دوو ساڵی هەستیار و قەیراناویی ئیمراڵی -٢٨-

شۆڕشی کوردستان لە ساڵانی پێش ٢٠١٣دا چووە قۆناغێکی نوێوە. بە رۆڵی سەرەکیی رێبەری گەلی کورد قۆناغێکی هەستیار و گرنگ بەرێوەچوو. دوای ٥ی نیسانی ٢٠١٥ قۆناغی نوێی گۆشەگیری و ئەشکەنجە دەستیپێکرد.

لەو رۆژانەدا، کە بەرپرسانی دەوڵەت دوای چەندین ساڵ دیسانەوە لە دەرگای ئیمراڵییان دایەوە، نەک تەنها لە پاریس ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کورد تیرۆر کران، بەڵکو هێرشێکی قورس و چڕی ئاسمانی کرایە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. لە هێرشی سوپای تورکدا لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢دا لە ناوچە شاخاوییەکانی لیجەی ئامەددا، ئەرتەم کارابولوت ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی هەپەگە و ٩ گەریلا شەهید بوون.

لە لایەک لە پاریس ٣ ژنە شۆڕشگێڕ تیرۆرکران، کە ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەی تیادا بوو، لەلایەکی ترەوە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر گەریلا زۆر زیادیان کرد و ئەوانەش نیگەرانییان لەلای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دروستکردبوو. لەو رۆژانەدا و دوای چەندین ساڵ و کاتێک دەوڵەتی تورک رێگای دا بنەماڵە برۆن بۆ ئیمراڵی، رووی هەموو کەس وەرچەرخا بۆ سەر ئەوە، کە ئۆجالان لەسەر کۆمەڵکوژیی پاریس چی دەڵێت.

محەمەد ئۆجالان ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ رۆیشت بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنەکەى خۆی لەگەڵ رێبەری گەلی کورددا بەمشێوەیە بە رۆژنامەنووسان راگەیاند، "لەسەر کوژرانی ٣ ژنە کوردی سیاسەتمەدار لە فەرەنسا خەمگین و نیگەران بوو و ئیدانەی کرد. ئەو کۆمەڵکوژییەی بە کۆمەڵکوژیی دووەمی دێرسیم ناو برد. وتی، چی دەبێت با ببێت، دەبێت بە خێرایی بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە ئاشکرا بکرێن.  وتی، ئەگەر ئەو کۆمەڵکوژییە لە ماوەیەکى کورت دا روون بکرێتەوە سوودی بۆ پرۆسەکە دەبێت "ئەوە ئاماژەی کۆمەڵکوژییە". لەبەر ئەوە خەمگین بوو. سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکان کرد. وتی، ئەگەر لەم رۆژانەدا هاوسەرۆکانی دەبەپە بچن بۆ لای، لەبارەى پرۆسەکەوە راگەیاندراو دەدات". 

هەمان رۆژ راگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە لە ئاژانسەکان و ماڵپەڕەکاندا بڵاوبوویەوە و تیایدا هاتبوو "کۆمەڵکوژی درێژەپێدانی سیاسەتی پاکتاوکردن و هێرشە بۆ سەر رێبەرایەتیمان، بزووتنەوەی ئازادیمان و گەلی کوردستان. ئاکەپە شەڕی دەروونی دەکات. هەڵوێستی دەوڵەتی فەرەنسا نیگەرانی دروست دەکات. ئاکەپە بە سیاسەتی هێرش ئاژاوەگێڕی و تێکدەری لە پرۆسەکەدا دەکات. گەلەکەمان دەبێت بە بەرخودان ئیرادەی خۆی بخاتەڕوو و بیچەسپێنێت".

کۆرۆنۆلۆژیای و ریزبەندیی رووداوەکانی ئەو کاتە، کە لەلایەن کوردەوە دەوترێت، "پرۆسەى دیالۆگ، کە لە شوباتی ٢٠١٣دا دەستیپێکردبوو بە چاوپێکەوتنی شاندی هەدەپە لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥دا کۆتایی پێهات" و بەمشیوەیە بوو:

٣ی شوباتی ٢٠١٣: ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورک لەبارەی پرۆسەکەوە، کە تازە بەتازە دەستیپێکردبوو بە لێدوانەکانی خۆی نیازەکانی دەوڵەتی تورکی ئاشکرا کرد و وتی، "تاوەکو چەک دانەنێن، ئەستەمە ئێمە شەڕی خۆمان لە دژی رێکخستنی تیرۆر رابگرین".

