مانگرتن لە خواردن بۆ عەفرین لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان بەردەوامە
پەرلەمانتارانی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (ھەدەپە)، بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا.
پەرلەمانتارانی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (ھەدەپە)، بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا.
مانگرتووەکان بە شایی و ئاھەنگ نەورۆزیان پیرۆز کرد و داوای دەستوەردانی بەپەلەی ھێزە نێودەوڵەتییەکانیان کرد بۆ وەستانی ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر ھاووڵاتیانی عەفرین ئەنجام دەدرێت.
پەرلەمانتارانى هەدەپە، هاوسەرۆک شارەوانییەکان، نوسەران و ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم بینای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژنێڤی سویسرا، لە پێناو ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژکردنی ھاوڵاتیانی سڤیلی عەفرین داواکارن بە پەلە نەتەوە یەکگرتوەکان سنوورێک بۆ ھێرشە و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا دابنێت و ئاسمانی عەفرین بەڕوی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیادا دابخات.
مانگرتنەکە لە رۆژى دووشەممەوە بەردەوامە و تیایدا دروشمەکانى "بژى بەرخۆدانى عەفرین"، "هەموو شوێنێک عەفرینە و لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان"، "نەتەوە یەکگرتووەکان نەبە بە هاوبەشى تاوان" و "داگیرکەرییەکەى ڕاوەستێنن"یان بەرزکردبووە.
لقى گەنجانى حزبى سۆسیالیستى سویسرا (JUSO) سەردانى مانگرتووانى کرد و ڕایانگەیاند، پشتگیرییان بۆ گەلى کورد زیاتر و بەهێزتر دەکەن.
هەروەها ستیڤان دیمستورا نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا، سەردانی مانگرتوەکانی کردووە و داواکاریەکانی لێوەر گرتون.
داواکاری پەرلەمانتارە مانگرتوەکان بریتییە لە :-
- دانانی ناوچەی دژە فڕین لە ئاسمانی سوریا
- ناردنی شاندێک لە نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بۆ چاودێریکردنى دۆخی عەفرین
- مانگی سوری نێودەوڵەتی ھاوکاری بگەیەنێتە لێقەوماوانی عەفرین و بە ئەرکی مرۆیی خۆی ھەستێت
- زەمانەت و گرەنتیى گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت بۆ نێو شاری عەفرین
- ڕێگری لە گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین بکرێت و ڕێگا نەدرێت کەسانى تر جگە لە هاووڵاتیانى عەفرین، لە عەفرین نیشتەجێ بکرێن
- دروستکردنی لیژنەیەکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی عەفرین و پێشکەشکردنی بەڵگەکان بە دادگای نێودەوڵەتی.
ک.ئ
ر.م