یەکگرتنی ژنان گەرەنتیی ئازادییە

هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت چاوپۆشی لێبکات، بەشداری کارا و چالاکی ژنان لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی ئازاد و یەکسانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. ئێدی ژنان بڕیاری بونیادنانی شێوەی ژیانی دیمۆکراتیک و داهاتووی گەشاوەی جیهانیان داوە.

ئەوەی وا دیارە و هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت چاوپۆشی لێبکات، بەشداری کارا و چالاکی ژنان لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی ئازاد و یەکسانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. ئێدی ژنان بڕیاری بونیادنانی شێوەی ژیانی دیمۆکراتیک و داهاتووی گەشاوەی جیهانیان داوە. بەو بڕیارە چارەنووسسازە ئیدی ژنان نایانهەوێ وەکوو رابردوو مێژووی ناحەق و لاسەنگی بە بێ ژن بەردەوام ببێ و هاوکات دەرفەتی ئەوە نادەن کە ببنە سووتەمەنی یەکسەر و نەیەکسەری شەڕ و زۆرخوازی و چاوچنۆکی سیستەمی دەسەڵاتی پیاوسالار. ژنانی ئازادیخواز و تێکۆشەر ئیدی ناهێڵن سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ژنکوژی و دەستدرێژی لە سەر خەیاڵ و هیوای مرۆڤەکان بکرێ.

سەرجەم هێزە دەسەڵاتدارەکان لەم سەردەمە مێژووییەدا بۆ چارەسەر کردنی کێشە ڕۆژانەییەکانی ژیانی کۆمەڵگا تا دەگاتە قەیرانە سیاسی و ئابووریەکان، داماو و بێچارە ماون. ئەمەش نەتەنیا ڕەوا بوون بەڵکوو پێکهاتەی بنەڕەتی ئەو سیستەمانەی خستوەتە ژێر پرسەوەو ڕووبەڕوی داڕمان و هەڵوەشاندنی کردوونەتەوە. سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالار کە هەر ڕۆژە و بە ڕەنگێک خۆی دەنوێنێ، لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ رزگاربوون لەو گێژاو و قەیرانەدا دەس بە داوێنی ژنان بوون. لەو پەڕی دونیاوە سەرپۆش دەدا بە سەر لێکەوتەکانی نەژادپەرەستی، داڕمانی ئەخلاق و لە ناوچوونی سروشت و بۆ دور کردنەوەی ژنان لە هەڵوێستی کنشتگەرانە، لە سەر ناوی جێگری سەرۆک کۆماری، ڕۆڵێکی بەرجەستەی پێدەدا. لەم پەڕی دونیاشەوە بە شێوەێکی هۆستایانە کێشە بنەڕەتیەکان سەراو بن و پەراوێز دەخات. وەک ئەوەی کە چاکەی دەرحەقی ژن کردبێ، بە پێ یاسای بنەڕەتی رەگەزپەرەستانەی گوایا هەندێک هەنگاوی دژبە یەک و ناکۆک هەڵدەگرێت. بە سەر لێشێواویەوە، ئەمە دەخاتە بەر باس و گفتگۆ؛ کە ئایا دەتوانین مافی پالێوراو بوونی سەرۆک کۆماری بە ژن ببەخشن یان نا؟! واتا بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێت. هەم ئەو ماتەوزە ئازادیخوازیەی ژن کە لە سەرتاسەری دونیادا ڕەنگی بەم سەدە بەخشیوە، دەیخاتە ئاسیاوی خۆیەوە، هەمیش بۆ رای گشتی نەرمایی دەنوێنێت و لافی هەڵگرتنی هەنگاوی دیمۆکراتیک لێدەدات. ئاشی دەسەڵات ناتوانێ حەقیقەتی شتەکان بگۆڕێت، بەڵکوو شتەکان وا ورد و خاڵ دەکات کە ئێدی قابلی یەک گرتنەوەی نابێ و چۆنت پێ خۆش بێت دەتوانی بەکاری بهێنیت، هەڵبەت جیا لەگەڕانەوەی ئەو شتە بۆ حاڵەتی دەستپێکی خۆی.

رژێمی داگیرکەری ئێران بەم جۆرە دەیهەوێ ببێتە بەربەست لە بەرانبەر یەکگرتن و کاریگەری ژنان بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دیمۆکراتیک و ژیانێکی ئازاد. ژیانێک کە مرۆڤ و سرووشت، تێدا خاوەن نرخ و رێز بن. جیاوازی و دەوڵەمەندیەکان نیشانە و ئیفادەی ناسنامەیی بن، نەک ببنە هۆکاری هێرش بردنە سەر و داگیرکاری، برسێتی و کڕین و فرۆشتنیان.

