کۆمەڵکوژیی کورتەك و بێهەڵوێستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئێوارەی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٦ی پووشپەڕ لە چیای کورتەكی بناری قەندیل ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیان بووە ئامانجی هیرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئارتەشی دەوڵەتی تورکیا و لەو هێرشەدا ٣ هاوڵاتی شەهید بوون و ٥ تریش بریندار بوون و هەموویان ئەندامی یەک خێزان بوون.

بۆ ئەوەی ڕاستیی شوێنی ڕوودا و چۆنیەتیی ڕووداوەکە ڕووماڵ بکەین ڕوومان لە قەندیل و شوێنی ڕووداوەکە کرد؛ گەلی بناری قەندیل و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەن و حکومەتی باشووریش بانگهێشتی هەڵوێست وەرگرتن و خاوەنداریکردن لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان دەکەن.

ئەو شوێنەی کرایە ئامانجی فڕۆکەکانى دەوڵەتى تورک و ئەو ڕووداوەی تیادا دروست بوو یەکەم وێستگەی چوونە ناو بناری قەندیلە. لە چەند سەد مەترێك خوارتر لە شوێنى ئەو ڕووداوە مۆنۆمێنتی شەهیدانی ٢١ی ئابی ٢٠١١ / ٣٠ی گەلاوێژ هەیە، کە ئەوانیش خێزانێكی بناری قەندیل بوون و لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلەکەیان بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەموویان شەهید بوون. لەو هێرشەدا منداڵێک، ژنێک، دایكێک و باوكێک بوونە قوربانی. دیارترین قوربانیى ئەو کارەساتەش سۆلین ئەو منداڵە بچووکە بوو کە لە ئامێزی دایکیدا جەستە خنجیلانەکەی پارچە بوو و سوتا.

 ئێستاش هەر لە هەمان شوێن و هەمان ئەو دوڵەتە تاوانبارە و هەمان ئەو هاووڵاتییانە، کە خەڵکی مەدەنیى نوچەکەن بە هەمان شێوەى پێشووترکۆمەڵکوژ دەکاتەوە. ئەوانەی لە بۆردومانى ئەم جارەدا شەهید بوون باوكێک، کچێک و کوڕەکەیەتی کە ناوەکانیان بەم شیوەییە: ''عەبدوڵڵا نەبی ئاڵی، کوردستان عەبدوڵڵا نەبی، هەریاد عەبدوڵڵا نەبی'' لەهەمان کاتدا هاوژینەکەی شەهید عەبدوڵڵا و بوك و نەوەکانی بە سەختی بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ڕانیە و سلێمانی چارەسەریان دەکرێت.

لە شوێنی ڕووداوەکەدا ئەوەی کە دیارە و نیشاندەرە ئەو دیمەنە جەرگ بڕانەن، کە چۆن هاووڵاتییانی ئەم خاکە لەناو ئۆتۆمبێل و لەسەر شەقامەکان دەسوتێنرێن. هەروەها سروشتی ئەم وڵاتەش دەسوتێندرێت و بە دەرمان و تەقەمەنیی کیمیایی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچانە دەخرێتە ژێر مەترسییەوە. لە سەر ڕیگای کورتەك ئێستا  تەنها ئۆتۆمبێلێکی سوتاو کە هەموو پارچەکانی بەسەر ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە هەیە و تەواوی ناوچەکەش سوتاوە و دار و پەرژین و شوراکانی شەقامەکەش ڕووخاون.

زیاتر مەبەستی سەردانەکەی ئێمە  بۆ دروستکردنی ڕاپۆرتێکی بەم شێوەیە مەیدانیانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ''هاووڵاتیی مەدەنی لێرە شەهید نەبوون و ئەو شوێنە سنووری پەکەکەیە، بۆییە ئەم هێرشانە روودەدەن''. ئێمەش ویستمان ڕاستیی بابەتە کە و دیمەنی ڕاسەقینە بخەینە ڕوو؛ هەروەها هاووڵاتییانی ئەم هەرێمانە خودی خۆیان قسە بکەن. هەندێك لەم هاووڵاتییانە قسەیان نەدەکرد، چونکە خەڵکی سنوورەکانی قەسرێ و حاجی ئۆمەران و باڵەیان و سنوورەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و ئەوان دەیانگوت:'' ئەگەر ئێمە قسە بکەین ئەوا مەترسی لەسەر ژیانمان دروست دەبێت''. بەڵام هەوڵەکانی ئێمە بەردەوام و بوو و قسەمان لەگەڵ ئەو کەسانە کرد، کە ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێلەکانیان لەم شووێنانەوە تێپەڕ دەبن و بوونەتە شایەتحاڵی ئەم ڕووداوانە.

بە گشتی وتەی هاوڵاتیان بەم شێوەییە بوو'' ئیمە ئەم کۆمەڵکوژییە ئیدانە دەکەین و ڕوومان دەکەینە حکومەتی هەرێم و بە تایبەت و  عێراقیش، ئەوانەی کە لێرە شەهید بوون هاووڵاتیین، ڕۆژانە گیانی ئەم خەڵکە لە مەترسیداییە، ئێوە بە بێدەنگیی خۆتان بەڵێ بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژیانە دەکەن.

ئەو هاووڵاتییانە راشیانگەیاند، دەنگۆکانی لە شێوەى ئەوەی ''ئەمانە مەدەنی نین و هۆکارەکە پەکەکەیە'' دوورن لە ڕاستی و قسەى بێ بنەمان، چونکە پەکەکە لەناو خەڵکیدا نییە. ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی گەل بپارێزن نەك بیانخەنە مەترسی، بەڵام ئەوە بێدەنگیی دەسەڵاتدارانە، کە گیانی ئەم خەڵکە دەخەنە مەترسی. دەبێت ئیتر خاوەنی هەڵوێست جدی ببن. هەروەها بە تایبەت داواکارین لە خەڵکی باشووری کوردستان  و گشت کوردستانیش کە خاوەن هەڵوێست بن و  لە دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە. ئێمە تەنها ئەوە دەڵێین ئەم هێرشانە جاری یەکەم نین کە روودەدەن و ئێمە گەلێکی خۆڕاگرین ناوچەکەشمان ناوچەی خۆڕاگری و  شۆڕشە بۆییە هیچ کاتێك تۆپ و  فڕۆکە  و هێرشی دەوڵەتان نامان ترسێنێت بەمەش تەواوی ئەو گوتانەش پوچەڵ دەبنەوە کە دەنگۆی وا دەخەنە ناو خەڵکی کە گواییە ''کەس لە قەندیل و  ئەو ناوچانە نەماوە''؛ ئەمە خەیاڵی داگیرکاران و نۆکەرانە، بەڵام ئێمە بستێك خاکی پیرۆزی کوردستان بۆ داگیرکاران و تورکیا بەجێناهێڵین''.

ر.م