کەنەکە: بە گیانی ١٥ى تەباخ هێز و توانای خۆتان یەکخەن

"هیوادارین گەلی کوردستان بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن و رێککەوتنی ناوخۆیی پێکبێنن و لە دژی هەر زوڵم و زۆرداری داگیرکەران خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان بە یەکدەنگی بۆ رزگاری کوردستان سەربخەن".

دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ساڵیادى هەڵمەتى ١٥ى ئابی ١٩٨٤ / ٢٤ى گەلاوێژ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەقى راگەیاندراوەکەى کەنەکە

کوردستان و تورکیا لە ژێر حوکمی فاشیستیی جونتای١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دا دەناڵێ. زوڵمێکی بێ سنوور و کوشت و کوشتارێکی بێ وێنە، ئەشکەنجەدانێکی دڕندانە ژیانی لە خەڵکی خستبووە نەهامەتیەوە. زیندانەکان لە خەڵکانی ئازادیخواز پڕ کرابوون. جونتای فاشیست ترس و تۆقاندنی لە ناو کۆمەڵگادا تەنیبوو. ترسی مردن لەسەر میللەتدا حاکمیەت بوو. نەفەسی ژیانی ئازادانەی لە خەڵک بڕیبوو. لەناو ئەو شەرت و مەرجە قورسەدا خەڵکی کورد و پێشەنگانی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرەی جمهوریەتی تورکیا دا دانەنەواند، سەریان شۆڕ نەکرد، بەرخۆدانێکی بێ وێنە و پیرۆزیان کرد. لە بەرامبەریدا قوربانی مەزن پێشکەش کرا، بەڵام لە بەرامبەری ئەو زوڵمەی دەوڵەت دا ئاڵای ئازادی بەرزکرایەوە.

لەناو ئەو ئادمۆسفەرە دژوارەدا، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی قارەمانانە و بە تەقاندنی یەکەم گولـلەی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤، بانگی ئازادی و رزگاریی کورد و کوردستان لە سەرانسەری کوردستان، تورکیا و جیهان جارێکی تر بەیان  و جاڕی بۆ درا.

بەو هەوڵ و کۆششە ئەمڕۆ ترووسکەی شۆڕشی  کوردستان بۆتە بڵێسەی بە گوڕ لە نیشتیمان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا

لەو هەڵمەتە مەزن و مێژووییەدا ئەم جارەیان ئێروح و شەمزینان بوونە مەیدانی دەستپێکی تێکۆشانی رەوا و شەرعی شۆڕشی چەکداری، لە باکوری کوردستان لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا. بەو هەوڵ و کۆششە ئەمڕۆ ترووسکەی شۆڕشی  کوردستان بۆتە بڵێسەی بە گوڕ و ئاگرێکی گەش لە ناو نیشتیمان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. عەگیدی عەگیدان بە کۆمەڵێک شەڕڤانانی ئازادیەوە دەستیان پێکرد و ئەمڕۆ بوونە هێزێکی مەزنی گەریللا لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە لە پرۆسەی تێکۆشان و بەرخۆدانی دۆزی کورد و کوردستان دا لە باکور. ئەم هەڵمەتە و ئەم هەنگاوەی ١٥ ی تەباخ با لە گشت خەڵکی کورد وخەڵکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز بێت.

لە ساڵیادی ٣٤یەمینی ١٥ی تەباخدا، کۆماری تورکیا هێرشکاریی خۆی بە هەموو جۆرێک بەردەوام دەکات. دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر هێز، توانا، بەرخۆدان و تێکۆشانی خەڵکی کورد و هەموو کوردستانیان کەوتۆتە ناو ئاڵۆزیی گەورە و بەو توڕەیی و رق و قینی شەڕ و هێرشکردنەکانی هەر دێ و زیاد دەکات. بەو هەڵسوکەوتانەی خۆی لە دژی مرۆڤایەتیدا هەموو جۆرە چەکێکی لەناوبردنی بەکاردێنێ. لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا، ژینگەی کوردستانیی کردۆتە ئامانج و کردوویەتیە دۆزەخ. لە دێرسم تاوەکو هەکاری، لە قەرسەوە هەتا عەنتاب چ شاخێک، دۆڵ و مێرگ و نەوال نەما کە تۆپبارانی نەکات. دار و دەوەن و دارستانەکانی سوتاند، ئاو و ئاوەدانی لەناو برد و خنکاند و بە دروستکردنی بەربەست و بەنداو خەڵکانی ناوچەکی کۆچبەر کرد.

لە رۆژئاوا و باشوور بە رۆخی ١٥ى ئاب بەرخۆدان دەکرێت

هێرشەەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە باکوری کوردستانەوە نەوەستاوە، بەڵکو هێرش ئەلاتە سەر رۆژاواو باشووریش. هێرش و پەلامارەکانی ئەو دەوڵەتە بەرامبەر ئەو دوو پارچەیەش بەردەوامن و چەند جاوچەیەکیشی داگیرکردوون. لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە رۆژاوا عەفرین و لە باشووریش ناوچەی سیدەکانی داگیرکردووە. لەو ناوچانەوە لە سەرانسری کوردستان بەرخۆدان و تێکۆشان و بێ وێنە دژی ئەم هێرش و داگیرکارییان بە رۆحی ١٥ی تەباخ بەڕێوەدەچێت.

دەوڵەتى تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ ساڵانى هەشتاکانى سەدەى رابردوو

دەوڵەتی تورکیا گەڕاوتەوە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەیەوێ بەرخۆدانی گەلێ کورد، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بخنکێنێ. سیستەمی داد و دادگا بووەتە تەوقی ترس و ئەسارەتیی تێکۆشەرانی کوردستان. دیسان زیندانەکانی لە تێکۆشەرانی دۆزی کوردستان پڕ کردووە. توندوتیژی و ئەشکەنجە لەلایەن پۆلیس و جەندەرمەکانی دەوڵەت، بۆتە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی دژی هەموو خەڵکی کوردستان.

بەڵام ئەم هەڵسوکەوت و کردارانەییان هەوڵی پووچ و بێ ئەنجامن. کورد و کوردستانی بە گیانی نیشتیمانپەروەری و گیانی ١٥ ی تەباخ، لەناو  بەرخۆدان و تێکۆشانیێکی گەرم و گوڕدایە. دۆڕانی کۆماری تورکیایە وسەرکەوتنیش دەبێتە هی گەلی کوردستان.

بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن

بە بۆنەی ئەم هزروبیرە، ئێمە وەکو  ( ک ن ک ) ٣٤ یەمین ساڵیادی ١٥ ی تەباخ (ئاب). بە دڵگەرمی پیرۆز دەکەین، شەهیدانی شۆڕش بە رێز و حورمەتەوە بە بیر دێنین و سەری رێزیشیان بۆ دادەنوێنین. ئەوانەی گیانیان بۆ کردە قوربانی و ئەوانەی بەردەوامن لەو شۆڕشەدا و هەنگاوی مێژووییان نا، سڵاو دەکەین. ئێمە هەموومان قەرزاری ئەوانین.

هیوادارین کە گەلی کوردستان  بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن و رێککەوتنی ناوخۆیی یەکجارەکی پێکبێنن و لە دژی هەر رەنگێکی زوڵم و زۆرداری داگیرکەران خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان بە یەکدەنگی و یەکسەنگەری بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان سەربخەن و بگەینە ترۆپکی ئامانجە مەزنەکەمان.