوە. ئەوەش تەنگی بە هەموو کەسێک هەڵچنیوە".

وتیشی "ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە نرخی دۆلار لەبەرامبەر لیرەی تورکیدا داببەزێت. ئەگەر بارودۆخی وڵات بەم شێوەیە بمێنێتەوە، نرخی یەک دۆلار بۆ ٦ لیرەی تورکی بەرزدەبێتەوە".

هیچ کات هێندەی ئێستا بارودۆخ خراپ نەبووە

دەرویش عەباس، ماوەی ٢٠ ساڵە قاوەخانەی هەیە و دەڵێت "ئەوە بۆ سێ تا چوار ساڵ دەبێت، لە جزیر کار نەماوە. هەموو گەنجەکانمان بێکارن. پێش ئێستا کارمان باش بوو، گەنجەکانمان کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا وەک دەبینن، قاوەخانەکەمان چۆڵ و هۆڵە. کەس ڕوومان تێ ناکات و لەبەیانیەوە هەتا ئێوارە قاوەخانەکەمان چۆڵە. ئێواران هەندێک کڕیارمان سەردانمان دەکەن، بەڵام بە هەموویانەوە ١٠ مێز پڕناکەنەوە".

شارەوانی لەدەستی قەیومی بەزۆرداسەپێندراوی ئاکەپەدایە ئیدی ئێمە ڕوو لە کێ بکەین؟

دەروێش عەباس ڕوونیکردەوە، پێشتر شەش تا حەوت کەسیان خستووەتە کارەوە، بەڵام لە ئێستادا تەنها ٢ کەس لە قاوەخانەکەیاندا کار دەکەن. وتیشی "لەبەرئەوەی کە کار نیە، ناچارین کرێکارەکانمان لە کار دەربکەین. لەبەرئەوە ئێمەی جزیری خۆمان بە مەغدوور دەزانین. ئێمە دەمانەوێت نوێنەرەکانمان لە پشتمان بن، چونکە خۆی لە خۆیدا ئێمە شارەوانیمان نییە. ئێمە چی دەتوانین بڵێین. پێش چەند ساڵ نرخی چا  بە ٢٠ تا ٢٥ لیرە بوو، ئێستا ئەو نرخە بۆ ٤٠ لیرە بەرزبۆتەوە. چای ئاساییش بە ٤٥ لیرەیە. بەو شێوەیە پارەمان دەستناکەوێت و تەنها هیوایەک کە هەمانە، زستانە. ئەگەر لە زستانیشدا ئەم بێکارییە ئاوەها بمێنێتەوە، ناچار دەبین کە دەڕابەی دوکانەکانمان دابخەین".

لە خواردنی هەر نەفەرێک ٢٠٠ لیرە زەرەر دەکەم

سەلڤەر ییلمازی تەمەن ١٥ ساڵ لە خواردنگە کار دەکات و دەڵێت "ئێمە خواردن بۆ پرسە، شایی و کۆبوونەوەی کارگەکان دەبەین. لە بارودۆخی باشی ئابووریدا، ئێمە پارەی زیاتر وەردەگرین. بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی کە باج خراوەتە سەر هەموو بەرهەمێکی خواردەمەنی، زۆرمان لەسەر دەکەوێت و ئەوەش کاریگەریی خراپ لەسەر کارەکەمان دەکات. بۆ نموونە نرخی گۆشت بەرزبووەتەوە و ئەگەر گۆشتەکەش باش نەبرژێنین، چیتر کڕیارەکانمان ناگەڕێنەوە و بەوەش ڕێژەیەکی زۆری کڕیار لەدەست دەدەین. بەهۆی ئەوەی کە باری ئابووری خراپە، خاوەن شاییەکان لە هەزار و ٦٠٠ لیرە زیاتر نادەن بۆ خواردنی نەفەرێک. ئەوە لە کاتێکدایە کە نرخی ئەو خواردنە هەزار و ٨٠٠ لیرەیە و بەوەش ئێمە لە خواردنی هەر نەفەرێکدا ٢٠٠ لیرە زەرەر دەکەین. ئەوەش بۆ ئێمە زۆر زۆرە. ئەگەر کار وەها بڕوات، ناچار دەبین کە دەرگای چێشتخانەکەمان دابخەین و بڕۆین".

ر.م