لە مەهاباد کۆمار چۆن دروست بوو و بۆچی ڕووخا؟

٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە مەیدانی مێژوویی چوارچرا لە مەهاباد ڕاگەیەندرا. ئەو کۆمارەی، کە ماوەی ١١ مانگی خایاند، لە سایەی دەرفەتە مێژووییەکان دا دامەزرا.

لە ساڵی دووەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، واتە لە ساڵی ١٩٤١ دا سوپای ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات و بەریتانییەکان لە باشوورەوە هێرشیان کردە سەر ئێران. لە ڕۆژانی داگیرکاریی بەریتانیادا، لە ٢ی ئەیلولی ١٩٤١دا دەوڵەتی تورک پەیامێکی بۆ لەندەن نارد. لە پەیامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ڕێکخستنە کوردییەکانی ناوچەکە و ئاگاداری بە حکومەتی بەریتانیا درا. لەو ڕۆژانەدا شاندێکی کورد بەسەرۆکایەتی قازی محەمەد چوون بۆ باکۆ و لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت کۆبوونەوە. شاندەکەی کورد لەگەڵ باقرۆف سەرۆک وەزیرانی ئازەربایجان کۆ بوویەوە و چەندین ڕێککەوتننامەیان لەگەڵ ئیدارەی سۆڤیەت و بەتایبەتی لەبواری ئابووریدا ئیمزاکرد.

لەو کاتەدا کورد بە بەڵێنی پشتیوانی سۆڤیەت گەڕایەوە واری خۆی. لە ١٦ی ئابی ١٩٤٣ دا کۆمەڵەی ژێکاف (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان) دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٤دا سێ ڕێکخستنی کوردی بە ناوەکانی کۆمەڵە (ژێکاف)، خۆیبون و هیوا کۆ بوونەوە و بڕیاریاندا یەکبگرن و ڕێکەوتنێکیان بە ناوی 'سێ سنوور' واژۆ کرد. قۆناغەکە و پرۆسەکە بەرەو مەهاباد دەڕوات و لە سایەی یەکێتیی کوردان و دەرفەتی سوود وەرگرتن لە هاوسەنگی لە ناوچەکەدا ڕەخسابوو.

ڕۆژی مێژووی لە چوارچرا

ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ هەڵبژێردرا. لەو ڕۆژەدا لەبەردەم هەزاران کەس لە گۆڕەپانی مێژوویی مەهاباد کۆبوونەوە، قازی محەمەد بەم وتانە کۆماری ڕاگەیاند: "سوێند بە خودای خۆم، بە نەتەوەی کورد و بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە هەڵکراوە، تا دوا دڵۆپی خوێن و هەناسەم سەربەخۆیی و کۆماری کوردستان دەپارێزم".

لەکاتی ڕاگەیاندنی کۆماردا هەڵبژاردنی قازی محەمەدی تەمەن ٤٦ ساڵ وەک سەرۆک کۆمار ڕێکەوت نەبوو.

قازی محەمەد بە سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆمار دەزانرا، لە بنەماڵەیەکی ڕیشەدار و ئاینیی ناوچەکە بوو. فەتاح قازیی مامی لە ساڵی ١٩١٦ لە شەڕی دژ بە ڕووسیادا گیانی لەدەستدا، شێخولمەشایخی باپیریشی بە کۆکردنەوەی هۆزە کوردەکان لە شاری دیواندەر لە ساڵی ١٩٣٠ پێشنیاری دروستکردنی "بەرەی هاوبەشی" دژ بە بەریتانییەکان کرد.

