دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) قسەى بۆ رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا کرد و رایگەیاند، ئەو پرۆسەیەیەى کە پێى دەوترێت شەڕی جیهانیى سێیەم، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. جموجوڵی سەربازی و دیپلۆماتیک زۆر زیادیان کردووە و زۆر بەهێز بوون.
کاڵکان راشیگەیاند، ئەو قۆناغ و پرۆسەیەى ئێستا لە شەڕە جیهانییەکانى سەدەی ٢٠ ناچن و لە رووی ئایدۆلۆژی – سیاسییەوە زۆر لە شەڕەکانى یەکەم و دووەمی جیهانی قورسترە.
هەموو لایەنەکان زۆر دڵڕەقانە، تەنها بیر لە بەرژەوەندییەکانى خۆیان دەکەنەوە
کاڵکان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "ئێمەش، گەل و بزووتنەوەکەمان هەوڵ دەدەین بەپێى ئەو راستییەى جیهان بجوڵێینەوە. هەوڵ دەدەین لە جیهانێکى لەو شێوەیەدا بوونی خۆمان بپارێزین و ئازادانە بژین".
کاڵکان وتیشی "جیهانى ئێستا جیهانى شەڕە، بۆیە کاتێک مرۆڤ خۆی بەپێى هەلومەرجی شەڕ ئامادە نەکات، قورسە بتوانێت خۆی لەسەر پێ رابگرێت... ماف، مافناسی، داد، ئەخلاق و پیوەرەکانى مرۆڤایەتى لە ئارادا نەماون. ئەوەى هەیە بەرژەوەندیى دڵساردانەیە. هەموو کەس و لایەنەکان دڵڕەقانە بەرژەوەندییەکانى خۆیان بە بنەما دەزانن و بەپێى ئەوەش دەجوڵێنەوە".
کاڵکان ئەوەشی وت "مرۆڤێک بۆ ئەوەی بوونی خۆی لە جیهانێکى لەو شێوەیەدا بپارێزێت پێویستى بەوە هەیە لە هەموو ساتێکدا لە تێکۆشاندا بێت. ئەوانەى هەندێک خۆیان شل دەکەن بە خێرایى لە گۆڕەپانەکە دەسڕدرێنەوە".
دەیانەوێت بە شێوەیەکى دڵڕەقانە ئینکار، سڕینەوە و کوشتار لە کوردستان ئەنجام بدەن
کاڵکان سەرنجی خستەسەر هەوڵەکان بۆ سڕینەوەى کورد لە سەدەى رابردوودا و وتى "ئەو هێرشانەى کە لەم دونیایەدا بەرامبەر بە کەس ئەنجام نەرداوە، بەرامبەر بە کورد ئەنجامدران. نکۆڵی و سڕینەوەیان بەسەردا سەپاند. سیستمە دەسەڵاتپەرست – دەوڵەتپەرستەکان، کە گۆڕاون و بوون بە هێزی گلۆباڵ – هەژمونگەرا، کۆمەڵگەیەکى لەو شێوەیەیان بە نەبوو دەزانی و خواستیان بیسڕنەوە. لە راستیدا هێرش لە دژی کۆمەڵگەى کورد لە رووی مێژووییەوە هێرش بوو لە دژی راستیى کۆمەڵگە. ئەگەر کەموکوڕیشى هەبن، بەڵام روونە کورد یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانە کە بە بەهێزی لەگەڵ کۆمەڵگەى خۆیدا ژیاوە و نوێنەرایەتى ژیانێکى بەهێزی کۆمەڵگە دەکات. خواستیان لە کەسایەتیى کورد دا راستیى کۆمەڵایەتیى هەرێمى بسڕنەوە. بۆ ئەو ئامانجەشیان رێککەوتن و هاوپەیمانیان دروستکرد. پەیماننامەیان ئامادە کرد و رۆڵیان بە هەندێک کەس و لایەن بەخشی. هەندێک لایەن و کەس ئەو بڕیارەیان دا و هەندێک کەس و لایەنیش پشتیوانیان لەو بڕیارانە کرد. هەندێک کەس و لایەنیش بوونە بکوژ و پەلاتیکەکێش. بە سڕینەوە و قڕکردنێک کە هاوشێوەى نییە، خواستیان کۆمەڵگەى کورد لە ماوەى ١٠٠ ساڵ دا پارچە بکەن و دۆخی رێکخستنبوون و بەکۆمەڵگەبوونیان بسڕنەوە. هێشتاش کار بۆ ئەوە دەکەن و دەیانەوێت بەردەوام بن لە ئەنجامدانی. بەڵام ئەگەر هەندێک بەش لەو عەقڵییەت و سیاسەتە لاواز و تەنگاویش کرابێت، بەڵام هێشتا زۆرینەى ئەو هێزانەى کە لە کوردستان باڵادەستن دەیانەوێت بەشێوەیەکى دڵڕەقانە لە کوردستان درێژە بە نکۆڵی (ئینکار)، سڕینەوە و قڕکردن و لەناوبردن بدەن".
