سه‌دان هه‌زار كه‌س له ئه‌مه‌ریكا دژی هه‌ڵگرتنی چه‌ك ڕژانه مه‌یدانه‌كان
چالاكیی خوێندكاران له دژی هه‌ڵگرتنی چه‌ك، كه پاش كۆمه‌ڵكوژی پاركلاند ده‌ستی پێكرد، ئاپۆرائاسا به‌رده‌وامه و سه‌دان هه‌زار كه‌س ڕژانه مه‌یدانه‌كان.
چالاكیی خوێندكاران له دژی هه‌ڵگرتنی چه‌ك، كه پاش كۆمه‌ڵكوژی پاركلاند ده‌ستی پێكرد، ئاپۆرائاسا به‌رده‌وامه و سه‌دان هه‌زار كه‌س ڕژانه مه‌یدانه‌كان.
ڕۆژی ١٤ی شوبات له پاركلاند-ی فلۆریدا هێرشێكی چه‌كداری كرایه‌سه‌ر خوێندنگه‌یه‌كی ئاماده‌یی و به‌هۆیه‌وه ١٧ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. له دوای ئه‌و هێرشه خوێندكاران له دژی هه‌ڵگرتنی چه‌ك ده‌ستیان به چالاكی كرد و داوا ده‌كه‌ن به قانوون رێگری له هه‌ڵگرتنی چه‌ك بكرێت و ڕێ له ڕووداوه‌كانی كوشتن بگیرێت. چالاكییه‌كان كه له لایه‌ن March For Our Lives (ڕێپێوان بۆ ژیانی ئێمه) ساز ده‌كرێن، پشتگیریی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا له ئاستی ئه‌مه‌ریكا و جیهان.
سه‌دان هه‌زار كه‌س له واشنتۆن ڕژانه مه‌یدانه‌كان
بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له مه‌یدانی كاپیتۆل-ی شاری واشنتۆنی پایته‌خت خۆپیشاندانێك ساز كرا و سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌شدار بوون. خوێندكاران كه له چالاكییه‌كه‌دا به‌شداربوون گوتیان «ئیدی به‌سه».
نه‌وه‌ی بچووكی مارتین لۆسه‌ر كینگ، پارێزه‌ری مافه‌كانی ڕه‌شپێسته‌كان كه ٥٠ ساڵ به‌ر له ئێستا كوژرا، له خۆپیشاندانه‌كه قسه‌ی كرد و وتی: خه‌ون و خه‌یاڵێكم هه‌یه، ئیدی به‌سه.
له شاره گه‌وره‌كان خۆپیشاندانی به‌رفره‌وان ساز كران
له شاره‌كانی شیكاگۆ، بۆستۆن، فیلادیلفیا، میامی، لۆس ئه‌نجلس، نیۆرك، مینیا‌پۆلس ده‌یان شاری دیكه خۆپیشاندانی به‌رفره‌وان به‌ڕێوه‌چوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خۆپیشانده‌ران خوێندكار بوون، ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ته‌مه‌ن جیاواز به‌شدار بوون. له چالاكییه‌كاندا داوا له سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ندامانی كۆنگرێس كرا به ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی خۆیان هه‌ستن.
له لایه‌كی دیكه‌وه له ئه‌ڵمانیا و زۆر وه‌ڵاتی دیكه چالاكیی جۆراوجۆر سازكران به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردنی خوێندكارانی ئه‌مه‌ریكا و داوایان كرد داواكارییه‌كانی خوێندكاران جێبه‌جێ بكرێن.
له ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌پێی قانوون مرۆڤ ده‌توانێ به‌ئاسانی ببێته خاوه‌نی چه‌ك. ساڵانه به‌هۆی هێرشی چه‌كداری له ئه‌مه‌ریكا ٣٠ هه‌زار كه‌س ده‌كوژرێت.
s.m