فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین دەستیپێکرد

١١مین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ١٤ی تشرینی یەکەم بە فیلمی (ئەزموون) دەستیپێکرد.

لە فیستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٤٠ فیلم نمایش دەکرێن و وۆرکشۆپ ساز دەکرێن، ئەمساڵ زیاتر باس لە گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵایەتی لە باشوری کوردستان دەکرێت. فیلمی ئەزموون کە لە سەرەتادا نمایشکرا، ئاماژە بە گەندەڵی لە باشوری کوردستان دەکات. محەمەد ئاکتاش دەرهێنەری فیلمەکە باسی ئەوەی کرد، فیلمەکە لەبارەی گەندەڵی لە باشوری کوردستان بەرهەم هێنراوە.

محەمەد ئاکتاش وتی، "گەندەلی بووەتە بەشێک لە ژیان لە باشوری کوردستان. زۆر دەزگای رزاندووە. گەندەلی لە پەروەردەدا لە هەموو شتێک زیاترە."

ئاڤان جەمال ئەکتەری سەرەکی فیلمی ئەزموون باسی لە کارەکتەری شیلان کرد کە لە فیلمەکەدا یاری دەکات.

ئاڤان جەمال وتی، "کارەکتەری شیلان یەکەم ئەزموونی منە لە سینەمادا. بەڵام کاتێک خۆم بۆ فیلمەکە ئامادە دەکرد، بیرم لە رۆژئاوا دەکردەوە. خەیاڵم ئەوەبوو کە بەشداری لە فیلمێکدا بکەم کە رۆڵی شەڕڤانێکی یەپەژە ببینم."

سوئاد ئۆستای سینەماکاریش یەکێک لەو کەسانەیە کە بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵەکە سەردانی بەرلینی کردووە.

سوئاد ئۆستا پێشتر لە فیلمی ١٤ی تەموزدا رۆڵی محەمەد خەیری دورمشی بینیوە، لەم فیستیڤاڵەدا لە فیلمی ' یادەوەریەکانی سەر بەرد'دا ئامادە دەبێت.

لە باکور و باشور و چوار پارچەی کوردستان و جیهان سینەماکاران بەشداریان لە فیستیڤاڵەکەدا کردووە.

ف.ق