ئەمانە زەقترین بەش و خاڵن لەو بابەتانەی کە وا دەسەڵاتەکان سەرەڕای ئەوەی دژ بە یەک لە شەڕی دەسەڵاتی زۆرتردان، دەستیان بە سەردا ناوە و دەیانکەنە ڕۆژەڤ. لە بەرانبەر پرسەکانی کۆمەڵگاوە بە شێوەیەکی هاوبۆچوون، کۆمەڵگای جیهانی سەرقاڵ دەکەن. لەم ئان و ساتەدا ژنان دەبێ وریا و چاوکراوە بن کە سیستەم نەیان کات بە ئامرازێک بۆ درێژە پێدان و دیسانەوە سەلماندنی ڕەوا بوونیان. ئەمە لێهاتوویی و فێڵ و تەڵەکەی دەوڵەتەکانە لە دژی هونەری بەڕێوەبەریدا، کە دەرئەنجامی زهنیەتی ڕەگەزپەرەست و پاوانخوازانەیە. دەسەڵات چ کاتێک بزانێ دۆخەکەی پێ بەڕێوە نابرێت بە هەموو هێزیەوە پەنا بۆ هێرش و تۆقاندنی کۆمەڵگا دەبات، یان ڕۆژەڤی کۆمەڵگا و بە تایبەتی ژنان بە لاڕێدا دەبات.

لە ئەمریکا و ئەوروپا، میسر، تونس، تورکیا، شەنگال، تاران و هند، ژنان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە نالەبارەی کە دەس بە یەخەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە، خۆیان بەرپرسیار دەبینن. سیاسەت و دیپلۆماسی وەکو هێزی گوتار و ئیرادە، تا دەگاتە دام و دەزگا و رێکخراوی مەدەنی، لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندیە ژیانیەکانی کۆمەڵگا دەناسرێت. ئەم دوو بابەتە لە لایەن دەوڵەت و هێزە هەژمۆنگەرا جیهانیەکان کراون بە مکانیزمی دانوستانی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ گوڕکردنی شەڕ و سەرکوت و چەوساندنەوە و داگیرکاری زیاتری کۆمەڵگا. واتا گۆڕەپانێکی دوور لە دەنگ و ڕەنگی ژن و یان هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز. سەرەڕای ئەم راستیە دژوارانەی کە هیوای ژیان لە تاک و کۆمەڵگادا لە بار دەبەن، ژنان بوونەتە هێزی ورە و بوێری راپەڕین و تێکۆشانی سیاسی، دیپلۆماسی و مەدەنیەکان. دەستیان بە سەر خاڵە هەستیار و ئەساسیەکانی کۆمەڵگا ناوە و بەرەو هەڵوێست و ماتەوزەیەکی رادیکاڵ و چالاک هەنگاویان هەڵهێناوە. ئەم هەنگاوە ئەگەر بکەوێتە سەر رێگاێ راستەقینەی خۆی، کۆتایی بە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دەهێنێت کە ژنیان بە کاڵا کردووە. بۆیە کات و ساتەکانی ئەم سەردەمە خوێناوییە بۆ مرۆڤایەتی لێوانلێو بووە لە کارەساتی دەستدرێژی، کردەوەی نادیار، توند و تیژی و دەیان هەواڵی دوور لە عەقڵ و ئاکاری کۆمەڵایەتی. بەم جۆرە هەست و هزری ژنان ماندوو و هیلاک دەبێت و کۆمەڵگاش دەکەوێتە ناو چەرخی رادەستی و چارەنووسی قەدەرگەراییەوە.

ژنان ئەمڕۆ لە شەنگاڵدا سەرمەشقن بۆ نەخشاندنی وێنەی ئیرادە و هەڵوێستی ژیانی ئازاد. بە تەنیا لە سەر ئەزمونی راست دەرخستن لە مێژووی سیستەمی زەوت و تاڵان، توانیویانە ببنە خاوەن هێزی خۆپاراستن، کە هەمان هۆناندنەوەی تا و پۆەکانی تەونی بەڕێوەبەری کۆمەڵگایە. ژنان لە شەنگاڵدا ئەگەر بتوانن لە بەرانبەر مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری نادێمۆکراتیکەوە، ببنە خاوەن پڕۆژە و ئاڵتڕناتیڤی ژیانی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک، ئەوا دەتوانن داخوازەکانیان پەیوەستی داخوازی دێمۆکراتیکی بزووتنەوەی ژنان و گەلانی جیهان بکەن. ناسین و خاوەنداری کردن لە هێزی خۆباوەڕی و ئاستی کۆمەڵایەتی ژنانی شەنگاڵ، بۆ هەر ژنێکی کارا ئەرکێکی مێژوییە. تاکە بژاردەی گەرەنتی سەرکەوتنی ژنان بۆ گۆڕینی ئەم جیهانە نادادپەروەر و پیاوسالارە، یەک ناسین و خۆناسینە. وانەکانی ژیان و بەسەرهاتی تێکۆشانی یەکدی چ وەک تاک و وەک بزووتنەوە، بخوێننەوە. ئاستی چاوکراوەیی لە پاڵ دەرفەتی تەکنۆلۆجیا و زانیاری ژنان زۆر گەشەی کردووە. ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە بزووتنەوە و داخوازی ژنان لە سەرتاسەری جیهان، کاریگەری لە سەر یەکدی دابنێن.

