کەجەکە: تێکۆشان لە دژى گۆشەگێرى تێکۆشانە لە دژى فاشیزم

کەجەکە داواى لە هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان کرد لە دژى گوشار و گۆشەگیریى سەر رێبەری گەلی کورد هەڵوێستیان هەبێت و لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشان لە دژى فاشیزم بە تەواوی مانابەخش بکەن.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، لە ٥ى نیسانی ٢٠١٥ەوە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە گۆشەگیرییەکى قورسدایە. راشیگەیاند "لە ٢٧ى تەمووزی ٢٠١١ەوە رێگا نادەن پارێزەرەکانى ببینێت. لە ساڵی ٢٠١٦ و لە ئەنجامى گوشارەکانی راى گشتی محەمەد ئۆجالانى برای بۆ ماوەیەکی کورت چاوى پێی کەوتووە. نەک تەنها رێبەر ئاپۆ، بەڵکو ٣ زیندانى تری شۆڕشگێڕ لە ئیمرالی رێگایان پێنادرێت چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت. ئەو گۆشەگیرییە قورسە بە پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و خودی دەستووری تورکیا بەرێوەدەچێت. وەک ئەوەیە دەستوورە فاشیستییەکەى ئێستایان بەشیان نەکات و بە دەستوور و یاسایەکى تایبەت بۆ کەسێک ئەو گۆشەگیرییە قورسە ئەنجام دەدەن".

 لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە "مرۆڤ چۆن رەفتار لەگەڵ رێبەری کۆمەڵگەیەک بکات بەو شێوەیەش رەفتار لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا دەکات. لەو رووەوە نزیکایەتى لە رێبەرایەتیى نزیکایەتییە لە گەل. گۆشەگیریى قورس لەسەر رێبەرایەتى گۆشەگیری و گوشارە لەسەر گەلی کورد. ئەو شەڕەى کە لە ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٥ەوە لە دژى کورد بەڕێوە دەچێت، لە ٥ى نیسانی ٢٠١٥ەوە دەستیپێکردووە. بۆ ئەوەش تێکۆشان لە دژى گۆشەگیری تێکۆشانە لە دژى سیاسەتى شەڕ و فاشیزم".