کەجەکە شەهیدبوونی دیار غەریبی ڕاگەیاند

کەجەکە شەهیدبوونی دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی (کەجەکە) و ۲ گەریلای هەپەگەی بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە-KCK) بە ڕاگەیەندراوێکدا، شەهیدبوونی دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە و  ۲  گەریلای بەناوەکانی دەڤران و شاهین لە قەندیل ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد؛ ئەوان ٥ی ئەم مانگە لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکیادا شەهید بوون.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە:

لە ٥ی ئەم مانگە لە قەندیل، لە ئاکامی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکیادا ئەندامان لە کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی دیار غەریب ناسراو بە هاوڕێ (هەڵمەت) و دوو هەڤاڵی بەناوەکانی دەڤران و شاهین (عەبولقادر ئاسڵان) شەهیدبوون، ئێمە بە ڕێز و منەتارییەوە یادی شەهیدبوونیان دەکەینەوە و بۆ ئەوەی هەمیشە لە یادەوەریماندا بمێنەوە کۆڕی خەبات و تێکۆشانیان گەشتەر دەکەینەوە و کوردستانێکی ئازاد و ڕۆژهەڵاتێکی ناوینی دیموکراتیک دەئافڕێنین. دڵنیاییش دەدەین سیخوڕانێک کە لە شەهیدبوونیاندا ڕۆڵیان هەبووە، زوو یان درەنگ بە سزا دەگەیێنین.

شەهیدبوونی هاوڕێ هەڵمەت بە شێوەیەکی ڕێکەوت نەبووە، دەوڵەتی تورک لەگەڵ نۆکەر و سیخوڕەکانیدا هێرشێکی پلان بۆکراویان لە دژی ئەنجام داوە. لە کاتێکدا کە هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان ڕووی لە زیادبوونە، هێرش لە دژی شۆڕشگێڕی گەورەی گەلی باشور دیار غەریب کراوە، بەم هێرشە ویستیان هەم گورزێک لە تەڤگەری ئازادیی کورد بدەن، هەم تێکۆشانی گەلی باشور بەرامبەر گەریلا لاواز بکەن.

"باش لە ئازارەکانی گەلی باشوری کوردستان تێگەشتبوو"

هاوڕێ هەڵمەت لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە بەشداریی تێکوشانی ئازادییمان ببوو، لە هەر شوێنێک بوو بێت بەرپرسیارێتی خۆی بە باشی بەجێ هێناوە، هاوڕێ هەڵمەت کە پەروەردەی ڕێبەر ئاپۆی بینی بوو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە و کۆنسەی ڕێبەرایەتی کەجەکەی وەرگرتبوو، لە دامەزراندنی 'پەچەدەکە'دا ئامادەببوو سەرۆکایەتی گشتیی و هاوسەرۆکایەتی گشتیی بگرێتە ئەستۆ. بە هۆشمەندیەکی قوڵی مێژوویی له سەر ڕاستینەی مێژووی کوردستان پەروەردەی هەمووانی دەکرد و بەشێوەیەکی ڕاست و دروست ئاشنای مێژووەکەی دەکردنەوە.
 

هاوڕێ هەڵمەت هاوڕێ و میلیتانێکی باشوری کوردستان بوو، بۆیە هەم لە تێکۆشانی گەلی باشوری کوردستان، هەم لە ئازارەکانی گەلی کورد کە بنەماڵەکەشی پشکی لەو ئازەرە هەبوو، هەم لە زیانەکانی نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی بە باش تێگەشتبوو، هەر بۆیە کارا بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەوڵی زۆری دەدا، بەرامبەر بە ئەو هەواڵانەی دژ بە یەکێتی نەتەوەیی بوون زۆر تۆڕە و نیگەران بوو. دەیزانی زیانگەیاندن بە تێکۆشانی باکوری کوردستان خۆبەخۆ زیان گەیاندنە بە تێکۆشانی باشور و تەواویی گەلی کورد و ئەوەشی وەک خیانەت دەبینی، بۆیە لە هەمبەری کردەگەلێکی لەو شێوەیە تۆڕە دەبوو. دژ بەوەش هەستیاریەکانی بە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی دید و بۆچوونەکانی ڕێبە ئۆجالان نیشان دەدا و ئەوەشی بە مۆسۆگەرکردنی ئازادی بۆ ئایندەی کوردستان دەبینی.