 ٢٣ی شوباتی ٢٠١٣: پەروین بوڵدان، سری سورەیا ئۆندەر و ئاڵتان تان بە ناوی شاندی دەبەپەوە رۆیشتن بۆ ئیمراڵی.

١٣ی ئاداری ٢٠١٣: هەپەگە بۆ نیاز پاکیی خۆی ٨ بەرپرسی دیلکراوی دەوڵەتی تورکی ئازاد کرد.

٢١ی ئاداری ٢٠١٣: نامەی رێبەری گەلی کورد لە نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە، کە زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئامادەی ئەو نەورۆزە بوون. نامەکە لێوانلێو بوو لە دەربڕینی مێژوویی و تیایدا هاتبوو، "ئەمڕۆ سەردەمی نوێ دەستپێدەکات. لە قۆناغی بەرخودانی چەکدارییەوە دەرگا بە رووی قۆناغی سیاسەتی دیموکراتیک دا دەکرێتەوە. ئێمە گەیشتووینەتە شوێنێک، کە دەبێت ئیدی چەک بوەستێت و فکر قسە بکات. ئەوە دەستبەردان لە تێکۆشان نییە، بەڵکو دەستپیکردنی تێکۆشانێکی نوێیە...".

٢٣ی ئاداری ٢٠١٣: موراد قەرەیلان هاوسەرۆکی دەستەىبەڕێوەبەری کەجەکە وتی، "بەشێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا ئاگربەست رادەگەیەنین".

٣ی نیسانی ٢٠١٣: بولەند ئارینج جێگر و یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورک وتی، شاندی ریشسپییەکانیان دەستنیشان کردووە، کە لە ٦٢ کەس پێکهاتوون. دواتر شاندەکە بووە ٧ دەستە و لە زۆریک لە شارەکاندا دەستیان بە زنجیرە کۆبوونەوە کرد. دەوترا شاندەکە دەڕوات بۆ ئیمراڵی، بەڵام ئەوە رووی نەدا.

١٨ی نیسانی ٢٠١٣: گۆڤاری تایم عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی خستە ناو لیستی "گرنگترین ١٠٠ کەسایەتییەکانی جیهان"ەوە.

٢١ی نیسانی ٢٠١٣: دەوڵەتی تورک لە زۆریک لە شوێنە ستراتیژییەکانی باکووری کوردستاندا دەستیکرد بە دروستکردنی بنکەى سەربازی.

٢٥ی نیسانی ٢٠١٣: موراد قەرەیلان هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بۆ میدیا کوردی، تورکی و جیهانییەکان، کە لەلایەن چەندین رۆژنامەنووس و پەیامنێرەوە دەگواسترایەوە رایگەیاند، هێزەکانی گەریلا لە ٨ی ئایارەوە بەبێ مەرج دەست بە کشانەوە دەکەن.

٢٥ی ئایاری ٢٠١٣: یەکێک لەو چوار کۆنفرانسە، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی پرۆسەکە  پێناسەی کردبوو، لە ئەنقەرە ئەنجام درا.

١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣: موراد قەرەیلان هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی ئەو کاتی کەجەکە وتی، نزیکایەتی و رەفتاری دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە لە پرۆسەکە نیگەرانی و گومانی لەلایان دروستکردووە.

٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٣: لە دژی ئەو بنکە سەربازییانەى، کە دروست دەکران، لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستاندا ناڕەزایەتی ئەنجامدران. لە ناڕەزایەتییەکاندا لە لیجە گەنجێک بە ناوی مەدەنی یڵدرم لەلایەن سەربازانی تورکەوە کوژرا.

١٠ی تەممووزی ٢٠١٣: لە نێوان ٣٠ی حوزەیران و ٥ی تەمووزدا لە چوار پارچەى کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە و بە بەشداریی ١٦٢ نوێنەر کۆبوونەوەی ٩هەمینی لیژنەی گشتیی کۆنگرەى گەل ریکخرا و ئەنجامەکانی کۆنگرەکە بۆ رای گشتی بڵاوکرانەوە. لە کۆنگرەکەدا سیستمی کەجەکە گۆڕدرا و هاوسەرۆکان گۆڕدران. جەمیل بایک و بەسێ هۆزات بوونە هاسەرۆکانی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە. هاجەر زاگرۆس و رەمزی کارتال بوونە هاوسەرۆکانی کۆنگرەى گەل.

