هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK)، ده‌رباره‌ی هەڵبژاردنەکانی ئیسته‌نبووڵ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند، «هەڵمەتی [كۆتایی به گۆشەگیری دێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەین] کە بزووتنەوەی ئازادیی کورد و هێزە دیموكراتییه‌كان بە هەموو پێکهاتەکانییانه‌وه له مانگی تشرینی دووەم دەستی پێكرد، هەم ده‌رگه‌ی ئیمڕاڵی کردەوە هەم گورزێکی گرنگی لە فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە دا. شكستی هاوپه‌یمانه‌تیی فاشیست لە ئیسته‌نبووڵ ئەنجامی هەڵمەتی [كۆتایی به فاشیزم بێنین و توركیا به‌دیموكراتی بكه‌ین]ه کە دوای ٣١ی ئادار/١٠ی خاكه‌لێوه بەڕێوەچوو. بۆیە ئەوەی سەرکەوت و سەری خست، هێڵی ڕێبەر ئاپۆیه بۆ به‌دیموكراتیكردنی تورکیا لەسەر بنەمای ڕێككه‌وتنی دیموکراتی.»
«ئەو پێوانه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ دەستنیشانی کرد هەڵوێستی گەلی کوردی دیاری کرد»
کەجەکە ڕایگه‌یاند، ئەوەی کە هەڵوێستی هەدەپەی دروست کرد لە ٢٣ی حوزەیراندا، رێگەخۆشکەر بوو بۆ سەرکەوتنی هێزە دیموكراتییه‌كان و ڕێككه‌وتنی دیموکراتی. ئەوەی بوو به هۆكار کە گەلی کورد به هۆشمه‌ندییه‌كی بەهێزی دیموكراتی جموجۆڵ بكات، ڕێبه‌ری گەلی کوردە.
«ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە ئه‌م عەقڵیەتە دیموكراتییه‌ی گەلی کورد و گەڕان بەدوای ڕێككه‌وتنی دیموکراتی به جیاواز لە هێڵی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی رێبەری گەلی کورد ده‌بینن، یان له نه‌بینینی ڕاستییه‌وه سه‌رچاوه دەگرن، یانیش دەیانەوێت بەئەنقەست ڕاستییه‌كان پێچەوانە پیشان بدەن. ڕێبەری گەلی کورد چارەسەریی پرسی کورد له به‌دیموکراتیبوونی تورکیا لەناویەکدا دەبینێت؛ پێوەری هەڵوێستی سیاسیی گەلی کوردیشی دیاری كردووه كه ئایا بەو شێوەیە خزمەتی دیموکراتیبوونی تورکیا دەکات یان نا. هەڵوێستی گەلی کورد لە ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپەڕ-یش بەو پێوەرەی ڕێبەر ئاپۆ بووه. ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمڕاڵی بۆ پێکهێنانی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتییه لەسەر بنەمای ڕێككه‌وتن و دانوستانی دیموکراتی. ئه‌مڕۆش وه‌ك دوێنێ بەردەنگی سه‌ره‌كیی چارەسەری دیموکراتیی کێشەی کورد ڕێبه‌ر ئاپۆیە.»
«لەنێوان ئێمە و ڕێبه‌ر ئاپۆدا په‌یوه‌ستبوونێك هەیە کە هێزەکانی شەڕی تایبەت ناتوانن لێی تێبگەن»
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه، «پێویسته هه‌موو كه‌س ئەو ڕاستییە بزانێت؛ بەشێکی گەورەی ئەو شەڕەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و سه‌ركوتكار لە دژی تێکۆشانی ئازادیمان بەڕێوەی دەبات، شەڕی تایبه‌تی دەروونییە. بۆ ئەوەش هەمیشە هەوڵ ده‌ده‌ن تێکۆشانی ئێمه پارچە پارچە بکەن یانیش بە پارچە پارچەکراوی پیشانی بدەن. تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەوە بکەن، لەمەودواش ناتوانن. لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان، لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان په‌یوه‌ستبوونێكی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، فکری و هەستیی هەیە کە هێزەکانی شەڕی تایبەت ناتوانن لێی تێبگه‌ن. بۆیه هەر کەسێک هەوڵ بدات نیشان بدات کە لەنێوان ڕێبه‌ر ئاپۆ و بزووتنەوەكه‌مان، گەلەکەمان و به‌ستێنی سیاسی دیموکراتیدا هەڵوێست و مامه‌ڵه‌یه‌كی جیاواز هەیه، ئەوا دەبێتە ئامرازێك بۆ شەڕی دەروونی دژبه بزووتنەوەکەمان.»