رژێمی داگیرکەری ئێران هەبوونی خۆی لە سەر زهنیەتی رەگەزپەرستی دژە ژن داڕشتووە. ئایین و نەتەوەش لەدەستی رژێم بوونەتە دارە دەستێک بۆ سەپاندنی پێکهاتەی رەگەزپەرستی سەر کۆمەڵگا. بەم شێوەیە تا دەڕوات کاراکتەری پیاوی لە پێگەی مرۆڤ بوون، دین و مەزهەبی لە خودا و پێغەمبەر، نەتەوەشی لە کۆمەڵگا، دابڕاندووە. ئەگەر زیندان بە تایبەت زیندانەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران وەک داخراوترین و تاریکترین شوێن بۆ تێکشکاندن و رادەست بوونی ئیرادەی مرۆڤ پێناسە بکەین، ژنانی زیندانی سیاسی، رەوشی خۆیان لە دۆخێکی تاوانباری و بێچارەیی، بەرەو دۆخی ئازایانە و لێهاتووانە وەرچەرخاندووە. رێبەر ئاپۆ دەڵێت: “لە شوێنێک چەندە زەخت و گوشار هەبێت، ئەوەندە ویستی ئازادی و خۆڕاگری بەرزتر دەبێت”.

لەبنەڕەتدا پەرتەوازە بوون و دەستگرانی بزووتنەوەی ژنان و زۆر جاریش تێکۆشانی تاکەکەسی چالاکوانانی ژن، لە مێژووی تێکۆشانی ژنانی ئێرانی، وەک دیارە، جێگا دەگۆڕێت و دەگاتە ئەو پەڕی واتای سنوور و دیوارە بەربەستەکان. ژنی پێشەنگ لە زیندانەکان دەردەکەون و کاریگەری لەسەر تۆخ کردنی تێکۆشانی ژنان و رەوتی کۆمەڵگا دادەنێت. ژنان لە زینداندا دەمامکی رۆخساری رژێمیان داماڵی و لەگەڵ راستی زهنیەتی دژە ژنی رژێم ئاشنا بوون. کاربەدەستانی رژێم هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێ یان لە درووست بوونی شوێن و پێگەی خۆسەری ژنان کە داخواز و خەیاڵەکانیان بۆ ژیان و داهاتوو یەکدەخەن، لێنیشتووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ترس و دڵەڕاوکێ سەرلێشێواوی بە دوای خۆی دێنێت. لەئەمڕۆدا ژنان بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە زیندانیان کردووەتە شوێنێکی خۆسەری تێکۆشان. ئەو شوێنەی کە تێیدا ژنان بە پەروەردە و گوت و بێژ هێزی خۆیان رێکدەخەن و دەبنە وڵامدەری سەرجەم پرس و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی ژنان. رژێم بەم پێشکەوتن و دەسکەوتانەی ژنان کە تا دەڕوات دەبێ بە ناسنامە و بەرەو یەکگرتنیان دەبات، قەڵس و تەنگاو بووە. بۆیە دەبێ بەردانی ژنە زیندانی سیاسی، نەرگس موحەممەدی وەک هەنگاوی کراوە بەرەو رێکخستن بوونی ژنان پێناسەی لەسەر نەکرێ، چون رژێم چ کاتێک هەست بە مەترسیدار بوونی ئەو کەسایەتیانە بکات، دیسانەوە دەتوانێت قۆڵبەستی گرتووخانەیان بکات. بۆیە دەبێ ئەو کردەوەیە وەک دەستپێکردنی پێواژۆیەکی نوێ لە سیاسەتە فریوکارانەکانی رژێم دژ بە ژنان لەقەڵەم بدەین. شوێن گۆڕینی نەسرین ستودە لەم زیندان بۆ ئەو زیندان و هەروەها بە شێوەێکی پیلان بۆ داڕێژراو لێدانی زەینەب جەلالیان بە ئامانجی کوشتن و لەناو بردنی بە دەست بەندکراوی وبەندکردنی لەلای کەسانی تاوانبار بە قەتل، لە هەوڵی تێکبردن و پەرتەوازەکردن و بێ کاریگەری کردنی ئەم ژنە پێشەنگانەیە.

