لە چالاکیى شەڕڤاناندا لە عەفرین سەرەک چەتەیەک لەگەڵ ٣ چەتەدا کوژران

شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە عەفرین ٣ چالاکیى سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییانەدا حەمزە قەرهان سەرەک چەتەیەکى گروپى چەتەکانى سوڵتان موراد و ٣ چەتەى تر کوژران.

ناوەندی راگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) رایگەیاند، لە چوارچێوەى قۆناغی دووەمی بەرخودانى سەردەم لە عەفریندا، شەڕڤانان لە ناوەندی عەفرین و جندرێس گورزێکى تریان لە سوپاى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى دا.

یەپەگە لەبارەى ٣ چالاکیى سابوتاژی شەڕڤانان لە عەفرین راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:

"رۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەستەیەک لە هێزەکانمان لە گەڕەکی مەحمودییەى ناوەندی عەفرین لە دژی ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى چەتەکان چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا حەمزە قەرهان سەرەک چەتەى گروپی چەتەکانى سوڵتان موراد و شۆفێرەکەى کوژران و ئۆتۆمبێلەکەشیان بە تەواوی تێکشکێنرا.

هەر لەو رۆژەدا لە سەر رێگەى راجۆ – عەفرین لە دژی ئۆتۆمبێلێک، کە عەبدوڵا زرب سەرەک چەتەى گروپە چەتەکەی لیوای شیمالی تیادا بوو چالاکییەک ئەنجامدرا. لەو چالاکییەدا چەتەکان کوژراو و برینداریان هەبوو، بەڵام ژمارەى کوژراوان و بریندارەکانیان روون نەبوویەوە.

شەڕڤانان لە بەردەومیى چالاکییەکانیاندا هەر لەو رۆژەدا لە ناوەندی جندرێس لە دژی خاڵێکى چەتەکانی فەیلەقی شام چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٢ چەتە کوژران و ٣ چەتەى تریش بریندار بوون".

ر.م