کۆدار: باشووری كوردستان بووه‌ته‌ ماڵێكی ئارام بۆ ده‌زگه‌ سیخووڕییه‌كان

کۆدار ڕایگه‌یاند، «هەڤاڵ دیار غەریب وەکو بەرپرسێک و فەرماندەیەکی باڵای پەکەکە بە ساڵان لە هەموو دۆخە سەخت و قەیراناوییەکان هاوڕێ و هاوکارێکی شۆڕشگێڕ و فیداکار بووە بۆ گەلی کورد.»

کۆمەڵگه‌ی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) ده‌رباره‌ی شه‌هیدبوونی دیار غه‌ریب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) و هاوڕێكانی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

تیایدا هاتووه‌، «بێشەرمی و بەربڵاوی پیلانگێڕییەکە و خیانەتەکان لە باشووری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە باشووری کوردستان بووەتە ماڵی حەسانەوە و ئارامی بۆ ژیانی هەموو دەزگه‌ سیخووڕی و هه‌واڵگرییه‌كانی جیهان، لەم ناوەدا گیان و ماڵی خەڵکی باشووری کوردستان هەر ڕۆژ دەکرێتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و زەمینیی دوژمنکارانەی سوپای داگیرکەری فاشیستی تورک»

دەقی ڕاگەیەنراوی كۆدار:

ماوەیەکی زۆرە دەبینین هەر ڕۆژ بەشێک لە باشوری کوردستان دەفرۆشرێت یان لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە هێرشی دەکرێتەسەر یان داگیردەکرێت، بەڵام هیچکام لە پارتەکانی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ڕوون لە بەرامبەر ئەم هێرش و دەستدرێژییانە کە دەکرێتە سەر ماڵ و گیانی دانیشتووانی باشوری کوردستان، دژایەتیی و کاردانەوەیەکی بچووکیشیان نیشان نەداوە.

لەم بەینەدا بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا هەڤاڵ دیار غەریب بە نازناوی "هەڵمەت" و دوو هەڤاڵی دیکەی بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید بوون، هەڤاڵ دیار غەریب وەکو بەرپرسێک و فەرماندەیەکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، بە ساڵان لە هەموو دۆخە سەخت و قەیراناوییەکان هاوڕێ و هاوکارێکی شۆڕشگیڕ و فیداکار بووە بۆ گەلی کورد، نەبوونی وەها شۆڕشگێڕێکی گەورە، کە هەموو هەبوونی خۆی پێشکەشی ڕێگای سۆسیالیزم و ئازادیخوازی کرد، بۆ ئێمە و گەلەکەمان خەمێکی گەورەی لەگەڵدایە، بەڵام پێویستە گەلەکەمان هۆشیارانە و بەرپرسیارانە لەگەڵ وەها تیرۆرێکی سیستماتیک و پلان بۆداڕێژراو ڕووبەڕوو بێتەوە.

تیرۆری شەهید دیار غەریب و هاوڕێکانی بەردەوامی بەرنامە و پلانگیڕییەکی بەربڵاوە کە تێیدا هەموو شۆڕشگێڕان و ناودارە وڵاتپارێزەکانی کورد بە ئامانج گیراون، تیرۆری شەهید زەکی شەنگالی لە سیاسەتمەداران و شۆڕشگێڕانی گەلی کورد کە ساڵی ڕابردوو لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک لە شەنگال کرایە ئامانج، هەروەها ڕاگەیاندن و دابینکردنی پاداشتی دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ تیرۆری ڕێبەرانی باڵای پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە، بەشێکە لە پلان و پیلانێکی گەورە کە ئامانجی لەناوبردن و پاکتاوی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو شێوە بەرخۆدانێکی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دژی سەرمایەداریی جیهانیی و دەوڵەتە بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکە، بەڕێوەدەچێت، گەلی کورد بۆ ئەوەی باشتر تێبگات پێویستە سەرنجی ئەوە بدات کە ئەم پیلانگیڕییە لە ئاست و شێوەیەکی نێودەوڵەتیی بەڕێوە دەبرێت، دەزگاکانی زانیاریی و سیخوڕیی ئەمریکا و ئەوروپا بە بەشداریی ڕاستەوخۆی دەزگای سیخوڕیی تورکیا (میت) و هەندێک دەزگای سیخوڕیی باشوری کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکیی لەم پیلانگیڕییە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەبینن.

بێشەرمیی و بەربڵاوی پیلانگیڕییەکە و خیانەتەکان لە باشوری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە باشوری کوردستان بووەتە ماڵی حەسانەوە و ئارامیی بۆ ژیانی هەموو دەزگا سیخوڕیی و زانیارییەکانی جیهان، لەم ناوەدا گیان و ماڵی خەڵکی باشوری کوردستان هەرڕۆژ دەکرێتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و زەمینی دووژمنکارانەی سوپای داگیرکەری فاشیستی تورک، بەڵام دەبینین حکومەتی عێراق بێدەنگە و پارتەکانی باشور سازشێکی خیانتکارانە دەکەن، لەم ناوەدا گەلی کورد بە گشتیی و خەڵکی باشور بە تایبەتی پێویستە لە بەرامبەر وەها خیانەت و پیلانگیڕییەکدا کاردانەوەیەکی شیاویان هەبێت و بە هەر شێوەیەک پشتیوانی و هاوڕێیەتیی خۆیان بۆ شۆڕشگێڕەکان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کە بەرگریکاری هەبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گەلی کوردە نیشان بدەن، بۆ ئەوەی دووژمنانی ئازادیی و دیموکراسی ناوچەیی و هێزە ئەمپریالیستە جیهانییەکان بە ئاسانی ڕۆڵە فیداکار و شۆڕشگێڕەکانی ئەم خاکە تیرۆر نەکەن، هەر کەس و لایەنێکی باشوری کوردستان پێویستە دۆخ و زەمنیەی ژیان و چالاکیی دەزگا سیخوڕیی و سەربازییە داگیرکەرەکان لە جوگرافیای کوردستان لەناوببات و کوردە خیانەتکارەکان کە هاوکارییان لەگەڵ دەکەن بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی بناسێنن.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، سەرەڕای سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێیان و هاوخەباتەکانی دیار غەریب و دوو هاوڕێی "دەوران و شاهین" دەکات،  ئێمە و گەلەکەمان لە هیچ تێکۆشان و فیداکارییەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵا و سۆسیالیستییەکانی هەڤاڵانی شەهیدمان سڵ ناکەین و ناوەستین و تۆڵەی خوێنی پاکی ئەم شەهیدانە لە هەموو دەستدرێژیکاران و داگیرکەرانی خاکی کوردستان دەکەینەوە.

s.m