کاڵکان: بەهێزی زیاترەوە دەست بە ٤١هەمین ساڵی تێکۆشان دەکەین

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، دوژمن هەوڵ دەدات خۆی نوێ بکاتەوە و دەست بە ساڵی ٤١هەم بکات، بەڵام لاواز و تەنگاوە. ئێمە زۆر بەهێزتر و بە رێکخستنکراوتر دەست بە ساڵی نوێ دەکەین. ئیدعامان گەورە و سەرکەوتنیشمان گەورە دەبێت.

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە بە بۆنەى ٤٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنى پەکەکەوە وەڵامى پرسیارەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە و باسی لە ئامانج و تێکۆشانی خۆیان بۆ ٤١هەمین ساڵی دامەزراندنى پەکەکە کرد.

کاڵکان رایگەیاند، لەسەر هێڵی رێبەرایەتى و شەهیداندا وانەى خۆرەخنەگرتن لە ساڵی ٤٠هەم وەردەگرن و لەسەر ئەو بنەمایە زیاتر بە بەهێزتر خۆیان بەرێکخستن دەکەن و بە بڕیار و پێداگرانە و بە پلان، دەست ساڵی ٤١هەم دەکەن.

"قۆناغێکى نوێى بەرخودان دەستپێدەکات"

کاڵکان راشیگەیاند "٤٠هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکە لە هەموو شوێنێکدا بە جۆشێکى گەورەوە پیرۆز دەکرێت. جەژنی ژیانەوە و بونیاتنانەوەى گەلی کورد پیرۆز دەکرێت. گەلەکەمان و دۆستەکانمان بە بڕوا و ئومێدێکى گەورەوە سەیری پاشەڕۆژ و داهاتوو دەکەن. بە جۆش و دڵخۆشی ساڵیادەکە پیرۆز دەکەن. لە هەموو شوێن و گۆڕەپانێکدا هەوڵ دەدەن لە راستیى رێبەرایەتى و پەکەکە تێبگەن. بە دروشمی 'ئێمە گۆشەگیری و فاشیزم تێکدەشکێنین' قۆناغێکى نوێ لە بەرخودان دەستپێدەکات".

 "بڕیارەکەى ئەمریکا نیشانەى تێکشکاندنی پیلانگێڕییەکەیە"

کاڵکان ئاماژەى بە بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە کرد و لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئەمریکا خۆی پێشەنگ و سەرکێشی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتییە و هەوڵ دەدات پیلانگێڕییەکەى سەرلەنوێ رێکبخاتەوە و نوێى بکاتەوە و پیلانگێڕییەکى نوێ دەستپێبکات. بڕیارەکەى ئەمدواییەیان بە مانای هێرشە لە دژی بەڕێوەبەرەکانمان، چونکە لە راستیدا ئەو بڕیارە نیشانى دەدات کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا و بە تایبەت لە ماوەی ٤٠ ساڵ تێکۆشانى حیزبەکەماندا، پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە پووچکراوەتەوە و تێکشکێنراوە. ئەگەر وا نەبوایە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بڕیارێک، کە هاوشێوەى بڕیارەکەى ٢٠ ساڵ لەوە پێشی دژ بە رێبەر ئاپۆیە، لە دژی بەڕێوەبەرەکانمان دەریان نەدەکرد".

کاڵکان راشیگەیاند "ئەو بڕیارە داننانە بە تێکشکاندنیاندا. دیار نییە چۆن دەجوڵێنەوە و چی بۆ بڕیارەکەیان دەکەن، بەڵام ئەوە دیارە کە دەیانەوێت هێرش بکەن. دەیانەوێت بەوە سەر لە خەڵک بشوێنن و هەندێک لایەنى کوردى بترسێنن و کورد لە یەک داببڕن و پارچە پارچەیان بکەن".