«کاتی هەڵمەتی بەدیموکراتیكردنی تورکیایە»
هاوسه‌رۆكایه‌تیی كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، «هێزە دیموکراتییه‌كان و گەلی کورد بە هەڵوێستەکەیان لە ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپه‌ڕ، بۆ بەدیموکراتیکردنی تورکیا دەرفەتی گەورە و زەمینەیەکی بەهێزیان ئافراندووه. هەتا کۆتایی ڕێ بۆ ڕێککەوتنێكی دیموکراتیی شۆڕشگێڕ خۆش بووه کە خۆیان لە ئۆلیگارشییه سیاسییه‌كان ڕزگار بکەن و لە دیموكراتیبووندا ڕۆڵی هانده‌ر و بزوێنه‌ر بگێڕن. هەدەپە لە هەڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كاندا بەتایبەتی لە ئیسته‌نبووڵ نیشانی هەموو کەسێکی دا کە پێکهاتە و حیزبی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕێككه‌وتنه دیموکراتییەیە. ئه‌و ڕێككه‌وتنه دیموکراتییه‌ی لەنێو گەل چه‌كه‌ره ده‌كات بە تێپەڕبوونی کات هێزە سیاسییەکانیش دەخاتە نێو قۆناغێکی لەو شێوەیە. کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو كۆبوونه‌وه دیموکراتییەی هەدەپە له‌نێو دەنگدەران دروستی کردووە لە ئاستێکی بەرفره‌واندا بڵاو بكرێته‌وه و ببێتە ڕێککەوتنێکی دیموكراتی و هەڵمەتی بەدیموکراتیکردنی تورکیا بخاته‌گه‌ڕ. هێڵی سیاسه‌تی دیموكراتی کە ڕێبەر ئاپۆ له حه‌قیقه‌تی سیاسیی تورکیادا وەکو هێڵی سێیەم پێناسەی دەکات، چالاكترین پێکهاتەی ڕێككه‌وتنی دیموکراتییه و ئەگەر له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێككه‌وتنه هەڵمەتی بەدیموکراتیبوون بکرێت، ئه‌وا كولتووری سیاسی و کەشوهه‌وای سیاسی لە تورکیا دەگۆڕێت. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا ئۆلیگارشییەکانی ئه‌و حیزبانه‌ی تا ئێستا بوونەتە دەسەڵاتدار یان لەسەر بنەمای ڕێككه‌وتن دەبنە بەشێک لەم قۆناغەی دیموکراتیبوون یانیش بەم هەنگاوەی دیموکراتیبوون له‌ناوده‌چن.»
«هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران گۆڕا بۆ ڕیفراندۆمی دیموکراتی»
كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، «هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپه‌ڕ وه‌ك ئه‌وه‌ی کە هەدەپە ده‌ستنیشانی كرد، بوو به ڕیفراندۆمێکی دیموکراتی. ئەو ڕیفراندۆمە لە هەمان کاتدا ڕازیبوونی گەلەكانمانه كه ده‌یانه‌وێت لەسەر بنەمای دیموکراتیبوونی تورکیا کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. ئەو ڕیفراندۆمە نیشانەی ئیرادەی گەلە کە په‌یوه‌ندی به هه‌موو هێزە سیاسییەکانی تورکیاوه هه‌یه. ئەگەر ئەو ناكۆكی و دوژمنایەتییە له‌ناو ببرێت و ڕێككه‌وتنێكی دیموكراتی دروست بێت، بێگومان نیشانەی بەرچاوی ئەمه دەستوورێك دەبێت کە هه‌موو مافەکانی کورد، عەلەوی، ژنان و پێكهاته بنده‌سته و نایەکسانه‌كان مسۆگەر دەکات. بۆ جێبەجێکردنی ئەوەش دەبێت ئه‌و عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازییه‌ی کە هەیە و ڕێ لە بەردەم دوژمنایەتی و تاکپەرستیی ئۆتۆریتەی ناوەندی خۆش دەکات، له‌ناو ببرێت. گەلەکانمان کە لە هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵدا هەڵوێستیان دژ به‌م عەقلیەتە سیاسییە پیشان دا، پێویسته به‌م ڕێككه‌وتنه دیموكراتییه‌ی هه‌ڵبژاردن و تێکۆشانیان لەسەر ئەو بنەمایە، یان ئەم عه‌قڵیه‌ت و سیاسەتە بەرەو دیموکراتبوون ڕاكێشن یان له‌ناوی ببه‌ن.»