٢٦ی تەممووزی ٢٠١٣: رێبەری گەلی کورد لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پێى راگەیاندن، ئەگەر حکومەتی ئاکەپە تاوەکو تشرینی یەکەم هەنگاو نەنێت، ئەوا کۆتایی بە ئاگر بەست دێت.

٩ی ئەیلولی ٢٠١٣: دەستەى هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە رایگەیاند، لەسەر دیموکراتیکبوون و چارەسەرکردنی کێشەى کورد هەنگاو نەنراون و کشانەوەى گەریلایان راوەستاندووە. کەجەکە لەو راگەیاندراوەدا لەسەر پێگەى گەریلا وتبوی، "کشانەوەى گەریلا رادەوەستێنرێت، بەڵام ئاگربەست بەردەوام دەبێت. بەردەوامیدان بە دۆخی ئاگربەست بە مانای درەفەتدانە بە ئاکەپە، کە بەپێی پرۆژەکەی رێبەر ئاپۆ هەنگاو بنێت".

٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٣: ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورک "پاکێجەکانی دیموکراتیکبوونی" راگەیاند، بەڵام لە پێش هەموانەوە بەدەپە و کەجەدە رایانگەیاند، پاکێجەکان پووچن و لە پێناو چارەسەری و هیچ داوایەکدا نابنە وەڵامدەر.

٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣: جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، بۆ ئەوە پرۆسەکە بەردەوامیی پێبدرێت، دەبێت هەلومەرجی رێبەری گەلی کورد بگۆڕدرێت، بواری یاسایی بڕەخسێنرێت و لایەنە سیاسییەکان بە دانوستانەکان زیاد بکرێن.

٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣: محەمەد رەشید ئیشبیلەر و ڤەیسەڵ ئیشبیلەر، کە بەشداری چالاکیی ناڕەزایەتی بوو بوون لەلایەن پۆلیسی تورکەوە کرانە ئامانج و کوژران. دەوڵەتی تورک لە گەڤەر هێرشی کردە سەرپەکەکە و گۆڕستانی گەریلاکان و بەو هۆیەوە چالاکیی ناڕەزایەتی رێکخرابوو.

٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣: رێبەری گەلی کورد لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەى گەڤەر و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە داوایکرد، گەل بەرامبەر بە کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکان هۆشیار بن. راشیگەیاند، بۆ ئەوەى پرۆسەکە بەڕێوەبچێت دەبێت بواری یاسایی بڕەخسێنرێت و پێشنیازی کرد، لیژنەى چاودێریی بێلایەن بۆ پرۆسەکە دروست بکرێت.

١١ی شوباتی ٢٠١٤: پێش ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بۆ یەکەمجار وێنەى ئۆجالان لە شارێکی باکووری کوردستان لە بیلبۆردەکان (تابلۆکانی ریکلامی لە شوێنە گشتییەکاندا) بڵاوکرایەوە. لە پۆستەرەکانی بەدەپەدا بە زمانەکانی کوردی و تورکی نووسرابوو "بە رێبەرایەتیی ئازاد بەرەوە ژیانی ئازاد" هێشتا ٢٤ کاتژمێر بەسەریدا تێنەپەڕیبوو، کە بە بڕیاری دادگا وێنەکان و پۆستەرەکان کۆکرانەوە.

بەرخودانی کۆبانی و چەمک و تێگەیشتنی نوێ

١٧ی ئاداری ٢٠١٤: فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان لە بەرنامەى تایبەتی ستێرک تیڤی دا رایگەیاند،  تاوەکو رێبەری گەلی کورد لە زیندان ئازاد نەبێت چەک دانانرێت و وتی، "پرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی پێنەهاتووە، یەکلایەنە بەڕێوەدەچێت. سەرۆک ئاپۆ و ئێمە بەڕێوەی دەبەین. پرۆسەکە بە بنبەست گەیشتووە، بەڵام  تاوەکو دوایی یەکلایەنە بەڕێوەناچێت. ئەگەر هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە دوای هەڵبژاردن هەنگاو نەنرێت، دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە پرۆسەکە کۆتایی پێهاتووە".

