دامەزراوە ئەتۆمییەکان زیانی زۆری پێگەیشتووە، دانوستانەکان وەستێنراون

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران ئەمڕۆش بەردەوام بوون. زیانی مەزن گەیشتوون بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێدەچێت شەڕ و پێکدادانەکان قووڵتر ببنەوە.

شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل

ئەو وێنە سەتەلایتییانەی کە ئەمڕۆ لەلایەن (Maxar Technologies) بڵاوکرانەوە، نیشانی دەدەن کە زیانی مەزن گەیشتووە بە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزی ئێران، هێشتا دووکەڵ و ئاگر لەو شوێنانە بەرز دەبنەوە. ئەم دامەزراوەیە بۆ پەرەپێدانی سووتەمەنی فڕۆکە بەکاردێت و ئێران ٦٠٪ی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لەو دامەزراوەیەدا بەئەنجام دەگەیەنێت.

بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی (IAEA) ڕافائیل گرۆسی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بەشی سەرەوەی دامەزراوەکە بە تەواوەتی وێران بووە.

کەناڵی بی بی سی، دیمەنی تەقینەوەی نزیک فڕۆکەخانەی میهرابادی ئێرانی پشتڕاست کردەوە. بەگوێرەی دیمەنەکانی میدیای دیجیتاڵ دووکەڵی ڕەش لە دوو شوێن بەدی دەکرێت، میدیای ئێران ڕایگەیاند بنکەی هێزی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.

هەرچەند بەرپرسانی ئێران ڕایدەگەیەنن کە دامەزراوەی پەرەپێدانی یۆرانیۆمی فۆردو بەئامانج گیراوە، سوپای ئیسرائیل ئەم بانگەشەیەی ڕەتکردەوە. بەگوێرەی وێنە سەتەلایتییەکان، زیانی ئەوتۆ بە فۆردۆ و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تری ئەو ناوچەیە نەکەوتووە.

سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامێکی "بەهێزتر و توندتر" دەدەنەوە.

ئیسرائیل: هەموو ئەو شوێنانەی لە ئێران دەیانکەینە ئامانج، ئامانجی ڕەوان

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو ڕایگەیاند ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر بۆ لەناوبردنی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە، گوتی: "هەموو دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ڕژێمی ئایەتوڵڵا ئامانجی ئێمەن. بەم نزیکانە فڕۆکەی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئێران دەبینن".

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە ١٥٠ شوێن کراونەتە ئامانج، لانی کەم ٢٠ فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران، لەنێویاندا سەرۆکی ئیتڵاعاتی فەرماندەیی گشتی ئێران غوڵام‌ڕەزا مێهرابی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان مەهدی ڕەبانی کوژراون.

کۆبوونەوەکان دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵوەشانەوە

کۆبوونەوەکان دەربارەیو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئەمریکا و ئێران کە بڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممە لە عومان بکرایە، هەڵوەشایەوە. وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە ناکرێت، بەڵام هێشتا دەرگا بۆ چارەسەری دیپلۆماسی کراوەیە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند لەم هەلومەرجەدا، دانوستان "بێ مانایە" و بەهۆی پشتگیری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، بناغەیەک بۆ دانوستان نەماوە.