«بەرپرسایه‌تیی مێژوویی ڕێككه‌وتنی دیموکراتی زێده بوو»
له درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، «ڕێككه‌وتنی دیموكراتی کە ڕێبه‌ر ئاپۆ پێی دەڵێت ڕێگه‌ی سێیەم و لە ئافراندنیدا ڕۆڵێكی به‌رچاوی گێڕاوە، لەم هه‌ڵبژاردنه‌دا هەم بەهێز بوو هەم بەرپرسایه‌تییه مێژووییه‌كه‌ی زیاتر بوو. بەو هۆشمه‌ندییه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ ئافراندوویه‌تی و ئەو هێڵە سیاسییەی دەستنیشانی کردووە، گەلی کورد و هێزە دیموکراتییه‌کان بۆ داهاتووی دیموکراتیی تورکیا هێزێکی گەورەی دیموکراتییان هێناوه‌ته ئاراوه و هیوایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ گەلان دروست كردووه. کاتێک لەسەر هێڵی ئایدیۆلۆژی - سیاسیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێککەوتنی دیموکراتی کران، بۆ دیموکراتیبوونی تورکیا و چارەسەریی کێشەی کورد سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات. كۆبوونه‌وه‌ی هێزە دیموکراتییه‌کان له‌نێو کۆمەڵگە، ده‌رفه‌تی به‌دیهاتنی ئەمه‌ی زێده کردووە.»
«تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ گه‌ش ده‌بێت»
كه‌جه‌كه ڕاشیگه‌یاند، «ڕێككه‌وتنی گەلی کورد لەگەڵ هێزە دیموکراتییه‌کان کە له هەدەپەدا خۆی ده‌بینێته‌وه، زۆر گرنگە. ئەو سەرکەوتنەی لە ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپه‌ڕ به‌ده‌ست هێنرا، تەنیا سەرکەوتنی گەلی کورد نییە به‌ڵكوو سەرکەوتنی هەموو ئه‌و پێكهاتانه‌یه کە لەژێر چەتری هەدەپە ئەلتەرناتیڤی دیموکراتی و شۆرشگێڕیان بۆ تورکیا ئافراندووه. لەم چوارچێوەیەدا بانگی گەلی کورد و هێزە دیموکراتییه‌كان دەکەین کە ئه‌م ڕێككه‌وتنه دیموکراتییه به‌هێز بكه‌ن كه سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوه و بردوویه‌تییه‌وه. هه‌روه‌ها تێکۆشانی بەدیموکراتیکردنی تورکیا گه‌شتر بكه‌ن و حه‌قیقه‌تی تورکیای دیموکراتی کە پاشەکشەی تێدا نییە، بئافرێنن.»
له كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه، «دەبێت هه‌موو كه‌س ئه‌م ڕاستییه بزانێت؛ بزووتنەوەی ئازادی، گەلی کورد و بزووتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی دیموکراتی کە بە هێڵی ڕێبه‌رایه‌تی ئافری، لەمەودواش وه‌ك پێشوو لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا تێکۆشانی دیموکراتی و ئازادی گه‌ش ده‌كات و لەسەر بنەمای بەدیموکاتیکردنی تورکیا و ئازادیی گەلی کورد، به هه‌موو شێوه‌یه فیداكارییه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت له تێکۆشانی بەدیمواتیکیردنی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین.»
s.m