کاڵکان: خۆیان بوون بە کەمینەکەوە

دوران کاڵکان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، هۆشمەندیی باڵادەستانەى تورکیا، کە لە دۆخی ئێستادا هەموو بوونی خۆی لەسەر شەڕکردن و دوژمنایەتیکردنى کورد چڕکردووەتەوە ئیدی بەرەو هەڵوەشان دەڕوات.

دوران کاڵکان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، هۆشمەندیی باڵادەستانەى تورکیا، کە لە دۆخی ئێستادا هەموو بوونی خۆی لەسەر شەڕکردن و دوژمنایەتیکردنى کورد چڕکردووەتەوە ئیدی بەرەو هەڵوەشان دەڕوات. راشیگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئەمە کۆتایى عەقڵییەتى فاشیستانەى ئەو سیاسەتەیە".

دوران کاڵکان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەری پەکەکە میوانى بەرنامەى دلستان بوو لە رادیۆى دەنگى وڵات. وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەنووس جوان تونج-ی دایەوە و نرخاندنى بۆ بابەتەکانى رۆژ کرد.

کاڵکان رایگەیاند "رووداوەکانى کوردستان و رووداوەکانى جیهان لە هەناوی یەکتردان و ئاوێتەى یەکن و دەبێت خوێندنەوە بۆ رووداوەکان بەوشێوەیە بێت. شەڕ لە جیهان، پەیوەندیى بەم سیستمانەوە هەیە کە لە کوردستاندا باڵادەستن. تێکۆشانیش لەو کاتەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئیستا درێژەى هەیە. سیستمى ٥ هەزار ساڵە و دۆخی شەڕ لەم ٢٠٠ ساڵەى دوایدا، داگیرکەری و پرۆسەى پێشێلکردنی مافەکانیان کردووەتە ئامانج و دەیانەوێت ئەوەش لە دژی پێشەنگایەتیى رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دا قوڵتر بکەنەوە. لە ئەنجامى ئەو گۆڕین و گۆڕانکارییانەى کە پەکەکە خوڵقاندونی، ئێستا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز و قەیراناویتر بوون، چونکە ئەو سیستمەى کە ئێستا هەیە ئیتر ناتوانێت خۆى بەڕێوەببات".

کاڵکان راشیگەیاند، پێویستە ئەو سیستمەى بەسەر کوردستاندا دەسەپێنرێت بەشێوەیەکى راست لێى تێبگەین، چونکە جیاوازە لە نمونەکانى تری جیهان و لەوبارەیەوە وتى "ئەمەی ئێستا روو دەدات کۆمەڵکوژی و سڕینەوەى هاوشێوەى سەدەکانى ١٩ و ٢٠ نییە، کە بەرامبەر بە ئەرمەنی و ئاسورییەکان ئەنجامدرا، بەڵکو کۆمەڵکوژییەکە زۆر دژوارتر و بەرفراوانترە لەو کۆمەڵکوژییانە. لەبەر ئەوەش رێبەر ئاپۆ وتویەتى 'گەلێک لە ناو پەنجەى کوشتاری رۆشنبیری و کولتوریدایە".

کاڵکان لەبارەی قڕکردن و سڕینەوەى کۆمەڵگەوە وتیشی "هەر کاتێک کورد کەوتووەتە هەوڵدان و چالاکى بۆ ئازادیى خۆی یەکڕاست قڕکەرەکان و هاوکارانى داگیرکەر بە پاساوی ئەوەى قڕکەرەکە یان هاوکاری داگیرکەرەکە بووەتە هۆی سەرهەڵدانى ئەو چالاکی و هەوڵانە بۆ ئازادی، یەکتریان تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەوەتا ٤٠ ساڵە لە چیاکانى کوردستان تێکۆشان بەڕێوەدەچێت، بەرخۆدانى ئازادی، شەڕی گەریلا بۆ هەبوونى خۆی هەموو هێزى خۆى لە گەل وەردەگرێت. ئەو تێکۆشانە کاریگەریى لە ناوچەکانى تری کوردستانیش کردووە. تەیب ئەردۆغان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەستن و دەڵێن 'بە پشتیوانیى ئەمریکا سەریانهەڵداوە' باشە ئەم تێکۆشانە چ پەیوەندییەکەوە بەوەوە هەیە. هۆکارەکەى ئەوەیە سیستمێکان دروستکردووە کە دەبێت کورد نەتوانێت هیچ بۆ خۆی بکات و نابیت ئازاد بێت. یانى لە مانایەکى تردا دەڵێن کورد نییە و دەبێت بوونی نەبیت. ئەوەش دۆخێکى تەواو قڕکەرانەیە، کە بۆ کوردیان دروستکردووە".  