١١ی تەممووزی ٢٠١٤: بە پێشنیازی رێبەری گەلی کورد بە فەرمی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە - DBP) دامەزرا. بڕیار بۆ دەبەپە درا و دەبەپە لە کوردستان لە بەڕێوەبەریی خۆجێیەدا و هەدەپە لە شارەکانی تورکیادا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان خۆیان رێکدەخەن.

٥ی ئابی ٢٠١٤: رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، لەبەر ئەوەى پرۆسەى چارەسەری نەچوەتە قۆناغی دانوستانەوە دەنگی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە حکوەمەتی ئاکەپە بەرز کردەوە.

١٨ی ئابی ٢٠١٤: پەیکەری مەعسوم کۆرکماز یەکێک لە فەرماندە ئەفسانەییەکانی پەکەکە لە لیجە دانرا، سەربازانی تورک هێرشیان کردە سەری. گەل بەرەنگارییان کرد، سەربازانی تورک تەقەیان لە گەل کرد و محەمەد تاشکینی تەمەن ٢٤یان کوشت.

١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤: دەوڵەتی تورک چەتەکانی داعشی بەردایە کۆبانێ.

٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤: رێبەری گەلی کورد بۆ ئەوەى حکومەتی ئاکەپە بۆ پرۆسەى چارەسەری هەنگاو بنێت تاوەکو ١٥ی تشرینی یەکەم دەرفەتی بە ئاکەپە دا.

٦،٧،٨ی ٢٠١٤: بەرخودانی گەلی کورد بۆ کۆبانێ، کە لە ٦ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکرد و لە ٧ و ٨ی تشرینی یەکەمدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. لە هەموو شارەکانی باکووری کوردستان و لە گەورە شارەکانی تورکیا گەل رژانە سەر شەقامەکان. دەوڵەت بۆ ئەوەى گەل سەرکەوت بکات، لەگەڵ هێزە چەکدارە چەتە میلیشاییەکان لە شەقام و گۆڕەپان و کۆڵانەکاندا دەستیان بە کۆمەڵکوژکردنی گەل کرد.

٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤: سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ئامەد کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان رێکخست و دەمیرتاش رایگەیاند، "شەوی رابردوو دەرفەتێک رەخسا، کە ئێمە لە بەڕێز ئۆجالانەوە پەیامێک بەدەستبهێنین. ئێمە دەمانەوێت رایبگەیەنین، کە لە دژی مەترسیی کۆمەڵکوژیی جەخت لە رێبازەکانی گەشەپێدان بە دیالۆگ و دانوستان بۆ هەموو لایەنەکان دەکاتەوە و ئەوەی پێشنیاز کردووە".

٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤: لە ناوچەى کازخمانی قەرس هێزەکانی تورک بۆسەیان بۆ یەکەیەکی گەریلا دانا، کە دەڕۆیشتن بۆ سەر ئەرک و کاری خۆیان. لەو بۆسەیەدا گەریلاکان حامید جەهانگیر (شەڕڤان شاهۆ)، ئومید نەکوش (باران ئارارات) و حەبیب کۆچ (توفان تەندورەک) شەهید بوون.

٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤: لیژنەى ئاسایشی نەتەوەیی تورک (مەگەکە - MGK) مێژوویترین کۆبوونەوەى مێژووی خۆی رێکخست. کۆبوونەوەکە ١٠ کاتژمێری خایاند. لە کۆوبونەوەکەدا "پلانی چالاکیی چۆکشکاندن" دانرا و بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پلانە درا. ئەو پلان و عەقڵییەتە ئامانجی ئەوە بوو، کە بزووتنەوەى ئازادیی کورد و داوای ئازادیی کورد پاکتاو بکات.

دۆڵمە باخچە و دوایین چاوپێکەوتن لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥دا

١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥: پەیامی رێبەری گەلی کورد بە ناوی "دەبێت مرۆڤ لە دژی ئاژاوەگێری و کارە تێکدەرانەکان هۆشیار بێت"، لەلایەن خەتیب دیجلە و سەلما ئیرماق هاوسەرۆکانی کەجەدە لە جزیر بە گەل راگەیاندرا، چونکە دەوڵەت لە جزیر دەیخواست کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە ئەنجام بدات. هەر ئەو رۆژە منداڵێک بە ناوی نیهاد کازانهان لەلایەن پۆلیسی تورکەوە کوژرا. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر داواکەى ئۆجالان ئەو لەمپەرانەى لەسەر رێگاکان لەلایەن گەلەوە دانرابوون، لابران.  

٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥: بەڕێوەبەرانی کەجەکە کە لەگەڵ شاندی هەدەپە چاوپێکەوتنیان ئەنجامدابوو، رایانگەیاند، ئاکەپە بە بەرپرسیاریی پرۆسە و قۆناغی دانوستان ناجوڵێتەوە و دووبارە هۆشداریی دا.

٢٨ی شوباتی ٢٠١٥: لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و شاندی ئیمراڵییەوە دەقی لێکتێگەیشتنێکی ١٠ خاڵی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا. لەو خاڵانەدا پلانێکی بەرفراوانی دیموکراتیکبوون هەبوون. هەمان رۆژ ئەردۆغان وتی، "ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەو بانگەوازە بووین" و دواتر وتی، "یەکێک هاتووە باسی لێکتێگەیشتنی دۆڵمە باخچە دەکات، لێکتێگەیشتنی وەها نییە. ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ رێکخستنی تیرۆر دا لێکتێگەیشتنی دانەناوە".

١١ی ئاداری ٢٠١٥: جەمیل بایک و بەسێ هۆزات هاوسەرۆکانی کەجەکە بۆ کەناڵی ئاسمانیی ئیمەجە تیڤی (IMC TV) قسەیان کرد و وتیان، "ئەو لێدوان و بانگەشانەى، کە دەوترێت پەکەکە چەک دادەنێت پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن. تەنها بە کۆنگرەیەک کە رێبەر ئاپۆ تیایدا ئامادە بێت، دەکرێت بڕیاری دەستهەڵگەرتن لە چەک بدرێت".

٢٠ی ئاداری ٢٠١٥: ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک یەکەم لێدوانی دا و کۆتایی بەو پرۆسە ٢ ساڵییە هێنا و وتی، بە دڵخۆشییەوە سەیری کۆمیتەى چاودێری ناکەن، کە بڕیار بوو چاودێری پرۆسەکە بکات و وتیشی، "من لە رۆژنامەکاندا دەخوێنمەوە. من ئاگاداری شتی وەها نیم. من ئەوە زۆر بە راشکاوی دەڵێم، من بە دڵخۆشییەوە لێی ناڕوانم، ئەوانە شتی راست نین. ئەو کارانە بە دام و دەزگای رێکخستنکراو دەکرێت".

٢١ی ئاداری ٢٠١٥: لە پیرۆزبایی نەورۆزی ئامەددا نامەى رێبەری گەلی کورد خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو، "لەسەر پێویستیی جاڕنامەکە و بە لێکتێگەیشتنەکە، من بە پێویستییەکی مێژوویی دەزانم، کە پەکەکە کۆتایی بە تێکۆشانی نزیکەی ٤٠ ساڵیی خۆی لە دژی کۆماری تورکیا بهێنێت و بەپێی رۆحی سەردەمەکە سەرلەنوێ ستراتیژی و تاکتیکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆی دابڕێژێتەوە و لە کۆنگرەی خۆیدا ئەوە رێکبخات. هیوادارم ئێمە لە ماوەیەکی نزیکدا بێینە سەر خاڵە بنەڕەتییەکانی لێکتێگەیشتنەکە و بڕۆینە قۆناغی کۆمسیۆنی راستییەکان و رووبەڕووبوونەوە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان و شاندی چاودێریی پێکهاتوو و ئەو کۆنگرەیە بە شێوەیەکى سەرکەوتو پێکبهێنن".  

٥ی نیسانی ٢٠١٥: پاکێجی "ئاسایشی ناوخۆ"ی حکومەتی ئاکەپە، کە راستەوخۆ پرۆسەکەى کردبووە ئامانج و دوای ئەوەى لە ٢٧ی ئاداردا لە پەرلەمانی تورک دا پەسەند کرا، رێک رۆژێک پێش چاوپێکەوتنی رۆژی ٥ی نیسانی ٢٠١٥ لەگەڵ رێبەری گەلی کورددا لە ٤ی نیساندا لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و بەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئۆجالان لەبەر ئەوە هەستی پێکردبوو، لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی لە ٥ی نیسان دا بە شاندەکەى وتبوو، "رەنگە ئەم دوایینجار بێت، کە ئێوە بێن بۆ ئێرە. رەنگە ئیدی ئێوە نەتوانن جارێکیتر بێن بۆ ئێرە. ئەوان جدیەتی ئەوەیان نییە، کە بتوانن ئەو دیالۆگە بەڕێوەببەن".

