کۆدار: پێویسته‌ له‌ دژی هێرشه‌كانی ئێران یه‌كێتی هه‌بێت

کۆمەڵگه‌ی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (كۆدار) ڕایگه‌یاند، دەنگی پێی فاشیزم دەگاتە گوێ، تەنیا گەرەنتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان یەکگرتنی کوردانە.

ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتیی کۆمەڵگه‌ی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی له‌سه‌ر یەکگرتنی کورد كرده‌وه‌ لە به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووە: «ئێران بە خێراییەکی زۆرەوە نزیک دەبێتەوە لە بەفاشیستیکردنی سیستمانەی هەموو بوارەکان، هەنگاوە بەپەلەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ده‌ریده‌خات کە بەرپرسانی ئەو حکوومەتە هیچ ویستێکیان بۆ دانوستان لەگەڵ هێزە ناوچەیی و دەرەکییەکاندا نییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی دانوستانی کردووە بە سیاسەتی هێرشکردن و پەلاماردان، سیاسەتەکانی لە یەمەن، لوبنان، عێراق و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوین ئەوەمان بۆ دەردەخات.»

کۆدار ڕاشیگەیاندووە: «دەبێت بزانرێت کە ئێران ئەو سیاسەتانە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەمه‌ریکا ئەنجام دەدات، بەو واتایەی کە دەیەوێت وێنەی [پیاوە دەسەڵاتدارە بەهێزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین] لەخۆی پیشان بدات. بەڵام ئەم پیاوە بە حساب بەهێزە، ئەم کارانە بۆ ئەوە دەکات کە لە لایەن سەرمایەداریی نێودەوڵەتییەوە بەڕەوا بزانرێت و چەند ڕۆژێک بۆ تەمەنە پڕ لە نەگبەتییەکەی زیادبکات.»

هاوسه‌رۆكایه‌تیی کۆدار له‌ درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ده‌ستنیشانی كردووه‌: «ڕێکاری سزادان و تاوانکارییه‌كانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ داواکارییە دیموکراتییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران، دەریدەخات کە مەبەستیان داخستن و کپکردنی کەشی سیاسی و پێکهێنانی سیسته‌مێکی بەتەواوی سەربازی و فاشیستییە. تایبه‌تمه‌ندیی سەرەکیی ئەو سیسته‌مەش، خۆویستی و خۆپەرستی لەڕادەبەدەرییەتی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ گەلاندا، نموونەکانی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە مووشەکبارانكردنی بنكه‌كانی حدک و حدکا، لەسێدارەدانی لاوانی کورد و هێرش بۆسەر گەریلاکانی یەرەکەیە (یه‌كینه‌كانی پاراستنی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان) کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوویان داوە. جارێکی دیکە هۆشداری دەدەین کە ئەو سیاسەتانە زیاتر لە هەمیشە مەترسیی به‌فاشیستیكردنی ئێرانی هێناوەتە ئاراوە.»

«دەنگی پێی فاشیزم دەگاتە گوێ، وادیارە هەندێک لە ناوەندەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات هەوڵیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ کەشی ئێران بەفاشیستی بکەن، چونکە گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامە مێژووییە کە ئەم هه‌لومه‌رجه‌ دەتوانێت ببێتە هۆی یەکگرتنی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێم، سەرهەڵدانی گەلانی ئێران لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا گەورەترین وێنای ڕۆحییەتی هاوبەشی گەلانی ئێران بوو.»

کۆدار له‌ درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، «هێرشەکانی ئەم دواییه‌ی کۆماری ئیسلامی و هاوکاتبوونی له‌گه‌ڵ دانیشتنە سێقۆڵییەکەی تاران، پیشانی دەدات کە بەنیازان هێرشێکی هەمەلایەنە بکەنە سەر دەستکەوتە دیموکراتییەکانی گەلی کورد لە سووریا، عێراق، ئێران و تورکیا. یەکگرتنێکی شووم کە یەکەم هەنگاوەکانی لە لایەن ئێرانەوە نرا. لەو نێوانەدا ئەرکی کەسیایەتییەکان و حیزبەکانی کوردستان ئەوەیە کە لەگەڵ گۆڕانی چەمکی دوژمن، جارێکی دیکە زەرورەتی هەبوونیان دابڕێژنەوە، دەبێت سنوورە دەستکردەکان لە کەشی سیاسی بسڕنەوە و هەوڵ بدەن ئەو هەڕەشانە بکەنە دەرفەتێک.»

لە کۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی کۆدار-دا، سەرەخۆشی لە گەلی کورد و خانەوادەی زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی و هەروەها پێشمەرگە شەهیدەکانی حدک و حدکا كراوه‌ و هیوای باشبوونی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووه‌. هەروەها كۆدار بانگی هەموو لایەنەکانی کوردستان دەکات بۆ یەکگرتوویی زیاتر.

s.m