ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق لە ۱۰ پارێزگا ڕاگەیەندرا

کۆمسیۆنی باڵای هەڵژاردنەکانی ئێراق، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراقی لە ۱۰ پارێزگا ڕاگەیاند و لیستی ئەلسائرونی سەدر لە پێشەوەیەوە و ئاشکرای کرد، وردبینیەکان لە دەنگی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین و نەجەف تەواو نەبوون.

نیوە شەوی ڕابردوو، لە بەغدادی پایتەختی ئێراق، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراق، سەبارەت بە هەڵبژاردنە پارلەمانییەکەی ئێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا. سەرەتا   
ڕیاز بەدران، سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن ئاخاوت و وتی: " کۆمسیۆنەکەمان وێڕای کۆکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگی نێو سندوقە ئەلیکترۆنییەکان، چەند ڕێوشوێنێکی دیکەشیان بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری و وردبینی لە دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە گرتووەتە بەر. لە چوارچێوەیەشدا، تا ئێستا وردبینی  و پێداچوونەوە و سەرڕاستکردنەوە لە دەنگەکانی ١٠ پارێزگای ئێراق کراوە. وردبینیەکان لە دەنگی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانهەولێر، سلێمانی و دهۆک، هەروەها کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین و نەجەف تەواو نەبوون و کارکردن تێیاندا بەردەوامە".

پاشان هەر لەو کۆنگرەیەدا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادنەکانی ئێراق،  ڕێژەی دەنگی دراو بەلایەنەکانی لە ١٠ پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاشکرا کرد، کە لیستی موقتەدا سەدر، ئەل سائرون، فەتحی حەشدی شەعبی، دەوڵەتی قانونی مالکی، نەسری حەیدەر عەبادی و حەکیمەی عەمار حەکیم زۆربەی ئەو دەنگانەیان مسۆگەر کردووە.


کۆمسیۆن، ئەنجامە بەراییەکانی پارێزگاکان بەم شێوەیە ڕاگەیەند:

دەنگە هەژمارکراوەکانی بەغدادی پایتەخت

لیستی سائرونی موقتە سەدر زیاتر لە ٤١٣ هەزار دەنگی بەدەستخستووە و پلەى یەکەمی بەدەستهێناوە. 
هاوپەیمانی فەتح نزیک لە حەشدی شەعبی، بە سەرۆکایەتی هادی عامری پلەی دووەمی بە ٢٣٣ هەزار دەنگ مسۆگەر کردوە.
 دەوڵەتی یاسای نوری مالکی، بە بەدەستخستنی ٢١١ هەزار دەنگ لە پلەی سێهەم دایە.
لیستی نەسر، سەر بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق، بە پلەی چوارەم دێت و  زیاتر لە ١٩٤ هەزار دەنگی مسۆگەر کردوە.

پارێزگای واست

سائرون لە پلەی یەکەم دایە.
لە پلەی دووەمدا فەتح دێت.
 پلەی سێهەم حەکیمە بەدەستیهێناوە.
پلەی چوارەمیش بۆ دەوڵەتی یاسا بووە.


پارێزگای دیوانیە

لیستی فەتح لە پلەی یەکەم دایە.
سائرون دووەمە
لیستی نەسری حەیدەر عەبادیش پلەی سێهەمی مسۆگەر کردووە.

پارێزگای زیقار

 لیستی سائرونی موقتەدا سەدر، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 فەتح پلەی دووەمی هێناوە.
لە پلەی سێهەمیشدا، لیستی نەسری عەبادی دێت.
دەوڵەتی یاسا چوارەمە.
حیکمەی عەمار حەکیم لە پلەی پێنجەم دایە.

پاریزگای بەسرە

فەتح لە پلەی یەکەم دایە.
سائرون دووەمی مسۆگەر کردوە.
نەسر، سێهەمه.
 دەوڵەتی یاسا، چوارەمە.
حیکمە، لە پلەی پێنجەم دایە.


پارێزگای کەربەلا

فەتحی حەشدی شەعبی یەکەمە.
سائرون دووەمە.
لە پلەی سێهەمیشدا، یستی نەسری حەیدەر عەبادی دێت.

پارێزگای موسەنا

 سائیرون یەکەمە.
فەتح دووەمە.
حیکمە سێهەمە
نەسر  چوارەمە.
دەوڵەتی یاسا لە پلەی پێنجەمین دایە.

پارێزگای دیالە

هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی کە سونەیە، ٩٦ هەزار دەنگ لە پلەی یەکەم دایە.
فەتح بە پلەی دووەم دێت و  زیاتر لە ٩٣ هەزار دەنگی مسۆگەر کردووە.
لیستی نیشتیمانی لە پلەی سێهەمدا جێی گرتووە.
پلەی چوارەمیش سائیرون مسۆگەری کردوە.
لیستەکەی حەیدەر عەبادیش بە بەدەستخستنی ٣٤ هەزار دەنگ لە پلەی پێنجەم دایە.
هەروەها، کێتی نیشتمانی کوردستانیش زیاتر لە ۲۰ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
نەوەی نوێ، ۳ هەزار دەنگی هەبووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، ۹ هەزار دەنگی مسۆگەر کردوە.


پارێزگای ئەنبار

 پلەی یەکەم  لیستی سونەکان (ئەنبار ناسنامەمانە) بەدەستی خستووە.،
هاوپەیمانی نیشتیمانی پلەی دووەمی هێناوە.
 بڕیاری عێراقیش لە پلەی سێهەم دایه.
نەوەی نوێ، ۳ هەزار دەنگی هەبووە.

ئەمەو کۆمسیۆن، ئاماژەی بەوەدا، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و نەینەوا، دەخاتەڕوو، لێ کاتێکی دیاریکراوی بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان نەکرد.

هـ.هـ