یگیتەل: دەبێت پشتیوانى لە ژنانى زیندانى بایبورت بکرێت
رۆزەرین یگیتەل رایگەیاند، خوشکەکەى لە زیندانى جۆری ئێمی زیندانى بایبورتدایە. باسی لە ئەشکەنجەکردنیان کرد و داوای پشتیوانیی کرد بۆ ژنانى زیندانى بایبورت.
رۆزەرین یگیتەل رایگەیاند، خوشکەکەى لە زیندانى جۆری ئێمی زیندانى بایبورتدایە. باسی لە ئەشکەنجەکردنیان کرد و داوای پشتیوانیی کرد بۆ ژنانى زیندانى بایبورت.
ئەشکەنجەى دەروونی، پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و کرداری نەشیاو لە زیندانى جۆری ئێمی بایبورت دوێنێ لەراگەیاندراوێکدا بۆ میدیاکان لەلایەن کەسوکاری زیندانییەکانەوە خرایەڕوو. غەمزە یەگیتەل لە هەمان زینداندایە و لە رێگەى بنەماڵەکەیەوە داواى لە رای گشتی کردووە پشتیوانییان لێ بکەن.
رۆزەرین یگیتەل خوشکی غەمزە رۆزەرین رایگەیاند، خوشکەکەى پێى وتوە "باشە ئێوە چاوەڕێ دەکەن ئەو کەسانەى لێرە زیندان بمرن؟".
یگیتەل لەبارەی رەفتار و رووداوەکانی ناو زیندانى بایبورت راشیگەیاند "خوشکەکەم پێى وتوم، پاسەوان و بەرپرسانى زیندان لە نیوەی شەودا هەڵدەکوتنە سەر ژوورەکانمان و توندوتیژیى جەستەییمان بەرامبەر ئەنجام دەدەن و قسەى زۆر سوک و نەشیاومان پێدەڵێن. هەروەها بە بەردەوامى سزاى قەدەغەکردنى بینین و بەکارهێنانى رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەکان و سزاى ژووری تاکە کەسی بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنن. ئیدارەش رێگا نادات زیندانییەکان پێداویستییە شەخسییەکانیان دابین بکەن. پاسەوانەکانیش کتێبەکانى زیندانییەکان هەڵدەگرن و بە بە بەرچاوى زیندانییەکانەوە دەیان دڕێنن".
زیندانییەکان ناچار دەکەن بەپێ پەتى بەڕێدا بڕۆن
یگیتەل ئەوەشى وت "خوشکەکەى داواى لێکردووە لە دەرەوە کار بۆ پشتیوانیکردنى ژنە زیندانییەکانی زیندانى بایبورت بکرێت. داواى کردووە رای گشتی بێدەنگ نەبێت. دەبێت کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهادە) و رێکخراوەکانى تری بواری مافەکانى مرۆڤ بە خێرایی بکەونە جوڵە. هەروەها داوایکرد، پەرلەمانتارانی هەدەپە لەسەر بابەتەکە رابوەستن. لە کاتی چاوپێکەوتندا زیندانییەکان ناچار دەکەن بەپێى پەتى لە ئامێرى پشکنینى (X-Ray) بپەڕنەوە. لە دوایین جاردا کە چووین بۆ چاوپێکەوتن، وتیان لەبەر ئەوەى سەرپێیەتى لە پێدایە رێگات پێنادرێت چاوپێکەوتن ئەنجام بدەیت. لەو هۆڵەدا کە چاوپێکەوتنى کراوەى تیایدا ئەنجام دەدرێت پاسەوانەکان و جەردەوانەکان بە بەردەوامی زیندانییەکان و کەسوکارەکانیان بێزار دەکەن".
داواى پشتیوانی
یەگیتەل راشیگەیاند، ئیدارەى زیندانەکە کار و چالاکیی زیندانییەکانى سنووردار و کەم کردووەتەوە. ئەوەشی وت "پێکەوە قسەکردن، وەرزش و چالاکییە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە مافى زیندانیانە، کەمکراونەتەوە. هەفتەیەک جارێک ئاوی گەرم بە زیندانییەکان دەدرێت. دەبێت ئێمە وەک بنەماڵەى زیندانیان بەخێرایى دەنگ هەڵبڕین، چونکە بێدەنگیى ئێمە کاریگەریى لەسەر ورەى زیندانیان دەبێت. پێویستە ئێمە پشتیوانى لە زیندانیانى ژن لە زیندانى بایبورت دا بکەین. گرنگە بنەماڵەکانمان، پەرلەمانتارەکانمان و رێکخراوەکانى وەک کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهادە) لەو بارودۆخە بێدەنگ نەبن".
ر.م