کونور: گەلەکەمان بە هەڵبژاردن وەڵامى قەیومەکان دەداتەوە

قادر کونور هاوسەرۆک شارەوانیى جزیر، کە شارەوانییەکەى لەلایەن قەیومی ئاکەپەوە دەستى بەسەردا گیراوە، رایگەیاند "گەلەکەمان لە هەڵبژاردندا وەڵامى سیاسەتە چەپەڵەکانى دەوڵەت دەداتەوە".

قادر کونور لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ناوچەى جزیرى شرنەخ بە بە دەستهێنانى رێژەى ٩٧%ى دەنگى دەنگدەران بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى جزیر هەڵبژێرردا. دواى ٢ ساڵ و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا وەزارەتى ناوخۆی تورکیا قادر کونوری لەسەر کارەکەى لابرد. لە دواى لەسەر کارلابردنەکەی، هەر وەک هەموو شارەوانییەکانى تری پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە) دەوڵەتەکەى ئاکەپە لە تورکیا قەیومێکى لە شوێنەکەى دانا.

کونور لە بارەى هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند، دەبێت جیاواز و ورد نزیکی ئەم هەڵبژاردن ببنەوە.

کونور راشیگەیاند، ماوەى ٣ ساڵە لە دژی حیزبەکەیان پرۆژەى پاکتاوکردن و سڕینەوە بەڕێوەدەچێت و دەوڵەت دەستیگرتووە بەسەر هەموو دەستکەوتەکاندا.

کونور لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "بەو ئامادەکارییەى بۆ هەڵبژاردنى دەکەین، دەبینە وەڵام لە بەرامبەر گوشار و سزاکان، کە ماوەی ٣ ساڵە بەرامبەر بە حیزبەکەمان ئەنجامیان داوە. هەر چۆن گەل لە ریفراندۆمی ١٦ى نیسانی ٢٠١٧ و لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی ٢٤ى حوزەیرانی ٢٠١٨دا خاوەندارییان لێکردین لەم هەڵبژاردنەشدا بەشێوەیەکى روون و بەرچاو دەبنە وەڵامدەری ئەو سیاسەتە چەپەڵە. بە دەستبەسەرداگرتن ناتوانن دەست بەسەر ئیرادە و وەرماندا بگرن و ناتوانن بەڕێوەبەریى هەرێمى لە دەستى ئێمە دەربهێنن".

'بێگومان سیاسەتە پاکتاوکارییەکان پووچەڵدەکرێنەوە'

قادر کونور باسی ئەوەشیکرد "دەکرێت قۆناغەکە بە ئاوەڕدانەوەیەک لە مێژوو زیاتر روون بکەینەوە. لە ساڵی ١٩٢٥دا لە دژى کورد و دیموکراسیخوازەکان پلانى ئیسلاحی شەرقیان داڕشت. ئێستاش هەر بەو شێوەیە دەیانەوێت لە بەرامبەر دیموکراسی، ئاشتی، یەکێتى و پێکەوەبوون سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوە بسەپێنن. دەیانەوێت سیستمێک کە بۆ یەک نەتەوە، یەک ئایین، یەک زمان بێت بچەسپێنن و بەو شێوەیە ناوچەکە بەڕێوەببەن. ئێمە رێگا نادەین ئەو حیزبەى کار بۆ ئەو سیستمە دەکات لەم ناوچەیەدا ببێتە دەسەڵات. ئێمە بە ئاشکرا دەێڵێین، بێگومان گەلەکەمان وەڵامدەر دەبێت بۆ ئەو کار و کردەوانە و ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییانە پووچەڵ دەکاتەوە".

'ئێمە ئامادەین بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەموو زەحمەتییەکان'

کونور لەبارەى لەمپەر و گوشارەکانەوە وتی "گوشار و لەمپەرەکان هەر چییەک بن، ئێمە ئامادەکاریمان بۆ کردوون و تێکیان دەشکێنن. ئەو قەیومانەى لە شوێنى شارەوانییەکاندا دانراون، لە بەرامبەر رۆشنبیری، زمان و ورە و ئیرادەى گەلەکەماندا دانراون، بەڵام لەبەر ئەوەى لە رێگەى قەیومەوە دەستیان بەسەر شارەوانیدا گرتووە دەستبەرداری تێکۆشان نابین. ئێمە دیسانەوە لە هەڵبژاردندا شارەوانى لە ژێر دەستى قەیوم دەردەهێنین. هەرگیز سیاسەتى قەیوم و دانانى کەسانێک بە وەکالەت لەلایەن دەوڵەتەوە و سەپاندنیان بەسەر میللەتێکدا هیچ ئەنجامێکى بەدەستنەهێناوە و ئەنجامیش بە دەست ناهێنێت".

ر.م