کەجەکە: پێویستە هێزەکانی باشووری کوردستان هەڵوێستیان لە دژی هێرشەکان روون بکەنەوە

کەجەکە رایگەیاند، "بانگەواز بۆ هێزەکانی سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین، کە پێویستە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکان هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە و رێگە لەو کەسانە بگرن کە زانیاریی هەواڵگری و سیخوڕی دەدەنە دەوڵەتی تورک".

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک  بۆ سەر باشووری کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیانداوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

"بەهۆی هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باشووری کوردستان، چەندین هاووڵاتیی مەدەنی و سڤیل کوژراون. بێدەنگیی پارتی دیموکراتیى کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) و بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا جێگەی قبوڵ نییە.

دەوڵەتی تورک بە جموجوڵە داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکورک، هێرشەکانی بۆ سەر هاووڵاتییانى مەدەنی و سڤیلەکان زیاتر کردووە. بەتایبەتی بە هێرشە ئاسمانییەکان خەڵکی سڤیل دەکوژێت. ئێمە یادی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بەرز رادەگرین، کە لە خاکورک، گۆشینە و کورتەک کۆمەڵکوژ کراون و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەین.

 کوشتنی خەڵکی سڤیل بووەتە بەشێکی ئەو جموجوڵە داگیرکەرییە و هەوڵ دەدەن شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل چۆڵ بکرێت.

راگەیاندراوی بەڕێوەبەریى حکومەتى باشووری کوردستان و لێکدانەوەی هەندێک میدیای باشوور، کە کوشتنی سڤیلەکان وەکو شەڕ پێناسە دەکەن، رێگا بۆ رەوایدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خۆش دەکات.

کوشتنی خەڵکی سڤیل لە کورتەکیش وەکو شەڕی نێوان سوپای تورک و گەریلاکان باس کراوە. لە کورتەک ئەو شوێنەی، کە هاووڵاتییانی سڤیلی تیادا کۆمەڵکوژ کراون، هیچ بارەگایەکی گەریلای لێ نییە. لەسەر رێگەی قیر و گشتی هاووڵاتییانى سڤیل کوژراون. لەو شوێنە هیچ جموجۆڵێکی سوپای تورک-یش بوونی نییە، بەڵام نیشاندانی کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل وەکو شەڕ، بۆ رەوایدانە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک.

بەهۆی هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە- مەهەپە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان، چەندین سڤیل کوژراون. بێدەنگیی پەدەکە و یەنەکە و بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا جێگەی قبوڵ نییە.

گەلی کورد و رای گشتیی باشووری کوردستان لەو بێدەنگییە سەریان سووڕماوە. هیچ پاساو و بیانویەک بۆ ئەو بێدەنگبوونەی هێزە سیاسییەکان و بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان بوونی نییە. ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرانەی ئێستا وهێزە سیاسییەکان لە دژی کوشتنی سڤیل بێدەنگ بمێننەوە، ئەوا بانگەشەکانیان کە دەڵێن، ئێمە نوێنەری گەلین دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

هێرشە داگیرکەرییەکانی ئاکەپە و مەهەپە بە تەنها لەسەر پەکەکە نییە. هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئاڵۆزیی کەرکوک لە گۆڕێیە. بە رای ئەوان (ئاکەپە و مەهەپە) موسڵ و کەرکوک و خاکی باشووری کوردستان خاکی ئەوانە و بۆ ئەوەش باشووری کوردستان داگیر دەکرێت. کاتێک ئەو راستییە لەگۆڕێدا بێت، بێدەنگبوون لە بەرامبەر هێرش و کۆمەڵکوژییەکان بە واتای ئەوە دێت کە ئەوانیش هاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژییەن.

هێزە سیاسییەکان تەنها هاوبەشی هێرشە داگیرکارییەکان نین، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە رێکخستنە هەواڵگرییەکان لە شوێنی گەریلاکان دەدەن. لەگەڵ میت هەوڵ دەدەن شوێنەکانی گەریلا ئاشکرا بکەن لەو شوێنانە بدەن. بە دەیان رووداوی لەو شێوەیە روویانداوە. زۆر بەڵگە و زانیاریمان لەبەرەستدایە، کە یەکینە هەواڵگرییەکان لە باشووری کوردستان و میتی تورک پێکەوە کار دەکەن. رایدەگەیەنین، ئیدی رێگە بەو دۆخە نادەین، ئیتر رێوشوێن دەگرینەبەر و لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە بەرپرسی ئەو کارەن.

جێگەی قبوڵ نییە هێزە سیاسییەکانی کورد زانیاریی هەواڵگری بدەنە دوژمنی هێزێکی کورد. بانگەواز بۆ هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین، کە دەبێت لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان هەڵوێستیان روون بکەنەوە و رێگە لەو کەسانە بگرن کە زانیاریی هەواڵگریی دەدەنە دەوڵەتی تورک.

بانگەواز بۆ گەلی باشووری کوردستان، رێکخستنە سڤیل و کۆمەڵگەیی و هێزە دیموکراسییەکان دەکەین، با لە دژی جموجوڵی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان دەنگی خۆیان هەڵبڕن و لە بەرامبەر ئەو کەسانەی لە دژی بزووتنەوەی ئازادی لەگەڵ دوژمن کار دەکەن هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە و پشتگیریی تێکۆشانەکەمان بکەن لەدژی داگیرکاریی و هێرشەکان".

ر.م