١١ی نیسانی ٢٠١٥: لە دیادینی ئاگری کاتێک گەل دەیانخواست پێکەوە نەمام بچێنن، بەهۆی ئاژاوەگێڕی و تێکدەریی سەربازانی تورکەوە شەڕ روویدا. لەبارەی ئەو رووداوەوە فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی هەدەپە وتی، "ئەگەر لە ئێستا بە دواوە ئۆپراسیۆنی سەربازی و هێرش بۆ سەر گەلەکەمان درێژەی هەبێت، ئەوا ئاکەپە لە هەموو زیان و دەرەنجامەکانی بەرپرسیار دەبێت".

٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥: هەدەپە سەرباری هەموو هێرش، تێکدەری و ئاژاوەگێڕی و هێرش بە بۆمب لە دژی، لە هەڵبژاردندا سەدا ١٣ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێنا و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە هێنا، کە بە تەنها لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنەی  بزووتنەوەى سیاسیی کورد دا، دیسانەوە ئاکەپە دەستی بە رێکخستنی شەپۆلی شەڕ و شەڕانگێزی لە دژی گەلی کورد کرد.

٢٤ی تەممووزی ٢٠١٥: دوای کۆبوونەوەى لیژنەى ئاسایشی نەتەوەی تورک (مەگەکە - MGK) بەو بڕیارانەى حکومەتی ئاکەپە لە دژی پەکەکە دابووی، هێرشی قورس و چڕی ئاسمانی لە دژی پەکەکە دەستیپێکرد.

٢ی ئابی ٢٠١٥: قەدەغەى هاتوچۆ و چوونەدەرەوە لە ماڵەوە بەسەر هاووڵاتییاندا سەپێنرا، کە بۆ چەند ساڵێک ئەو قەدەغەکارییانە بەردەوامیان هەبوو و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و خاپورکردنی سوور، نسێبین، جزیر، شڕنەخ و گەڤەر.

دوای ٥ی نیسان چی روویدا؟

دوای دوایین چاوپێکەوتنی شاندی ئیمراڵی لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥دا لەگەڵ رێبەری گەلی کورد، هێرشەکان لە کوردستان روویان لە زیادبوون کرد و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە رێبەری گەلی کوردەوە بە دەستنەهات. دوای ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦ ی شەڕی ناوۆخی دەوڵەت، لقی یەکی داداگای سزاکانی بورسا هەموو جۆرە دەرفەتێکی بۆ ئاگاداربوون و پەیوەندیکردن و سەردانکردن لە ئیمراڵی پچڕاند. بەو شێوەیە قۆناغێکی نوێ لە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەى ئیمراڵی دەستیپێکرد. بەو بڕیارە هەرگیز رێگایان نەدا، کە جارێکیتر سەردانی ئیمراڵی بکەن.

کاتێک گۆشەگیری راگەیاندرا، نیگەرانییەکان لەسەر ژیانی ئۆجالان زیادیانکرد و دوای ئەوەى میدیاکانی تورک بانگەشەی ئەوەیانکرد، کە لە ١٥ی تەممووزدا لە دژی ئیمراڵی "هەوڵێک" ئەنجامدراوە، دیسانەوە نیگەرانییەکن لەسەر ژیان و ئاسایشی ئۆجالان زۆر زیادی کرد. لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکاندا هەواڵی جۆراجۆر و ناکۆک و دژ بە یەک لەسەر ژیانی ئۆجالان بڵاوکرایەوە، لە کوردستان و گەورە شارەکانی تورکیا و دیاسپۆرا ئەو هەواڵانە بە ناو گەل دا بڵاوبوونەوە و گەل دەستی بە جموجوڵ کرد. دوای بەرخودانی ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ رێگا درا محەمەد ئۆجالان چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدات. دوای ئەو چاوپێکەوتنە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ دا بە هیچ شێوەیەک رێگا نەدرا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە رێبەری گەلی کوردەوە دەستبکەوێت، چونکە رێگریان کرد لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە چاوپێکەوتن و دیدارێک لەگەڵیدا.

سبەی: ئەشکەنجەیەک کە جیهان چاوی خۆی لێ داخستووە

ژ.ت