پژاک: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سەرچاوی ڕاستییەکی سەردەمیانەیە

لە ٧هەمین ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک بەیاننامەیەکی بڵاوکردوە. پژاک دەستنیشانیکرد، کە ئەزموون و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبێتە هیوا وپاڵنەرێکی بەهێزبۆ تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لەسەرەتای بەیاننامەلەی مەجلیسی پژاک هەفتەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز، ڕێبەر ئاپۆ، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ئازادیخوازانی جیهان پیرۆزکرد و ڕایگەیاند کە بێ گومان لە وەها قۆناغێکدا کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدەست قەیران و ئاڵۆزیە جۆراو جۆرەکانی ستەمی سەرمایەداری جیهانیەوە دەناڵێنێت ، سەرهەڵدان و سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن گرنگی و بەهایەکی زۆرە . ئەو شۆڕشەی کە لە مەیدانی کرداری و گوتاردا بەهەموو جیهانی سەلماند کە باشترین جێگرەوە و ڕێبازە بۆ تێپەربوون و چارەسەرکردنی پرس و قەیران گەلێک کە لە ئەنجامی سیستەمی سەرمایەی جیهانی و مودێلی دەوڵەت نەتەوە هاتونەتە ئاراوە.
لە بەردەوامی بەیاننامەکەی پژاکدا هاتووە، هاوکات شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەسەر ئەساسی فکر و ڕامانی ڕێبەری ئاپۆ دەستیپێکرد، جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەر جۆرە هەوڵدان و تێکۆشانێک کە لەسەر بنەمای راستی و حەقێقەتە مێژووییەکانی کۆمەڵگا نەبێت سەرناکەوێت. ئەو سیستەمە بە ئەساس گرتنی زهنییەتی نەتەوەی دیمۆکراتیک توانی لە ماوەیەکی کورتدا هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا لە ژێر چەترێکی دیمۆکراتیدا کۆبکاتەوە و بە ڕێکخستن بکات.

 لەدرێژەی بەیاننامەکەداهاتووە، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانە. ئەوەش ئەوە ڕاستیەی دەرخست کە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژن و هێزی دینامیکی گەنجانە. بەشداری بەرچاوی ژنان و گەنجانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا زیندووکەرەوەی ڕۆحی نەتەوایەتی و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە پرسی کورد لە هەموو بەشەکاندا گرێدراوی یەکترە و لە یەک دانەبڕاوە. بەتایبەت بەشداری و ڕۆڵی گەنجان و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەدان هەڤاڵی شەهید نموونەیەکی بەرچاوی ئەو ڕاستیەیە.

 لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: " بێ گومان ئەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە کە ئەزموون و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هیوا و پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەسەر ئەو بنەمایە هەموو هەوڵدانی خۆمان بۆ ڕاگوێستنی ئەزموونەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەیەن، تاکو بتوانین لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو شۆڕشەدا ئەرکی شۆرشگێریمان پێکبهێنین. جارێکی دیکە پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گەلی باکوری سوریا و گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان دەکەین. سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ی شۆرش ڕۆژئاوای کوردستان دادەنەوێنین.

ک-ش