گەردوونناسەکان نیگەرانن لە ناردنی مانگە دەستکردەکان بۆ بۆشایی ئاسمان

کۆمپانیای ئیلان ماسک دوێنی ٦٠ مانگی دەستکردی رەوانەى بۆشایی ئاسمانکرد. گەردوونناسەکان ناڕەزایەتییان نیشاندا و رایانگەیاند، لە ماوەى ١٠ ساڵدا ژمارەی مانگە دەستکردەکان دەبێتە ٥٠ هەزار دانە و ئەوەش رێگری لە توێژینەوە ئاسمانییەکان دەکات.

مانگە دەستکردەکانی جۆری ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئیکس لە بۆشایی ئاسماندا کێشە بۆ گەردوونناسەکان دروست دەکەن. گەردوونناسەکان رایانگەیاند، لە ئێستادا نزیکەى ٢٤٠٠ مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسمان بە دەورووبەری زەویدا دەسوڕێنەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە گەردوونناسەکان نەتوانن کارەکانی بواری توێژینەوەى بۆشایی ئاسمانی ئەنجام بدەن.

کۆمپانیای ئیلان ماسک دوێنێ ٦٠ مانگی دەستکردی نوێی رەوانەى ئاسمان کرد. کۆمپانیای سپەیس ئیکس لە بەهاری ٢٠١٩ەوە زیاتر لە هەزار مانگی دەستکردی رەوانەى بۆشایی ئاسمان کردووە.

ئامانجی کۆمپانیاکەى ئیلان ماسک ئەوەیە، کە لە رێگەى مانگە دەستکردەکانەوە ئینتەرنێت بۆ هەموو شوێنێکی جیهان دابین بکات. کۆمپانیاکە مۆڵەتی ئیدارەی ئەمریکا وەرگرتووە و دەیەوێت ١٢ هەزار مانگی دەستکرد رەوانەى بۆشایی ئاسمان بکات. تاوەکو ئێستا ٢٥٠٠ مانگی دەستکردی چالاک بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە و ئەو ژمارەیەش بەمزوانە زیاتر دەبێت.

گەردوونناسەکان رایانگەیاند، ئاستی رووناکی و تیشکدانەوەى مانگە دەستکردەکان لەم مانگانەى دوایدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

نیکۆلاس بیڤر گەردوونناس لە ناوەندی چاودێریی پاریس لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەوانە قورسی و زەحمەتییان بۆ بەڕێوەبردنی کاری زانستی و وێنەگرتن لە بۆشایی ئاسمان دروستکردووە، چونکە لە هەموو شوێنێک رووناکایی و تیشکی پەیکەکان هەیە. هەر خۆی رووناکایی سەر زەوی زیانی هەیە بۆ کارەکانمان چ بگات بە رووناکیی مانگە دەستکردەکان لە بۆشایی ئاسماندا".

گەردوونناسەکان تاوەکو ئێستا چەندین کەمپەینیان بۆ گەیشتنی دەنگیان بەڕێوەبردووە و هەزاران ئیمزایان کۆکردووەتەوە.

ژ.ت