باشە تۆ بوویت بە نیرۆن و دەتەوێت جیهان بسوتێنێت

کاڵکان راشیگەیاند، هێرشبەریى تەیب ئەردۆغان و فاشیەتەکەى هیلتەریشی تێپەڕاندووە و بە ئەردۆغانى وت "باشە تۆ بوویت بە نیرۆن؟ تۆ دەتەوێت جیهان خاپوور بکەیت؟".

کاڵکان لەبارەى ئەو قسەیەى ئەردۆغان کە وتبوی "رۆژهەڵاتى فورات پاکدەکەینەوە، کەوتووەتە دەست تیرۆر" رایگەیاند، ئەردۆغان بەو قسانە غەمگینى و کۆست کەوتنى خۆی بۆ ئەو هەرێمانە دەخاتەڕوو، کە لە دەست چەتەکانى داعش رزگار کراون. دەڵێت لە کاتى داعشدا ئەو ناوچانە زۆر باشتر بوون، بەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە داعش هی ئەو بووە و خۆی دروستیکردوون.

لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتی "ئەردۆغان داعشی و ئیخوان موسلیمینییە، دەبێت هەموو دونیا ئەوە بە باشی بزانن. ئەوانەى دەڵێن، سوپاى ئازاد و بەرەی نوسرەن، ئەوانە قاعیدەن. قاعیدەى سوریا بەرەى نوسرەیە. ناکۆکیى بچووکیان لەگەڵ داعش هەیە، قسەى ئەوەى کە دەڵێن، لە دژی داعشن و گوایە سەربەخۆن، ئەوانە قسەى چەواشە و درۆن. جارێکیتر سەلماندى کە چۆن رێکخستنى تیرۆری دروستکردووە و چۆن هاوکارییان دەکات. ئەوە دۆخێکى زۆر دڕندانەیە. دەڵێن: "ناژیین بە بێ ئارامی" بۆ وا دەڵێن، خۆ ئەوەتا ٤-٥ ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا دەژین. نائارامی کێ دروستى دەکات؟ ئەوە بۆ ئەردۆغانە، یانى دەیانەوێت لەم دونیایەدا تەنها ئەردۆغان بمێنێتەوە و بوونی هەبێت. بۆ ئەوەیە کوردستان بسوتێنن و خاپووری بکەن. بۆ ئەوەیە تورکیا هەموو جیهان بسوتێنێت. ئەو هۆشمەندی و عەقڵییەتە فاشیستییە زۆر لە هیلتەر دژوارتر و ترسناکترە. یەک دانە بوون دەسەپێنێت. دەڵیت، 'یەک، یەک، یەک'. یانى دەیەوێت تەنها خۆی لەم جیهانەدا بمێنێتەوە و ئەم جیهانە تەنها بۆ خۆی و هاوژینەکەى بێت. باشە ئێوە بوون بە چی؟ باشە بۆ ئێوە ئەم جیهان و گەردوونەتان دروستکردووە؟ ئەم کوشتار و پاکتاوکاری و سڕینەوەیە، لەلایەن ئەو عەقڵییەتەوە روو دەدەن. ئەوە عەقڵییەتى ئیتحاد و تەرەقییە".