"بۆ ئەوەی کۆتایی بە بێدەنگی لە باشوری کوردستان بهێنێت تێدەکۆشا"

هاوڕێ دیار دیار غەریب پشتیوانی و بێدەنگی هێزە سیاسییەکان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە خواکورک و باشوری کوردستانی وەک غەفڵەتێکی مێژوویی ڕاڤە دەکرد . دەیزانی کاتێ تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کورد لە سەر بنەمای هێڵی ڕێبەر ئاپۆ لاواز ببێت یان نە مێنێت، ئەوا هەموو دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان دەکەونە مەترسییەوە. بەو چەمکی تێگەییشتنەوە هەوڵی دەدا بۆ تێکشکاندنی ئەو بێدەنگییەی لە باشوری کوردستان هەیە. پەیوەست بەوەش لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان کە سەردانی قەندیلیان کرد بوو کۆببوویەوە. بەو شێوەیە هەوڵێ دەدا ناڕەزایەتی گەل، هێزە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی مەدەنی و چین و توێژەکانی دیکەی باشوری کوردستان دژ بە داگیرکاری بەرجەستە بکات و بئافڕێنێ. هێرش لە دژی هاوڕێ هەڵمەت لە دۆخێکی وادا پێکهاتووە، ئەوەش نیشانی دەدات کە هێرشێکی پلان بۆکراوی سیخوڕەکانی میتی تورک و نۆکەرەکانیان لە ئارا دایە و ئەوان ئەنجامیان دراوە.

"هێرش لە دژی هاوڕێمان، هێرشە لە دژی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ"

هاوڕێ هەڵمەت وەک ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتییکەجەکە کراوەتە ئامانج. ئەو وەکو کۆنسەی سەرۆکایەتی دەجوڵایەوە، لێیدەکۆڵییەوە ئایا سیستمی کەجەکە لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت یاخود نا؟، هەمیشە بۆ سەرڕاستکردنەوەی کەموکورتییەکان پێشنیاری دەکرد و هۆشداری پێویستی دەدا. هاوڕێ هەڵمەت لەو ڕۆژەوەی دەستی بەم ئەرکەی کرد تا کاتی شەهیدبوونی، لە چوارچێوەی پەیوەستبوونی بە ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی جددی و کارا بەشداری کۆڕی تێکۆشان ببوو و  کار و ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند. بەهێزی فکری و هەوڵ و ڕەنجی خۆی کارەکانی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکەی پتە و بەهێز کرد. بۆیە ئەم هێرشە کە لە دژی پێکهات، لە هەمانکاتدا هێرشە لە دژی هێڵی سیاسیی و ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆ.

"گەلی کوردستان ڕۆڵەیەکی بە ئەمەکی خۆی لەدەستدا"

لە سەروویانە گەلی باشوری کوردستان و هەروەها تەواویی کوردستان بەگشتی ڕۆڵەیەکی زۆر هێژا و بە ئەمەکی لەدەستدا، گەلی باشوری کوردستان، هێزە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەگەی مەدەنی، ژنان و گەنجانی ئەو بەشەی وڵات هاوڕێ هەڵمەتیان لە نزیکەوە ناسیبوو، بە کەسایەتییە هێمن، بڕیاردەر و شۆڕشگێڕیەکەی کاریگەرییەکی زۆری لە سەریان دانابوو. بۆیە شەهیدبوونی هاوڕێمان هێندە قورسە، گەلی باشوری کوردستان ئاستەمە بە ئاسانی بتوانێت ئەم هاوڕێ شۆڕشگێڕە لە یاد بکات. بێومان سەنگ و کاریگەری هاوڕێمان لە سەر داگیرکاری، نۆکەری، غەفڵەت و بەگشتی لە سەر گەلی باشور دەمێنێتەوە.

"داخوازی ئەوە بوو دژی داگیرکاری بوەستینەوە"

داخوازی مەزنی هاوڕێ هەڵمەت ئەوە بوو، تێکۆشان  لە دژی داگیرکاریی لەلایەن گەلەوە لە هەموو شوێنێک گوڕی پێبدرێت. دەیویست کە کاتێک هێرش دژی پارچەیەکی کوردستان بەڕێوەدەچێت، پارچەکانی دیکە لەسەر پێ بن. دەیوست بەڕۆحیەتی ڕاپەڕین گەلی باشور ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاریی دەسەڵاتداریی ئاکەپە – مەهەپە ببنەوە، چونکە ئەگەر وەستانەوە دژی داگیرکاریی نەبێت، ئەوا لە پێشیانەوە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان و پاشان تەواویی کوردستان دەکەونە مەترسییەوە. ئێمە بانگ لە تەواویی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان دەکەین، تا دژی داگیرکاری  هەڵوێست نشان بدەن و لە ئاستێکی زۆر بەرزدا خاوەنداری بکەن لە سیمبولی رۆحی ڕاپەڕین و یەکێتی نەتەوەیی و ڕۆڵەی بەئەمەکی خۆیان هاوڕێ هەڵمەت و وەڵامی پێویستی داگیرکەران بدەنەوە.

هـ.هـ