یەژەکە-ئەڵمانیا داوای بەشداری لە هەڵمەتی ناردنی نامە بۆ سی پی تی کرد

یەژەکە داوا لە هەموو لایەک دەکات، بەشداری لە هەڵمەتی ناردنی نامە بۆ سی پی تی بکەن لە دژی گۆشەگیری ئیمرالی.

هەڵمەتی ناردنی نامە بۆ سی پی تی

یەکیەتیی ژنانی کوردی ئەڵمانیا (یەژەکە-ئە) دژ بە سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمرالی داوای بەشداری لە هەڵمەتی نامە ناردن بۆ سی پی تی کرد.

دەقی ڕاگەیاندنەکە وەهایە:

"سەلمێنراوە کە وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ بە بێدەنگی خۆیان ڕێگەیان بۆ پێشێل کارییەکانی تورکیا خۆش کردووە و بوونەتە هاوبەشی ئەم تاوانە. هەروەها پێویستە سی پی تی زانیاری ڕاست و دروست بداتە گەلی کورد. سی پی تی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیمرالی لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕاپۆرتی خۆی تا ئێستا بۆ ڕای گشتی بڵاوی نەکردووەتەوە. ئەمەش لە لایەن گەلی کوردەوە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

بۆ ئەوەی سی پی تی ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بکات، ئێمە وەک یەژەکە-ئە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تەژەکە-ئە، هەڵمەتی نامە ناردنمان بۆ سی پی تی، ئەوروپا دەست پێکردووە. لە هەفتەی یەکەمی کەمپینەکەدا ئەنجومەنەکانی ژنان بە دروشمی؛ 'ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمەیە" بە پاڵپشتییەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو و ١٠٧١ نامە ڕەوانە کراون.

چالاکی و هەڵمەتەکانمان تا مسۆگەر کردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت. ئێمە وەک ژنان هەموو مافە دیموکراتیکەکانمان لە دژی  سیاسەتە کۆمەڵکوژییەکان کە دەیانەوێت لەسەر ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێی بکەن، بەکاردەهێنین. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەماندا درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین، داوا لە هەموو ژنان و ڕێکخراوەکان دەکەین کە بەشدار بن لە هەڵمەتی ناردنی نامە بۆ سی پی تی.