ھاوڵاتیانی ھەرێمی برادۆست دەستگیركردنی چاڵاكوانان و رۆژنامەنووسانی پارێزگەی دھۆك ئیدانە دەكەن‎

دوای ڕاپەرینی گەلی شیلادزی ودێرەلووک ، چەکدارانی پەدەکە بەشیوازێکی بەرفراوان دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی وڕۆژنامەنووسانی پارێزگەی دهۆک.

دوابەدوای ڕاپەڕینی گەلی شیلادزێ لەدژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورکیا و بوونیان لەناوخاکی باشووری کوردستان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی ڕەشبگیری لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لە هەرێمەکە دەستی پێکردووە و تا ئیستا بەدەیان ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیان دەستگیرکردووە وچارەنووسی ئەوکەسانە نادیارە.

ئەم شالاوی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس وچالاکانی مەدەنی لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە نیگەرانی زۆری لەلای هاووڵاتیانی دروست کردووە و هاووڵاتیانی هەرێمی برادۆست بەتوندی ئەم شێوازە دەستگیرکردن و بێڕێزی کردن بەهاووڵاتیان لەلایەن دەسەلاتی باشوورەوە ئیدانە دەکەن.

هاووڵاتیان دەستنیشانی دەکەن کە ئەم کارەی دەسەڵات بەپێچەوانەی ڕێزگرتنە لە ئازادی تاک و دەربڕینی ڕاوبۆچوونی جیاواز.

سەعدی عەزیز دانیشتووی ناوچەی برادۆست بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا وبەنیگەرانییەوە باسی ڕووداوەکان و دۆخی ئەمنی ناوچەکەدەکات. عەزیز وتی ، چێگەی سەرسووڕمانە کە بە بیانووی دەربڕینی ڕاوبۆچوونی جیاواز چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان دەستگیر بکرێن. هیوادارم کە هێزەکانی پەدەکە وازلەو کردەوانەی خۆیان بهێنن چوونکە ئەمە دوورە لە هەموو بەها مرۆیی وئەخلاقییەکانەوە.هەووکەس بینییان کە لەکاتی ڕوومالی رووداوەکاندا چۆن هێرشیان دەکردە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەیانویست ڕاستییەکان بشارنەوە و بەکەیفی خۆیان گەل سەرکوت بکەن.

هاووڵاتییەکی تربەناوی ڕومی برادۆستی بە تووڕەییەوە دەڵێت، " ئەمە ڕووی راستەقینەوەی دەسەلاتە کە بۆ ئەنجامدانی کردەوە قیزەونەکانی خۆیان و بۆترساندن وتۆقاندی گەل چالاکانی ئازادیخواز وچاونەترس ئازار دەدات"

ناوبراو وتی، شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆهێزەئەمنییەکانی دەڤەری بادینان کە بەوشیوە دڕندانە بەردەبنە گیانی ڕۆژنامەنووسان وچالاکانی مەدەنی و دەستگیریان دەکەن، هیوادارم کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتەسەرخەت و لەهەمبەرئەو پێشێلکارییانەدا هەڵوێست بگرێت.

لەکاتی ڕوومالی ڕاپەرینەکەی گەلی شیلادزی لەدژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە ڕووبەڕووی پەیامنێران ورۆژنامەنووسان بوونەوە و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس وچالاکی مەدەنی دەستگیرکراون.

هاووڵاتیانی ناوچەی برادۆست ئەو دەستگیرکردنانە ئیدانەدەکەن و داوا لەدەسەڵاتی هەرێم دەکەن کە ئەوکەسانە ئازادبکرێن.

ک٠ش