"ئێمە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین"

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە باسی ئەوەیکرد "فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە، کە سیاسەتى نکۆڵیکردن و سڕینەوە بەڕێوەدەبات بەرەو داڕمان و هەڵوەشانەوە دەڕوات و لە بەرامبەردا بزووتنەوەکەمان و گەل زۆر بەهێزن. بە بەراورد بە ٢٠ ساڵ لەوە پێش ئێمە زۆر زیاتر ئەزموون و دەستکەوتمان بەدەستهێناوە. ئێمە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین و لە سەرکەوتنداین. ئەگەر ئێمە بەردەوام بین لەسەر تێکۆشانەکەمان و هێرشەکان تێبکشێنین ئەو کاتە تێکۆشانی ئازادی سەردەکەوێت. دەبێت ئەوە ببینرێت و کاری بۆ بکرێت".

"ئەمریکا بە بڕیارەکەى ئەمدواییەى بەها و نرخی خۆی لە جیهاندا دۆڕاند"

کاڵکان وتى "دەبێت ئەو هێرشانە بە جدی بزانرێن، چونکە ئەگەر پاشکەتوخوازانى سەپاندنى سیاسەتى نکۆڵیکردن – سڕینەوە و هێزە گڵۆباڵ و جیهانییەکان توانایان هەبێت، یان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت دەیانەوێت کورد پاکتاو بکەن و بیسڕنەوە. دەیانەوێت پەکەکە پاکتاو بکەن، کوردان پارچە بکەن و درێژە بە سیاسەتى نکۆڵیکارانە و سڕینەوەى خۆیان لە دژی کورد بدەن. ئەو دۆخە مەترسیدارە تا ئێستاش لە ئارادایە و ئەو مەترسییە بە تەواوی لەناونەچووە. دەبیت کەس لەوەدا تووشی هەڵە نەبێت. بەڵام ئەگەر تێکۆشان بکرێت ئەوان زۆر تەنگاو و لاواز دەبن. ئەمریکا لەم ٥ – ٦ ساڵەى دوایدا لە هەندێک ناوچەدا بە تایبەتى لە رۆژئاوادا بە هەڵوێستەکانى و پەیوەندییەکانى لەگەڵ کورداندا لە جیهاندا بەها و نرخێکى بۆ خۆی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئێستا ئەوەشى دۆڕاندووە. کۆمەڵگەى کورد، گەل، هێزە دیموکراسییەکان زۆر لەو بڕیارە بێزار و توڕەن. پریستژ و کەسایەتیى ئەمریکا دادەڕوخێت و خۆی خستووەتە دۆخی  داڕمانەوە. گوایە دەیەوێت هەندێک پشتیوانى لە تورکیا وەربگرێت و پەیوەندییەکانى کۆمارى تورکیا – رووسیا لاواز بکات و لە دەستوەردان لە ئێراندا فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەکار بهێنێت. لە پێناو ئەوەدا هەوڵ دەدات پشتیوانى لە پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد بکات. سڕینەوە و لە ناوبردنى کورد پەسەند دەکات و خۆی دەکاتە هاوبەشی ئەو تاوانە. بەو پشتیوانیکردنە لە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت ئەوان لە رووسیا داببڕێت لە دژی ئێران بەکاریان بهێنێت. لە پێناو بەرژەوەندییەکى ئەوەندە سووک و هەرزان، سنووردار و تەنگ، سیاسی و سەربازی دا لە دژی ژیانى ئازادی گەلێکى مەزڵوم و دێرین، لە دژی کوردان شەڕ دەکات. بڕیاری نوێ بۆ پیلانگێڕی دەردەکات. پێویستە ئەوە بە باشی ببینرێت و بەر بەو پیلانگێڕییە بگیرێت".