لە ماوەیەکى کەمدا لە مێژوو دەچێتە دەرەوە

کاڵکان لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتیشی "چارەسەرکردنى کێشەى کورد، ئازادبوونى کوردستان، ژیانى گەلی کورد بە ئیرادەی خۆی لە ناو گەلانى تری جیهاندا، بە مانای تێکشکاندنی ئەو عەقڵییەت و هۆشمەندی و سیاسەتە قڕکەرەیە کە بۆ مانەوەى خۆی ئامادەیە جیهان کاول بکات".

کاڵکان ئاماژەى بەوەکرد "تێکشکاندنی ئەو عەقڵییەتە دیموکراسی، ئازادی، برایەتى بۆ هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ژیانێکى یەکسان و برایانە لە ناو ئەو گەلانەدا دەخوڵقێنێت. ئەوەش بە مانای ئازادیی مرۆڤایەتى و بونیاتنانى جیهانە. ئێمە تێکۆشانێکی لەو شێوەیەمان زۆر بەرەوە پێش بردووە".

کاڵکان لەبارەى دۆخی ئەردۆغانەوە ئەوەى وت "کاتێک سەیری دۆخی ئەردۆغان دەکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە ئامادەکاریدایە بۆ سڕینەوە و قڕکردنى گەلی کورد، خۆی دەستبەکار بووە و دەمامکەکەى خۆی فڕێداوە، عەقڵییەتەکەى ئاشکرا بووە، کۆتایى بەخۆی هێناوە، لە ماوەیەکى کەمدا لە مێژوو دەچێتەد ەرەوە، بۆیە پەکەکە ئومێد و هیواى زۆری بە سەرکەوتن هەیە".

سەرچاوەى ئەم هێزە خرۆشاوە بیر و ئیرادەى ژیانی ئازادە

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد "شەڕی گەریلا بووەتە خوڵقێنەری ئەو بەرەوپێشچوونانە. ئەوە شێوازێکە بۆ ئازادی هەموو بندەستەکان. هەندێک کەس دەڵێن، کاتى ئەوە بەسەرچووە، بەڵام شەڕی گەریلا لە کوردستان خۆی سەلماندووە. دەشبێت گەریلاش خۆی نوێ بکاتەوە. بیرى تەسک بە مانای مردنە. لەبەر ئەوەش خۆگۆڕین و گۆڕانکاری، دەوڵەمەندیى تەکنیک و تاکتیک شێوازە بنەرەتییەکانى گەریلاین. ئێستا گەریلا لە هەموو شوێنەکاندا قارەمانانە شەڕ دەکات. ئەردۆغان هەموو تواناکانى تورکیاى خستووەتە شەڕ، بەبێ هۆ نەبوو زاواکەى خۆی بردە سەر گەنجینەکە (ئەردۆغان بەرات بایراکى زاواى کردووە بە وەزیرى دارایى و گەنجیەنى تورکیا). ئیتر یاسا بوونی نەماوە. هەموو شتێک بۆ شەڕە. هەموو دارایى و پارە بۆ شەڕە. داهاتووی تورکیا بۆ ئەم شەڕە خەرج دەکرێت، بەڵام دیسانەوە لە بەرامبەر گەریلادا تێکدەشکێن. سەرنج بدەن گەریلا لە باکوور، باشوور و رۆژئاوا هەموو رۆژێک لە چالاکیدایە. گەریلا لە بەرامبەر ئەو سیستمە قڕکەرەدا خۆڕاگری دەکات. ئەو سیستمە بەرەو هەڵوەشانەوە و داڕووخان دەڕوات. بەرخۆدان ئەو عەقڵییەتە و سیاسەتە فاشیستانەیە تێکدەشکێنێت. قارەمانیى گەریلا بۆ هەموو جیهان دەبێتە نمونە، چونکە مرۆڤایەتیى ئازاد دەپارێزن. هەوڵ دەدەن ببنە ئومێدى ژیانى مرۆڤایەتى. هێزى پشت ئەمە ئایدۆلۆژیا و هێزى خرۆشاوی ژیانى ئازادی رێبەر ئاپۆیە. رێبەر ئاپۆ دەیوت 'من هەوڵ دەدەم مرۆڤ بمێنمەوە'. ئێستا هەموو رۆژێک زیاتر لە مانای ئەو قسەیە تێدەگەین. کەمال پیر دەیوت 'ئێمە بەو ئەندازەیەى کە لە پێناویدا بکوژرێن، حەز لە ژیانى ئازاد دەکەین'. لە پشت گەریلا ئەو هێزە، ئیرادەى ئازاد و خۆبەخشی و دڵژینییە بۆ ژیانى ئازاد هەیە. ئەگەر وا نەبوایە ئەو تێکۆشانە بە جۆش و خرۆش و موراڵ و ورە و ئەو بڕوایەوە درێژەى پێنەدەدرا".

