یەکێتیی ئەوروپا: هەموو بژاردەکان بەرامبەر بە ئێران لەسەر مێزن

کۆمیساری دادوەریی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنەکەیان ڕێوشوێنەکانی سنووردارکردنی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێران و هەموو بژاردەکانی تری بەردەست بەرامبەر بە ئێران هەڵدەسەنگێنێت.

دیدەر رێندیرس کۆمسیاری دادوەری بە نوێنەرایەتی جۆزێپ بۆریل لە ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری جێگری وەزیری بەرگری پێشوویان ئیدانە دەکەن و داوای لەدەسەڵاتدارانی ئێران کرد، سزای لەسێدارەدان هەڵبگرن.

عەلی ڕەزا ئەکبەری هەم هاوڵاتی ئێرانی و هەم هاوڵاتی بەریتانی بوو و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لە سێدارە درا.

رێندیرس ڕاشیگەیاند، هێشتا بارودۆخی ناوخۆی ئێران مەترسیدارە و وتی: "لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ڕووداوەکان لە  ئێران، هەموو ئەو بژاردەکان لەسەر مێزن".

رێندیرس باسی لەوەشکرد، خۆی بۆ خوی ڕاستەوخۆ چاودێریی دۆسیەی ئێران دەکات و وتی: "ئەنجومەنەکە ڕێوشوێنەکانی سنووردارکردنی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و هەموو بژاردەکانی دیکە بەرامبەر بە ئێران هەڵدەسەنگێنێت".

ژ.ت