نەرگس محەمەدی: لە ئێران شەڕێکی مەزن دژی ژنان هەیە

خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نەرگس محەمەدی کە لە ساڵی ٢٠٢١ ـەوە لە تاران زیندانیکراوە، بانگەوازی سەرهەڵدانی کرد بەرامبەر "شەڕی مەزن دژی ژنان".

 

لایەنگرانی نەرگس محەمەدی پەیامێکی دەنگیان بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا هاتووە: "ژنان و پیاوانی ئێران، هونەرمەند و ڕۆشبیر و کرێکار و مامۆستا و خوێندکاران، لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات، بانگەوازتان لێ دەکەم بەرامبەر شەڕی دژی ژنان بوەستنەوە". 

چالاکوانی مافەکانی ژنان ناڕەزایەتی دەربڕی دژی شەڕی دەسەڵاتی ئێران و گوتی: "لە هەموو شەقامێکی ئێران شەڕێکی مەزن دژی هەموو ژنان بەڕێوەدەچێت".

نەرگس محەمەدی داوای لە ژنان کرد هەرشتێک بەسەریاندا دێت لەشێوەی لێدان و سوکایەتی و دەستدرێژی لەلایەن بەرپرسانەوە، بینێرن بۆ هەژمارەکەی لە ئینستاگرام و بڵاوی بکەنەوە، تاوەکو ستەمی حکومەت ئاشکرا بکەن.

بەگوێرەی چالاکوانان بەم دواییانە گرتنی ژنان و بردنیان بۆ بنکەکانی پۆلیس لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە زیاتر بووە، بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگی "شەڕی دژی ژنان" دەستی پێ کرد.

ڕاگەیاندراوە نەرگس محەمەدی ئەم پەیامەی لە زیندانی ئەڤین تۆمار کردووە. نەرگس محەمەدی ٥ مانگە کارتی تەلەفۆنی لێ قەدەغەکراوە، بۆیە کارتی زیندانییەکی دیکەی بەکارهێناوە.

لە مانگی نیسان پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند کۆنتڕۆڵی خۆیان بۆ سەپاندنی سەرپۆشی ژنان زیاتر دەکەن. لە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ بەدواوە، ژنان ناچارن لە شوێنە گشتییەکان قژیان داپۆشن. کچە کورد، ژینا ئەمینی بەهۆی پێشێلکردنی یاسای توندی جلوبەرگی وڵاتەکە، لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا و کوژرا. پاش ئەم ڕووداوە، سەرهەڵدانێکی بێ وێنە دەستی پێ کرد.