کۆگایەکى ترى چەک و تەقەمەنى لە هەولێر تەقییەوە

شەوی رابردوو لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى فیدراڵی کوردستان کۆگایەکى تری چەک و تەقەمەنی تەقییەوە.

تەقینەوەکە لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ى شەوی رابردوو لە عەمبار و کۆگای چەکان لە نزیک کانى قرژاڵە لە قەزای خەبات لە هەولێر روویداوە. بەپێى ئەو زانیارییانەى دەست ئاژانسى هەواڵى رۆژ نیوز کەتوون، ئەو کۆگایەى چەک و تەقەمەنى سەر بە هێزەکانى فەرماندەیى پشتیوانى یەکى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە بووە.

کۆگاى چەکەکان لە کانى قرژاڵە دەکەوێتە ٨ کلیۆمەتریى رۆژئاواى شارى هەولێر و لەسەر رێگاى هەولێر – خەباتە. تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەى هۆکارى تەقینەوەکە و زیانەکانى تەقینەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.

پێشتریش لە ئابی ٢٠١٧ لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر کۆگایەکى ترى چەک و تەقەمەنی تەقیبوویەوە، کە کۆگاى چەک و تەقەمەنیى هێزەکانى زرێرەڤانى بوو. هەروەها لە سەرەتاى ٢٠١٨دا عەمبارێکى ترى چەک و تەقەمەنی لەسەر رێگاى نەورزۆ لە هەولێر تەقییەوە. رۆژی ١ى حوزەیرانی ٢٠١٨ لە بەحرەکەى هەولێر عەمبارێکی تری چەک و تەقەمەنى تەقییەوە. لەسەرەتاى مانگى رابردوشدا (تەمووز) لەسەر رێگاى پیرمام – هەولێر کۆگایەکى ترى چەک و تەقەمەنى تەقیبوویەوە.

هەروەها رۆژی ٢ى حوزەیرانى ئەمساڵ کۆگایەکى ترى چەک و تەقەمەنى لە سلێمانى تەقییەوە و رۆژێکى دواى ئەوەش کۆگایەکى ترى چەک و تەقەمەنى لە دهۆک تەقییەوە.

ر.م