سەربازانی تورک ٢٠ کەسیان ئەشکەنجەدا و بردیانن بۆ ناوچەی شەڕ

سەربازانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گەڤەر گوندەکانیان بۆردومان کرد و گەمارۆیان دان و بە توندوتیژی و ئەشکەنجە ٢٠ کەسیان لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ ناوچەى ئۆپەراسیۆن و شەڕ، کە منداڵ و ژنی بەساڵاچووشیان تیادایە.

هێرشی داگیرکاری لە ناوچەی بەربەستی ڕەش لە دەوروبەری گوندەکانی شیشەمزین، خورەکانای سەیدا و خورەکانای تەمۆ لە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان، ٣ ئامبولانس چوونەتە ناوچەکە و پێکدادانی سەخت ڕوویداوە. سەربازانی تورک بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکان و هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەس، لەوانە منداڵانی تەمەن ١١ بۆ ١٤ ساڵیان تیادابوە، کە ئەشکەنجە دراون و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە.

ئاماژە بەوەکراوە، سەربازەکان منداڵەکانیان ئەشکەنجە داوە و فڕێیانداونەتە بەر دەرگای ماڵەکانیان و سوکایەتیان پێکردوون. سەربازان بە لانیکەمەوە ٢٠ کەسیان بە زۆر بردووە بۆ ناوچەى شەڕ و ئۆپراسیۆنەکە، کە منداڵانی تەمەن ٨ ساڵ و ژنانی بەساڵاچوویان تێدا بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە لە هاووڵاتییانی گوندەکانەوە بە دەست گەیشتوون، سەربازان دەستیان بەسەر تەلەفۆنی ئەو کەسانەدا گرتووە کەبردراونەتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە. هەروەها شوانەکانی گوندی شیشەمزین لە ناوچەی ئۆپراسیۆنەکەدا دەستبەسەرکراون و سەربازەکانیش هەڕەشەیان لێکردون و پێیانوتون، "دوعا بکەن، کە ژنتان لەگەڵ دایە، ئەگەر نا دەمانزانی چیتان لێ دەکەین".

٢٠ کەس دەستگیرکراون، کە ٢ کەسیان منداڵن و ٤ کەسی تریان شوانن

لەو هەڵکوتانە و توندوتیژییەى سەربازانی تورکدا زیاتر لە ٢٠ گوندنشین بردراون بۆ ناوچەی هێرشەکە، کە ٤یان خەڵکی ئێرانن و شوانی گوندەکانن، ٢یان منداڵن و ناوی ١٣ کەس لەوانە، کە براون بۆ ناوچەی هێرشەکە و دەستگیرکراون بەم شێوەیەیە: زۆزان تورگوت تەمەن ٤٥ ساڵ، نەڤین تورگوت تەمەن ٨ ساڵ، ڕەحیمی تورگوت، ڕۆژهات تورگوت، دەنیز تورگوت، نەجمەدین تورگوت، نەدیم تورگوت، عیزەدین تورگوت، بەهجەت ئەنگودار، فرات ئەنگودار، دەمهات ئەنگودار، بیرهات ئەنگودار و ئۆزگور انگدار.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، ١٣ کەس لەو دەستگیرکراوانە براون بۆ فەرماندەیی جەندرمەی کسکلی و دواتر براوان بۆ فەرماندەیی جەندرمەى گەڤەر.

بانگەوازی بە دەمەوەچوون لە ڕای گشتی کرا

زۆزان تورگوت و نەڤن تورگوت دوو ژنن و لە دوای دەستگیرکردنیان برابوون بۆ ناوچەی هێرشەکە و دواتر ئازادکران. هاوڵاتیانی گوندی شیشەمزین تا ئێستا لە ژێر گەمارۆی سەربازاندان و هاتوچۆیان لێ قەدەغەکراوە. وتیان، نیگەرانن لە ژیانی دەستگیرکراوەکان و داوای هەستیاری و بە دەمەوەچوونیان لە ڕای گشتی کرد.

ڕاگەیەندراوە، بە هۆی دەستگیرکردنی شوانەکان مەڕەکانی ناوچەکە بێ خاوەن بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان بێسەروشوێن بوون.

ژ.ت