دوا بە دوای ئەم کردەوانە و سەدان کردەوەی دژە مرۆڤانەی رژێم لەدژی گیراوان، کردەوەی نادیار (فاعلی مەجهول) لە دژی چالاکوانانی سیاسی – کۆمەڵایەتی ژنان و جەوانان لە هەرێمەکانی بەلووچستان، سنە و کرماشان روویاندا. ئیدی گرتووخانە ناتوانێت لەمپەڕ لەبەرامبەر تێکۆشانی ژنان درووست بکات. بۆیە چەکبەدەستانی رژێم پەنایان بردوەتە بەر تیرۆر و ڕەشەکوژی ژنان. درێژە پێدان و گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم خۆڕاگرییە مێژووییانە، پێویستی بە وریایی و سووربوونی ژنان لەگەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. دەبێ ژنان کردەوەکانی رژێم بە وردی چاودێری بکەن و ئەم راستیە لە یاد نەکەن کە بەردەوام لە قۆناخە هەستیارە مێژوییەکاندا، ئەوەی کە مۆری خۆی لە وەرچەرخانە دیمۆکراتیەکان داوە، ژنان و جەوانان بوون. هەڵبەت ئەگەر ئەو هێز فراوان و گشتگیر ببێ، بناسرێن و یەکبگرن و خۆیان رێکبخەن و خاوەندارێتی لەدەستکەوت و رەنجی یەکدی بکەن، لەداهاتووی ئێران شوێنپەنجەیان رەنگین و چارەنووسساز دەبێ.

لە هەر سەردەمێکدا کە ژنان ئاکتیڤ و پڕ ڕەنگ بەشداری هەمەلایەنەیان لە تێکۆشان و خەباتە کۆمەڵایەتیەکان کردبێت، رژێم بابەتێکی بچووک لە داخوازیەکانیان بەرجستە دەکات. بە درێژایی کاتیش رژێم ئەو بابەتە ناگەیەنێتە پێگەیەکی مافدار، یاسایی و چارەسەریەکی رووناکی بۆ دانانێت. ئەم هەوڵە چەواشەکاریانەی رژێم، تەنانەت رۆخسارەکەیشی ناگۆڕدرێت. سەردەمێک کە ژنان لە ئێراندا، ئاکتەری دیار و قارەمانی مەیدانی وەرزشە جۆراوجۆرەکانن، ئامادە بوونی ژنان لەیانە وەرزشیەکان بۆ سەیر کردنی کێبڕکێ تۆپی پێ دەکاتە بابەتێکی گەرم و گوڕی کۆمەڵگا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە کۆمەڵگایەکی یەکسان و سیستەمێکی دیمۆکراتیکدا، ئەوە مافێکی سرووشتی و حاشا هەڵنەگری ژنانە کە نابێ قسەو باسی لەسەر بکرێت. بەڵام رژێم بە وردی و وەستایانە و بە شێوەیەکی هەستیار درێژە بە زهنیەتی دۆگم و چوارچێوەی تەسکی ئایدئۆلۆژی ولایەتی مۆتلەقەی فەقی دەدا و سوورە لە سەرکوتکاری و کۆمەڵکوژکردنی ژنان. سەرەکیترین و سرووشتی ترین مافەکانی ژنانی هەر لە دەسپێکی هاتنە سەر دەسەڵاتەوە، خستۆتە بەر باس و دەستوری کاری خۆێەوە و مافی ژنان بە تەشی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەیڕێسێت. سەرجەم داب و نەریتە کۆن و دواکەوتووەکانی زیهنیەتی پیاوسالار گەشتر دەکات ئاگر بە پووش و پوڵاشەوە دەنێت و خەرمانی پڕ پیت و بەرەکەتی چاند و ژیانی ژنان و کۆمەڵگا لەناو ئاگری فاشیزمی مەزهەبی دەسوتێنێت. زۆر بە کراوەیی و لە بەر چاوی رای گشتی جیهانەوە کۆمەڵگا دەکاتە جانەوەرێکی دڕندە و بەری دەداتە گیانی ژنان.

