کودەتای قەیومەکان لە چەندین شار رسوا و شەرمەزار کرا

داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و جێگیرکردنی قەیوم لە پۆستەکانیان، لە چەندین شار بە سازکردنی چالاکی ناڕەزایەتی رسوا و شەرمەزار کرا.

دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆ، بڕیاری جێگیرکردنی قەیومیدا لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی هەدەپە لە ئیدر، سێرت و ناوچەکانی مسرج و هاوێل و شارۆچکەی ڤارتینیسی موش، کاردانەوە و دەنگی ناڕەزایی بەرزتر بووەوە. نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەدەپە لە چەندین شار و ناوچە رژانە ناو شەقامەکان و چالاکیان ئەنجامدا.

لە چالاکیەکاندا باس لەوە کرا کە جێگیرکردنی قەیومەکان لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی هەدەپە، "کودەتای ئاکەپە" یە.

ئامەد

لە بەردەم ناوەندی هەدەپە لە ناوچەی سوور نوێنەرانی رێکخراوە دیمۆکراتیەکان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە گرد بوونەوەیەکیان ساز کرد و راگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە. لە بەردەم باڵەخانەکە پانکارتی "قەیوم، دەستەسەردنی ئیرادەیە، ئێمە هیچ کات قبوڵی ناکەین"، بەرز کرایەوە. ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و چەندین کەسی دیکە لە چالاکیەکەدا ئامادە بوون.

خاتون یلدز هاوسەرۆکی هەدپەی ناوچەی سوور رایگەیاند، بە جێگیرکردنی قەیوم دەیانەوێت گەلی کورد بێئیرادە بکەن و وتی:"قەیوم لە ناو گەلدا قبوڵکراو نیە."

چالاکیەکە بە دروشمی 'بەرخودان ژیانە' و 'بە خۆڕاگری سەر دەکەوین' کۆتایی پێهات.

شرنەخ

لە ناوچەی سلۆپیی شرنەخیش ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و نوێنەرانی رێکخراوە دیمۆکراتیەکان لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپەی ناوچەکە گرد بوونەوە و جێگیرکردنی قەیومەکان رسوا و شەرمەزار کرد.

ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە، هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە ئامادەی چالاکیەکە بوون و پانکارتی "قەیوم کودەتایە لە دژی ئیرادە هەڵبژێردراوە" بەرز کرایەوە و دواتر راگەیێندراوێک بڵاو کرایەوە.

حەسەن ئوزگونەش ئەندام پەرلەمانی هەدەپە رایگەیاند، ئاکەپە رۆژ بە رۆژ بچوکتر دەبێتەوە و بۆیە هێرش دەکاتە سەر دەوروبەری و قەیوم لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیەکان جێگیر دەکات.

ئوزگونەش راشیگەیاند، ئەوان جارێکی دیکە شارەوانیەکانیان دەبەنەوە و دیمۆکراسی و ئاشتی و یەکسانی لە تورکیا دەچەسپێنن.

روحا

رێکخستنی هەدەپەی شاری روحا لە بارەی جێگیرکردنی قەیوم کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد. ئەمینە چەتینەر هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی شاری روحا لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و وتی:"ئیرادەی گەل بە قەیومەکان کۆتایی پێنایەت. دەیانەوێت رژێمی قەیوم دروست بکەن. دەسەڵات دەیەوێت ئەم سیستمە بکاتە هەمیشەیی. لە ئێمە و شارەوانیەکانمان دەترسن. ئەوان ئیرادە و ماف و یەکسانی ناناسن."

دواتر عومەر ئۆجالان ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری روحا قسەی کرد و رایگەیاند، مافی هەڵبژاردن لە گەلی کورد دەسەننەوە و وتی:"ئەوانەی باسی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، قەیوم جێگیر دەکەن و ئیرادەی گەل ناناسن. پیاوێکی وەک ئەوە (ئەردۆغان) لە هیچ شوێنێکی جیهان بوونی نیە. کودەتاچیەکان لە دژی گەلی کورد کودەتا دەکەن. هەموو رۆژ زوڵم لە گەلی کورد دەکەن، بەڵام گەلی کورد هیچ کات ناترسێت و تێکۆشانیشی بەردەوام دەبێت.

چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.

سەمسور

رێکخستنی هەدەپەی شاری سەمسوریش جێگیرکردنی قەیومەکانی بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رسوا و شەرمەزار کرد. هاساری ئۆغوز هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی ناوەندی شارەکە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە دژی کوتەدای قەیومەکان تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

ئەدەنە

هێزەکانی رەنج و دیمۆکراسی لە ئەدەنەش بە هەمان شێوە جێگیرکردنی قەیومەکان و گرتن و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکانیان شەرمەزار کرد. لێدوانەکە لە پارکی هەیکەل بڵاو کردەوە و تولای هاتیم ئۆغوللاری ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری ئەدەنە و بەرێوەبەرانی پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشداری چالاکیەکە بوون. لە چالاکیەکەدا لە دژی قەیومەکان دروشم وترانەوە.  

ئیلهان ئوگور سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەدەنە قسەی کرد و وتی:" دەوڵەت ئیدی بووە بە نایاسایی و عەسکەرتاریەت. قەیوم کردەوەی پارتی دەسەڵاتە و لە دژی دیمۆکراسی و گەلە. بە قەیوم ئیرادەی گەلیان دزی و دەستیان بەسەردا گرت. ئێمەش لە بەرامبەر ئەمە بێدەنگ نابینین. جێگیرکردنی قەیوم، بەردەوامی سیاسەتی سەد ساڵەی ئینکارکردن و لەناوبردنی گەلی کوردە. دەبێت هەموو هاوسەرۆکی شارەوانیەکان بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان و سیاسەتی قەیوم نەمێنێت."

تولای هاتیم ئۆغوللاری ئەندام پەرلەمانی هەدەپەش قسەی کرد و جەختی کردەوە کە لە دژی زیهنیەتی قەیومەکان تێدەکۆشن.

ز.ش