ئەردۆغان پاسەوانى زیندانى تورکیایە

کاڵکان لەبارەى دۆخی زیندانییە شۆڕشگێڕەکان لە زیندانەکانى فاشیزمدا ئەوەشى وت "ئەردۆغان تورکیاى کردووە بە زیندانێکى گەورە. دەبێت هەڤاڵان لە زیندان لەوە ئاگادار بن کە لە دواى دیلۆک لەسەر هێڵی سنوور دیوارێکى تر دروستکراوە و وەک زیندان تەلی دڕکاویى بەسەرەوە دانراوە. لەسەر سنووری عێراق و توورکیا دیوار دروستنەکراوە، بەڵام کەلوپەل و کەرەستەى هاوشێوەى دیوار دانراون. ئێستاش لەسەر سنووری نێوان تورکیا و ئێران دیوار دروست دەکەن. یانى لە جۆلەمێرگەوە تاوەکو ئاگری و سەرحەد دیوار لەسەر سنوور دروست دەکەن. تورکیایان کردووە بە زیندانێکى کراوە. ئەردۆغان دەیەوێت بەوشێوەیە درێژە بە دیکتاتۆرییەکەى خۆی بدات. ئەردۆغان بووەتە بەڕێوەبەر و پاسەوانى زیندانى تورکیا".

بەرخۆدان

کاڵکان رایگەیاند، بەبێ بەرخۆدان هیچ شتێک بەدەست نایەت و ئەوەشى خستەڕوو "لە دەرەوەش و لە زیندانیشدا رۆژانە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەرخۆدان هەیە. مەزڵوم و کەمال تاوەکو دوا هەناسەیان بەرخۆدان و خۆڕاگرییان کرد. هەڤاڵەکانمان لە زیندان دەبێت بەرخۆدان و خۆڕاگری بکەن. پێش هەموو شتێک تێگەیشتنێکى دروست بەرخۆدانە. تێگەیشتن و هەڵوێستى دروست و راست بەرخۆدانە، خۆبەڕێکخستنکردن، خۆپەروەردەکردن و پشتگیریکردن لە کەسە بندەستەکان بەرخۆدانە. نووسین، داهێنەربوون، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکان و پەروەردەکردنیان بەرخۆدانە. بۆ ژیانى ئازاد لە تێکۆشاندا چالاکیى بچووک و گەورە بوونى نییە. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لە پەنجەرەیەکى بەرفراوانەوە سەیر بکات و شتەکان ببینێت. لە کوێ پێویستى بە چی هەبوو دەبێت ئەوە بکرێت. ئەگەر ئەوە قسەیەکیش بێت، جوڵەیەک بێت، هەڵوێستێک بێت، مانگرتنێک بێت، هەر چییەک بێت گرنگ ئەوەیە کارە راست و دروستەکە ئەنجام بدرێت".

وتەکانى ئۆجالان بناغەن

کاڵکان لە کۆتایى وتەکانیدا ئەو وتەیەى رێبەر ئاپۆ کە بۆ گەریلا کردبوونى بەبیرهێنایەوە وتى "گەریلا با دڵ و مێشکى تۆ گەورە بێت". ئەوە بۆ هەموو شۆڕشگێڕان هەر وایە و ئەو وتەیە بناغەى بنەڕەتییە.

ر.م