مزگەوت لەئەدەبیاتی کۆمەڵگای گەلانی ئێران دەبێ شوێنی چارەسەری و گوت و بێژ و بیرکردنەوەی پاک و بێگەردی مرۆڤەکان بێت و جوانترین شێوەی ژیانی مرۆڤ و خەیاڵی خاوێنی تێدا گەشە و پەرە بسێنێت، بەڵام لەلایەن مەلاکانی رژێمەوە کراوەتە ناوەندی بڕیار دەرکردنی دژە ژن و نائارام کردنی کۆمەڵگا. لێکەوتەکانی ئەم زهنیەتە هەر جارەو لەقوژبنێکی ئێران قوربانیەکی لێدەکەوێتەوە. ئەو زهنیەتەش هەر جۆرە دەستدرێژی و کوشتنی ژنانی رەوا کردووە. تا ئەو ئاستەی کە ژن دەست لە مافی رەوا و لەگۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان هەڵبگرێت.

بەرنامە و کۆبونەوەکانی رژێم بۆ نوێ کردنەوەی سیستەمی پەروەردەیی، جارو بار بە بیانووی جیاوازی رەگەزی و دوور خستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی زانست کۆتایی پێدێت. جارێکیش بە تەواوەتی ناوەڕۆک و رواڵەتی ماتێریاڵە پەروەردەیەکان، بۆ حاشا کردن، دەرکردن و لە بیرکردنی بەشداری بەرچاوی ژنان لە گۆڕەپانی زانستدا دەگۆڕێت. ماوەی چل ساڵە رژێم هەوڵ دەدات بە رێگای سیستەمی پەروەردەوە، جەستەو رەوانی ژن بە کراسی زهنیەتی پیاوسالاری داپۆشیت، لەکاتێکدا ئەو کراسە لەرزیندایە و رژێم ناتوانێ بە بەرگی دەسەڵاتداری، ژنان لەتێکۆشانیان پاشگەز بکاتەوە.

دەوڵەتێک کە لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و ناونەتەوەییدا گۆشەگیر کراوە و لە ناوخۆشەوە گەلان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دژ بەو دەسەڵاتە گەندەڵە ناڕازیین، لە دوا هەناسەکانی دەسەڵاتداری بە سەر دەبات. رژێم بە خڕکردنەوەی بە ناو کەسانی ئەرازل و ئۆباش کە بەرهەمی سیاسەتە هەڵە و بەرژەوندیخوازی خودی رژێمە، سوپای سەرکوت و داپڵۆسێنەری کۆمەڵگا نۆژەن دەکاتەوە و ئەو هێزەش بۆ سەرکوت و قڕکردنی ژنان وەگەڕ دەخاتەوە. بناخەی رژێم کە لەسەر نکۆڵیکردنی ژن و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی نادادپەروەر و پیاوسالار دامەزراندووە، رەگەزگەرا و پیرسالار و ژنکوژە. بۆیە لەم قۆناخەدا کە رژێم لە قەیراناویترین سەردەمی دەسەڵاتداری خۆی بە سەر دەبات، کرانەوەی دیمۆکراسی لەچوارچێوەی زهنیەتی حاکم لەئێران واقع بینانە نابێت. یان چاوەڕوانی لە دەستێوەردانی دەرەکی بۆ سەر ئێران نە دەرگا بۆ کرانەوەی دیمۆکراسی ئاوەڵا دەکات و نە دەرفەتی دەستەبەرکردنی مافی ژنان خۆش دەکات. ئەو هێزەی کە دەتوانێت بڕیاری گەرەنتیکردنی ژیانی ئازادمان پێ ببەخشێ و وڵامدەری پرسەکانمان بێت، هێزی گەوهەری خودی ژنانە. گردبوونەوەی ژنان لەژێر ناوی پلاتفۆرمی دیمۆکراتیکی ژنان، سەرکەوتنمان گەرەنتی دەکات.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کەژار بە درووشمی؛ “لەدژی قڕ کردن و داگیرکاری سەر ژنان، ژیانی ئازاد بپارێزین”، پاڵپشتی هەڵمەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک کرد کە بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە ” دەستی پێکردووە. ئەم هەڵمەتە مێژووییە ئەگەر لەسەرتاسەری ئێران بەر بڵاو ببێت و ژنانی ئێرانی بە بێ جیاوازی لە سەر ژانە هاوبەشەکانیان یەکدەنگ و یەکبگرن و پاڵپشتی یەک بکەن، دەتوانن شار و لادێکان بە رەنگ و دەنگی ژن بخەمڵێنن و کۆتایی بە داگیرکەری جەستە و رۆح و رەوانی سەر ژن بهێنن.

ژ.ت