"دەبێت گەل و حیزبە کوردییەکان لە دژی هێرشەکان یەکبگرن و خۆڕاگری بکەن"

کاڵکان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "دوژمن دوژمنایەتى دەکات. دەبێت ئێمە بە جدیى ببینین و لاوازی و تەنگاوبوونیشی ببینین. خاڵی گرنگ و سەرەکی ئەوەیە ئێمە هۆشیار بین. دەبێت ئێمە لە دژی ئەو فرتوفێڵانە لە دژی هێرشەکان یەکێتیى کوردان و کۆنگرەى نەتەوەیى کورد ئەنجام بدەین. پێویستە گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە هەموو شوێنێکدا لە دژی ئەو هێرشانە خۆڕاگری بکەن و بەرەنگاری ببنەوە. هەموو حیزبە کوردییەکان هەڵوێستێکى روون دەرببڕن و یەکبگرن. لە دژی ئەو هێرشە نوێیە، کە ئەمریکا دەستیپێکردووە پێویستى بە تێکۆشان هەیە. ئەو هێرشە لە دژی هەموان و یەک بە یەکی هاووڵاتییان ئەنجامدراوە. تەنها هێرشێک نییە لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە، بەڵکو هێرشەکە لە کەسایەتى بەڕێوبەرانى پەکەکەدا لە دژی ئازادیى کوردان، لە دژی سیاسەت و حیزبە کوردییەکان ئەنجام دەدرێت. لە دژی هەموو هێز و حیزبە شۆڕشگێڕەکانە. لە دژی دیموکراسیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهانە. لەبەر ئەوانەش دەبێت هەموو کەس ئەو یارییە ببینێت و هەڵوێستى بەرامبەرى هەبێت و لە دژی ئەو هێرشە فاشیستییانە ببنە یەک هەبوون. ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا سەرکەوتن بە دەست دێت".

"لە ٤١هەمین ساڵدا ئیدعاکانمان گەورەن و سەرکەوتنەکانیشمان گەورە دەبن"

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە ئاماژەی بە ٤١هەمین ساڵی پەکەکە کرد و وتیشی "دوژمن هەوڵ دەدات خۆی نوێ بکاتەوە و دەست ساڵی ٤١هەمین بکات، بەڵام لاواز و تەنگاوە. خاڵی گرنگ و سەرەکی سەرلەنوێ رێکخستنەوە و نوێبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتیى حیزبەکەمانە کە لە کۆبوونەوەى ناوەندیدا بە ئەنجام گەیشت و بڕیارى لێدرا. ئیمە بە بەرێکخستنکردنى بەهێزتر و زیاتر دەست بە ساڵی نوێ دەکەین. ئیدعای ئێمە گەورەن و سەرکەوتنەکەشمان گەورە دەبێت. ئێمە رامانگەیاند، کە ساڵی ٤١هەمین دەبێتە ساڵی ئازادیى رێبەر ئاپۆ و ئازادیى کوردستان. لەبەر ئەوەش ئێمە دەستمان بە تێکۆشانی 'گۆشەگیرى تێکدەشکێنین و فاشیزم لەناو دەبین و کوردستان ئازاد دەکەین' کردووە. لەسەر هێڵی بەرخودانی فیداییانەی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن' لە دژی پیلانگێڕی ئەو دروشمە بووە بنەمای هێڵی سەرەکی. ئێمە ساڵی ٤١هەمین دەکەینە ساڵی تێکۆشانێکى بەهێز. لەو ساڵەدا ئێمە زۆر زیاتر و بە بەهێزی سەردەکەوین. بڕیارداری و پێداگری و ئیرادەمان، گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان بەو شێوەیە دەبێت. ئێمە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. لەسەر ئەو بنەمایە جەژنی پارتى لە رێبەر ئاپۆ، گەل، هاوڕێ و دۆستانمان پیرۆز دەکەین. ئێمە داوا لە هەموان دەکەین کە لە هەموو شوێنەکاندا بە جۆش و حەماسەتێکى گەورەوە بەشداری لە پیرۆزباییەکاندا بکەن".

ر.م