دوران کاڵکان باسی ئەوەشیکرد، پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى ٢٠ ساڵ لەوە پێش لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا. وتیشی "سیستمى گلۆبال خواستى بۆ بەرژەوەندیى خۆی سڕینەوەى کورد یەکلا بکاتەوە و بە تەواوی بیسڕێتەوە. بۆ ئەو ئامانجەشیان دەستیان بەهێرش کرد، کە ئێمە پێى دەڵێین، پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى. لە ئەنجامى ئەو پیلانگێڕییەدا سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریى ئیمراڵی-یان خستەکار. کۆمەڵکوژی و سڕینەوە لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا لە دژی ئیرادەى ئازادیى کۆمەڵگەى کورد بەڕێوەدەبەن. بە سیستمى ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمراڵی ئەوەیان گەیاندە ئاستێکى بەرز. بۆ ئەوەش بەو گۆشەگیرییە دەوترێت، گۆشەگیرکردنى هەموو کۆمەڵگە.
سیستمێکى بەو شێوەیەیان لە بەڕێوەبەریى خۆیاندا خستەکار. ئەو سیستمە بەڕێوەبەرییە لە کوردستان لە دژی کۆمەڵگەی کورد لە چوارچێوەى شەڕی تایبەتدا هەموو شێوازەکانى شەڕ و هێرش بۆ سڕینەوە بەڕێوەدەبات. ئەو سیستمە بەڕێوەبەرییە گوشاری فاشیستی و تیرۆر بەرامبەر بە گەلانى تورکیا ئەنجام دەدات. لە ئەنجامدا سیستمى کۆماری تورکیا ماوەى ٢٠ ساڵە زۆر بە ئاشکرا گۆڕدراوە بۆ دیکتاتۆرییەکى فاشیست. ئەو کاراکتەرانەى، کە پێشتر دەیشاردنەوە ئێستا زۆر بە باشی دەرکەوتوون و ئاشکرا بوە".
لە دژی هێرشیى فاشیستیى هەمەلایەنە، بەرخودانى هەمە لایەنە
کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتبوی "یان چارەسەرییەکى دیموکراتیک بەدی دێت یان کارەسات، ئەو کارەساتە بەشێوەیەک دەبیت، کە کەس ناتوانێت خۆی لێ رزگار بکات".
کاڵکان ئەوەشی وت "لەبەر ئەوەى چارەسەریى دیموکراتیک بەدی نەهات، قۆناغی کارەسات دەستیپێکرد. وتەکانى رێبەر ئاپۆ ئێستا یەک بە یەک راستییان دەسەلمێت و پشتڕاست دەبنەوە. ئەو کار و هەوڵانەى بۆ چارەسەری ئەنجام دران بە مەترسیدارترین تاوان پێناسەکران. ئەوانەى بەشدارییان لە هەوڵی چارەسەریدا کرد بەبێ دادگایکردن زیندانیکران، وەک گەورەترین تاوانبار ناسێنران، بە تیرۆریزم و خیانەت لە وڵات تاوانبار کران و ئێستاش بەردەوامن لە تاوانبارکردنیان. کۆمەڵکوژی، گوشار و تیرۆر لە بەرزترین ئاستدایە".
دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە باسی ئەوەشیکرد "هێزی دژبەر لە دۆخێکدایە کە هێرشی فاشیستی بە شێوەیەکى کراوە و ئاشکرا بۆ سڕینەوە ئەنجام دەدات. هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ ئەوەى پێش لەو دۆخە بگرن، هەموو هێزی خۆیان سەفەربەر کردووە و گەیشتوونەتە ئاستى بەرخودانى هەمەلایەنە".
ر.م