ڕەنگ و خواستی کوردەکان بۆ یەکەم جار لەسەر ئاڵاکەی کۆماردا دەرکەوت

دوای چەند ڕۆژێک لەڕاگەیاندنی کۆمار، کابینەیەکی حکومەتی پێکهاتبوو لە ١٤ وەزیر پێکهێنرا. ڕەنگەکانی ڕەمزی یەکگرتووی  کورد بۆ یەکەمجار لەسەر ئاڵای کۆمار نەخشێنرا و شێعری شاعیری کورد دڵدار بەناوی "ئەی ڕەقیب"، کە لە ساڵی ١٩٣٨ دا لە زینداندا نووسیبووی بە سروودی نەتەوەیی پەسەندکرا. لە یەکەم کۆمار دا تەنها یەک چاپخانە هەبوو، کە ڕاگەیاندرا و  بەیاننامەکانی دامەزراوەکانی کۆماری تیادا چاپ دەکرا.

کاتێک پەروەردەی کوردی لە قوتابخانەکانی ناوچەکانی سنوری کۆمار دەستی پێکرد، چەکدارەکانی ناوچەکەش بوونە سوپای ئاسایی. لە ڕۆژانی سەرەتادا سوپا تەنها ١٠ هەزار چەک و ٢٠ بارهەڵگری جبەخانە و تەقەمەنیی هەبوو. یەکێکی تر لەکارە گرنگەکانی کۆمار لەبواری ڕۆشنبیری و هونەری و ئەدەبیدا بوو. بە بڕیاری کۆمار لە ماوەیەکی کەم دا ئۆپێرا دامەزرا و کتێبی زانستی تاوەکو گۆڤار بۆ منداڵان  چاپکران و چەندین کاری چاپەمەنی - بڵاوکردنەوە  ئەنجام دران.

گۆڕینی هاوسەنگی لە دوای جەنگی جیهانی

لە لایەکی ئەم پێشکەوتنە مێژووییانە بۆ گەلی کورد لە مەهاباد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان دەدا و لە لایەکی دیکەوە لەو ڕۆژانەدا جەنگی جیهانیی دووەم کۆتایی پێهات. لە جیهاندا سیستم و هاوسەنگیی نوێ دروست بوو. لە جیهانی ڕۆژئاوادا، بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، شەڕ لە شێوەی  ترس و تۆقاندنی هیتلەری ئەڵمانیا، گۆڕدرا بۆ شەڕی ساردی نێوان ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا. لەو کاتەدا یەکێتیی سۆڤیەت خۆی لە ئێران نزیک دەکردەوە.

ئیدارە و بەڕێوەبەریی مۆسکۆ دوای ڕێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ تاران بڕیاریدا دەستبەجێ هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە. لێرەدا کۆماری کوردستان بەبێ پشتیوانی کرد و دەستکەوتەکانیش بوونە قوربانیی کۆبوونەوەکان و چاوپێکەوتنەکانی سەر مێز. لە ٩ی ئایاری ١٩٤٦دا سوپای سوور لە خاکی ئێران کشایەوە و سوپای ئێران کە لە ١٧ی کانوونی یەکەم دا چووە ناو مەهاباد. سەرۆک کۆمارەکەیان دەستگیرکرد. مەلا مستەفا بارزانی فەرماندەی گشتی لە کۆمار دوای ڕێپێوانێکی درێژ لەگەڵ ٥٠٠ پێشمەرگە دا لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە و خۆی گەیاندە یەکێتی سۆڤیەت.

گۆڕەپانی لە سێدارەدان دروستکرا

لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٤٧ دا و ڕێک یەک ساڵ و یەک ڕۆژ دوای دامەزراندنی کۆمار، دادگای سەربازیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ قازی محەمەد دەر کرد. لە ٣١ی ئازاری هەمان ساڵدا و هەر لەو گۆڕەپانەدا، واتە لە چوارچرا، کە کۆماری تێدا ڕاگەیەندرا، قازی و ٢ هەڤاڵ و هاورێی (سەیفی قازی و سەدری قازی) لەسێدارەدران. قازی محەمەدی ٤٧ ساڵ، لە سەدەی بیستەمدا وەک دوایین سەرۆکی کورد لەسێدارەدرا و ناوی چووە مێژوو.

ژ.ت